واز لەم (خاکەنازە )بێنن!

18/08/2019

بێستون حەمەساڵح


عەرەب وتەنی (من بره هالله هالله ومن جوه يعلم الله)!....

لەسەر نەخشەی جوگرافیا ھەرێم بوقعەیەکە  ھێندە بەرتەسک بۆتەوە ،پێت وایە بەشێکی دانەبڕاوی لە تورکیا،سەروەریت دۆڕاوە،سیاسەت شکست،ئیدارەدان فرۆشراوە،ژێر زەویت تا پەنجا ساڵی داھاتو بەقومارێکی خێزانی لەوارەکەشیان داوە،سەرزەویت بە زیاتر لە چواردە قاعیدەی سوپاکەی ئۆردوغان و میت تەنراوە،ڕۆژ نیە ھاوڵاتیەکی ئەم ھەرێمە بەتۆپ و فڕۆکەی تورک شەھید نەبێت،ئابوریت گیرفان و قاسەیەکی بێ کلیل و بەتاڵە،ئیرادە و بەرنامەو ستراتیژیەت فەوتاوە...
وەرە بۆ ئەملا...
ئەی خاکەناز بەدەستەکان....
ڕێک ئەم دەڤەرە بەشی جمھوری ئیسلامی ئێرانە....

کوردستان بە فشەی خاکەنازێکی دەستی  ئێوە تازە سەوز نابێت،درۆو دەسەلەتان کردووە بەماڵە باجێنە ماڵ خەرابینە!....
جارێ ئابوری سەوز بکەن...
برەو بە پیشەسازی و کشتوکاڵ بدەن....

من نازانم ئێوەچۆن ڕێگە بەخۆتان ئەدەن پاش نۆ کابینە و پێنج خولی پەرلەمان ھێشتا درۆ بەدرۆ پاساو ئەکەن؟!....

بەشەرەفتان تانەی ڕەشی دیموکراسی نیە سیاسەتتان بدەنە دەست باھۆزی ھەندێک مەلای ھەلپەرست و مشەخۆر و ڕۆژانە ئاشوب لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دروست دەکەن لە پێناو مانەوەی خۆتان؟!...
بەشەرەفتان عەیب نیە گەعدە بەماڵی گشتی بۆشەوەسورەکانتان بۆ ناوھێنان و پیاھەڵدانتان چی لۆتی و دەم ڕووت و پاتاڵ ھەیە کردوتانن بە ڕەقەم،کار بەوە گەیشتوە لەوەش مونافەسەی ناشەریفانە دەکەن؟!....

ئێوە لە جوانی ھونەر و پەیامی خۆشەویستی ئایینەکان چوزانن؟!....

ئێوە لەقەڵەم و مۆرکی چاکسازی تێدەگەن؟؛...
وەرن فەسادی مەنسوب و مەحسوبی حزبەکانتان و مەکتەبیەت  کۆت و بەند بکەن و بیدەنە دەستەی دەست پاکی دەستەیەک کە حساب بۆ فیل نەکات نەک کارتۆنی!...

وەرن کۆمپانیای حزبەکانتان ڕێک بخەن و بەدامەزراوەی بکەن!....
وەرن دەست لە بیناقاقای بازاڕ ھەڵگرن!...
وەرن کەسی موناسیب لە شوێنی موناسیب تەشخیس بکەن!...
وەرن لەبری حزب بەرنامەو ئیرادەی ستراتیژی داڕێژن و ئیدارەدان بەدامەزراوە بکەن!...
وەرن ئەو ھەموو ملیارلێر و ملیۆنێرەی ھەڵتۆقیون بانگێھێشتی دادگەی عادیلانە و دادگەی گەل بکەن!...
بزانن کامیان نان و  پولی حەڵاڵ لە سەر سفرە و لەناو ماڵیان ھەیە؟!...
ھۆ خاکەناز بەدەستەکان.....
وەرن گیانی لێبوردەیی بکەنە کەلتور دور لەڕق و بوغز و کینە...
وەرن ئاشتی و دادی کۆمەڵایەتی تەبەنی بکەن...
وەرن موچەی پلە تایبەت مەھێڵن و بەقانونی بکەن...
وەرن موچە و حیمایەی سەران و دەستەو دائیرە و حاشیەتان پاکتاو بکەن...
وەرن بندیوار و بەکرێگیراو لالغاوە بکەن!...
وەرن واز لەمیراتگری خەلەف و سەلەف لە حوکمڕانیدا بھێنن!...
موختەسەر موفید:
خۆزگە دەمبینی مەسئولێک ئەم داوایەی ڕەد ئەکردەوە!....

واز لەم خاکەنازە درۆیە بھێنن کوردستان ئاوا سەوز نابێت!
کوردستان وەک سەرەتایەک بەوەی باسمکرد سەوز دەبێت!...
مالک بن نبی بیرمەند وتویەتی:
(جەھالەت لە ناوەڕۆکی حەقیقەتیدا دروستکردنی بتە ،چونکە ھیچ فکرێک بەرھەم ناھێنێت بەڵکو بت و بتەوان  شاباش دەکات)!...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی