بۆچی وێڵ بووین..؟

20/08/2019

لوقمان حەوێز

ئێمەی مرۆڤ زۆر زۆر بەتوانا و زۆر زۆر ناوازەین بەبەراورد بە هەموو زیندەوەرانی تر، بەداخەوە زۆر کەم لە ئێمە بەوردی و تەواوی لەم ڕاستیە تێدەگەین...

ئێمە وەکو زیندەوەرانی تر تەنیا ئامێرێک و ماشێنێکی بایۆلۆژی نین، ئێمە هۆشمەند و بەئاگاین، پەرەسەندن یان Evolution بۆ ئەوە هۆشمەندی لە ئێمەدا بەرهەمهێناوە تاوەکو هەموو ڕاستیەکانی دەوروبەرمان و ناخیشمان بەجوانترین شێوە ببینین، لەڕاستیدا مرۆڤ لە سروشت و بنەڕەتدا وایە، هۆشمەندی دەیەوێت ڕاستیەکان ببینێت و شیکاریش بۆ داهاتوو بکات... 

هۆشمەندی و بەئاگاییبوون لە مرۆڤدا هەموو کاتێک دەیەوێت بەدوای لۆژیک و ڕاستیەکاندا بگەڕێت، هەربۆیەش منداڵەکان هەموو پرسیارێک دەکەن، دەیانەوێت ڕاستیەکان فێرببن و بزانن، دەیانەوێت ڕاستیەکانیان پێ بووترێت، هەر ئاواش دەمێننەوە تاوەکو لەهەرزەکاری دەکەونە ژێر کاریگەری کەلتور و کۆمەڵگا، ئیتر ڕاستیەکان ئەوەندە گرنگ نابێت لەلایان، ئەوەی گرنگتر دەبێت بۆ ئەوان ئەوەیە چۆن کەسەکانی دەوروبەریان و کۆمەڵگا ڕەزامەند بکەن لەخۆیان، لێرەوە وێڵی مرۆڤەکان دەست پێدەکات و خۆیان و تواناکانیان وون دەبن لەنێو شەپۆڵەکانی کەلتور و کۆمەڵگا، بەداخەوە ئەمە یەکێکە لەئامانجە سەرەکیەکانی بنیاتنانی هەموو کەلتورێک و کۆمەڵگایەک لەوەتەی دروستبوونیان...

بەکورتی ئێستا زۆربەی هەرە زۆری ئێمە، مەبەستم  زۆربەی مرۆڤەکانە لەسەرتاسەری جیهان، بەرهەمی بیرکردنەوەی کەلتورەکان و کۆمەڵگاکانین، زۆرینە لەئێمە خۆمان نین بەو هەموو توانا و بیرکردنەوە و بەئاگاییەی کە دەتوانین بەکاریان بهێنین و بیانخەینە گەڕ...

تێکڕای ئەو کەلتورانەش مرۆڤەکان پەروەردە دەکەن بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا و ڕێنمایی کە ئەوەندەی لە ئەفسانەوە نزیکن ئەوەندە لەڕاستیەوە نزیک نین، لۆژیک و هەتا زانستیش ئەوەندە گرنگ نیە لەنێو ڕێنمایی و ڕێسا کەلتوریەکان، بەگشتی لەنێو هەموو کەلتورە جیاوازەکان کۆمەڵێک ئەفسانە، هەروەها ترس دەکرێنە پاساو بۆ پابەندبوون بەو یاساو ڕێسایانە، هەر بۆیەش مرۆڤەکان لەسەرانسەری جیهان بەگشتی پاساو دەهێننەوە کاتێک پەنادەبەنە بەر توند و تیژی تا ڕادەی کوشتن و لەناوبردنی بەکۆمەڵی یەکتر، یان کاتێک پەنا دەبەنە بەر هەڵگرتن و بەکارهێنانی ڕق و کینە، ڕەگەزپەستی و ڕەچەڵەک پەرستی، نەتەوەپەرستی، هەروەها وێرانکردنی ژینگە، هەموو ئەمانە لەئێستادا ڕوودەدەن لەسەرانسەری جیهان...

مرۆڤایەتی ئێستا لەقۆناغێکی زۆر هەستیاردایە، دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی زۆر گەورەتر و جیددی تریش ئەگەر مرۆڤەکان بەشێوەیەکی دەستەجەمعی لەچەند دەیەی داهاتوو نەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لە کۆت و بەندی ئەم بیرکردنەوە و ڕەفتارانە کە هەزارەها ساڵە زاڵ بووە بەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتارە سروشتیەکانیان...

شتێکی زۆر سەیرە ئەگەر بەقووڵی هەروەها لەڕووی زانستیشەوە بیری لێبکەینەوە، هۆشمەندی و بەئاگاییبوون لەڕێگەی پڕۆسەیەکی بایۆلۆژی بە دەیەها ملیۆن ساڵ ئینجا بەرجەستە بووە، بەبۆچوونی 99% لە زیندەرەوناسان و دەمارناسانیش بۆ ئەوە بەرجەستە بووە تاوەکو مرۆڤەکان ڕاستیەکان وەک خۆی یان لایەنی کەم بەباشترین شێوە ببینن لە پێناو بەرزکردنەوەی ئەگەری مانەوەیان لە سروشت، هەر ئەو هۆشمەندی و بەئاگاییبوونەش لەکۆتاییدا بووە هۆی داهێنانی کەلتور و کۆمەڵگاکان، بەڵام گەشەسەندنی ئەو کەلتور و کۆمەڵگایانە لەڕابردوو و ئێستاشدا بووە بە هەڕەشە بۆسەر خودی ئەو مەبەستەی هۆشمەندی و بەئاگاییبوون لەپێناویدا بەرجەستەبووە..!

لەکۆتاییدا دەڵێم: لەجیهانێکی تاریکدا دەژین کە ئێمەی مرۆڤەکان تیایدا بەو هەموو هۆشمەندی و توانایانەی هەمانە زۆربەمان خۆمان نین، لەگەڵ ئەوەی زۆر قورسیشە بەڵام بژاردەی من و تۆیە، یان دەبێت تا بۆمان بکرێت خۆمان بین، بەپێی لۆژیک و ڕاستیەکان بیربکەینەوە و هەنگاو بنێین، یان هەروەکو ئێستا تەنیا ئامێرێک و ماشێنێکی بایۆلۆژی بین و لەلایەن کەلتور و کۆمەڵگاوە ئاڕاستە بکرێین...

لوقمان حەوێز/ تێکساس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی