رێگە بەشاسوار عەبدولواحید بدەن

15/08/2019

هونەر حەمەڕەشید

هەرچەندە لەنزیكەوە كارم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدو جوڵانەوەكەی نەكردووە، بەڵام بەحكومی بوونی چەندین دۆست‌و هاوڕێ‌، كە لەنزیكەوە كاریان لەگەڵ ناوبراو كردووە، بەوردی ئاگاداری سیاسەت‌و شێوازی كاركردنەكانیم.

شاسوار عەبدولواحید، چ لە بواری بازرگانی، چ لەمیدیاو راگەیاندن‌و سیاسەتیش، كە بەم دواییە دەستی داوەتێ‌ موزایەدەچییەكی عەیار بیست‌و چوارە، بۆ ئەوەش چەندین بەڵگەیە هەیە، كە دەرفەت نییە لێرەدا باسی هەموویان بكەین‌و تەنیا یەك موزایەدە دەخەینەڕوو.

بەڵگەیەكی روون، كە خۆم بەوردی ئاگاداریم، زستانی رابردوو، كاتێك بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، زۆرێك لەچاڵ‌و چۆڵییەكانی رێگەوبانەكانی ناو شاری سلێمانی‌و دەرەوەی شار دەركەوتن، شاسوار لەرێگەی میدیاكەی‌و ئەو تۆڕە فراوانەی لەسۆسیال میدیا هەیبوو، دەستی بەهەڵمەتێك كرد، كە دەست دەكەن بەچاككردنی ئەو چاڵ‌و چۆڵییانە.
 
دوای هەڵمەتە میدیاییەكە، كە تەنیا بانگەشە بوو هیچی تر، چونكە كورد دەڵێت: "بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنییەتی"، شاسوار دوو شوێنی لەناو شاری سلێمانی چاكرد، كە دوو چاڵ بوون، یەكێكیان لە بەردەم خانەقای سلێمانی‌و ئەوی تریش چاڵێكی بەردەم دەرگا گەورەكەی گوندی ئەڵمانی بوو، ئەوەشی كردە هەڵمەتێكی فراوان‌و لەمیدیاو سۆسیال میدیا تا گیانی تێدابوو بانگەشەی بۆ كرد.

جگە لەو دوو چاڵە، بە تەحەداوە بەشاسوارو ئەوانەش دەڵێم، كە هەڵمەتە زەبەلاحە میدیاییەكەیان بۆ بەرێوەبرد، تەنیا یەك شوێنی ترم پێ بڵێن، چاكیان كردبێت، لەكاتێكدا ئەوان دەیان وت، ئێمە هەموو چاڵ‌و چۆڵییەكانی ناو شاری سلێمانی‌و دەرەوەی شاریش چاك دەكەین، ئەی بۆ چاكتان نەكرد؟ كێ‌ دەستی گرتبوون؟ خۆ ئێستاشی لەسەر بێت زۆربەی ئەو چاڵ‌و چۆڵیانە ماون.

ئەم نووسینەم بۆ ئەوەیە، چەند رۆژێكە شاسوار و تیمە زەبەلاحە میدیاییەكەی، بەتایبەتی لەسۆسیال میدیا دەستیان بەهەڵمەتێك كردووە، كە گوایە دەست دەكەن بەچاكردنی تونێلی دەربەندیخان، بەڵام هەمیشە لەپەراوێزی هەڵمەتەكەیان بیانووی ئەوە دەهێننەوە، ئەگەر رێگەیان پێبدەن.

لێرەوە داوا دەكەین، هیچ كەسێك رێگری نەكات، لەشاسوارو تیمەكەی، بۆ ئەوەی دەست بەچاكردنی تونێلی دەربەندیخان‌و نۆژەنكردنەوەی رێگەكەی بكەن، كە دڵنیام نایكەن‌و وەك هەمیشە موزایەدەیەكی ترە دەیخەنە سەر موزایدەكانی پێشووی.

شاسوار عەبدولواحید، ئەگەر لەهەوڵ‌و خەمی چاككردنی ژێرخانی ئابووری‌و دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانە، با سەرەتا لەخۆی‌و پرۆژەكانییەوە دەستپێبكات، با دۆخی كارمەندەكانی كەناڵی ئێن ئارتی باش بكات، با پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند بدات‌و چیتر بەكارتی یاریكردن یاری بەهەستیان نەكات، ئینجا بێت باسی چاكردنی شتی تر بكات.

هونەر حەمەڕەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی