دیسان قەییوم و كودەتای سپی ئەردۆغان

19/08/2019

هیوا سەید سەلیم

توركیا لە شەستەكانی ئەم سەدەیە بە وڵاتی كودەتاكان ناسرابوو، لەو كاتەدا هەر كاتێك سەرباز حوكمی ئەو وڵاتەیان بەدڵ نەبایە ئەوا كودەتایان بەسەر دەسەڵاتدا دەكرد،  وە دەرگای زیندانیان بەڕوووی دەسەلاتداران دەكردەوە،  وە هەمیشەش بیانوویان بۆ ئەو كارە بریتی بوو لەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆتە مەترسی بەسەر بنەماكانی علمانیەت و كەمالیزم لە توركیا.

 دوای ئەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لە دوای ساڵی 2001دەسەڵاتی لە توركیا گرتە دەست، ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر تا ئەمانیش بەدەردی ئەوانی پێش خۆیان نەچن،  وە نەبنە قوربانی كودەتایەكی سەربازی، بەڵام لە ماوەی ساڵانی حوكمڕانی ئەكەپە كودەتاكان گۆڕانیان بەسەر داهات،  وە كودتاكان چوونە چوارچێوەی سیناریۆی خودی دەسەڵاتداران لە توركیا.

لە 15 تەمووزی 2016 لە سیناریۆیەكی گوماناوی ئەردۆغان بەناوی كودەتایی سەربازی كە لە دژی ئەنجام دراوە،  توركیا كردە زیندانێكی گەورەی سیاسی، بە شێوەیەك كە لەو كاتەوە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە چین و توێژە جیاجیاكانی توركیا لە (فەرمانبەری ئلسایی بگرە،  تا دادوەر و پەرلەمانتار و نووسەر و ئەكادیمی ...هتدا) خراونەتە ناو زیندانەكانی توركیا.

رۆژی 19( ئابی 2019)ش،  ئەردۆغان و حزبەكەی پەنایان بردە بەر جۆرێكی تازە لە كودەتا،  كە قوربانیەكانی ناویان ناوە كودەتایی سپی، ئەویش بە لادانی سێ سەرۆك شارەوانی لە گەورە شارەوانیەكانی ( ئامەد ، وان ، ماردین) لە جێدانانی قەییوم لە شوێنی ئەو سەرۆك شارەوانیانە، كە بەدەنگی خەڵك هەلبژێردرابوون.

لە هەڵبژاردنی 31 ئاداری ئەمساڵ كە بۆ هەلبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا ئەنجام درا، پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) درووشمی (قەییومەكان بەسەرشۆڕی دەنێرینەوە لای ئەردۆغان ) هەڵگرتبوو.

 شایانی باسە دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی 2016 كە هەدەپە و پارتی دیموكراتی هەرێمەكان توانی بوویان 104 شارەوانی بەدەست بێنن، دەسەڵاتدارنی توركیا 96 شاروانیان لە كارەكانیان دوورخستەوە و بەشی هەر زۆریشیان وەك چەندین پەرلەمانتار و كادیر و لایەنگری دیكەی هەدەپە خرانە زیندانەكان.

لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئەكەپە  لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، هەدەپە كاری بۆ تێكشكاندنی سیاسەتی دانانی قەییومەكان كرد، بۆیە تێكشكاندنی ئەو سیاسەتە و دۆڕانی گەورەی ئاكپارتی لە شارەوانیە گەورەكانی توركیا لە نموونەی ( ئەنقەڕە و ئەستنبۆڵ و ئیزمیر و مێرسین ....هتدا) هۆكاری كودتا سپیەكەی ئەمدواییەی ئەكەپە بوون.
سەر لەنوێ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی قەییومەكان و لادانی ئەو كەسانەی كە بە ئیرادەی خەڵك و لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە ببوونە سەرۆك شارەوانی توركیا،  دەسەڵاتی ئەكەپە بەرەو قەیرانی زیاتر دەبەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە لایەنی بەرامبەر لە ئیمرالی و ناوەندەكانی بڕیار لە هەدەپە،  هەمیشە جەغت لە چارەسەری ئاشتیانە دەكەنەوە.

 دەسەڵاتدارنی توركیا ئەگەر بەو نەفەسە نادیموكراسیانە مامەڵە لەگەل كێشەكان بكەن، توركیا و ناوچەكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن كە دەرچوون لێی ئاسان نەبێت.
قەیران و كێشەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا، وە هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان، پەلامارە بەردەوامەكانی بۆسەر باشووری كوردستان، كێشەو دەستوردانی ئەو وڵاتە لە كاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی گەواهی دەری ئەو ڕاستیەی سەرەوەن  كە زوو یان درەنگ دەبێت ئەردۆغان و حزبەكەی باجی  گەورەی بۆ بدەن. 


 هیوا سەید سەلیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی