نەتەوەی عیراق یان شتی تر

20/08/2019

هەژار سدیق


لەدوای جەنگی یەکەمی جیهان و دۆڕانی داگیرکەری عوسمانی لەبەرامبەر هاوپەیمانی ئینگلیزو فەرەنسا،گەلانی عیراق بەکوردو عەرەبەوە هەلێکی زێڕینیان بۆ هەڵکەوت و ڕزگاریان بوو لەدەست مۆرانەو مشەخۆرەکانی دەوڵەتی تورکی عوسمانی.

ئەوکاتەی هەرسێ ویلایەتی موسڵ و بەغدا و بەسڕە،لەچوارچێوەی دەوڵەتی نوێی عیراقدا،وەکو میراتی جەنگ،بەر شانشینی بەریتانیا کەوت،ئەو سەردەمەبۆ یەکەمجار عیراقیەکان،لەسەر دەستی ئینگلیز،چاویان بەشەقامی قیرتاوی نێوان شارەکان و هێڵی شەمەندۆفێرو کارەباو کارگەی بەفرو فڕۆکەخانەو ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و تراکتۆرو ئامێری کشتوکالی ئاشنابوو.

ئەوکات هەموو شتێکمان هەبوو،تەنیا ژن و پیاوی دەوڵەتمەدارمان نەبوو،دوای دیراسەکی زۆری ئینگلیزەکان،زانیان هەرسێ تەکەتولە شەکەت و ماندووەکەی کوردو سوننەو شیعەی عیراق،کەبەدەست بازرگانە مەزهەبچیەیەکانەوە،داشۆراون لەدەوڵەتداری و ژیاندۆستی و هیچ مەعریفەیەکیان تێدا بەدی نەکردین،بۆیە ناچاربوون پاشایەكی نەوەی هاشمیەکان لەحیجازەوە بۆسەر عەرشی حوکمڕانی عیراق هاوردە بکەن.

عەسکەرو بەناو سیاسیەکانی دژی ئینگلیزو ڕوخێنەری سیستمی پاشایەتی هەڵەیەکی گەورەیان کردکە61 ساڵە خەڵکی بێ گوناهی عیراق باجەکەی دەدەن.

تا ئەوکاتەی سیاسیەکانی عیراق دان بەهەڵەو تاوانەکانیاندا نەنێن،عیراق نابێتە وڵاتی مرۆڤەکانی عیراق و ژیان تیایدا بەرقەرار نابێت.

هەڵبەتە دەبێ هۆکارەکان دەست نیشان بکرێن.

سەرباری ئەم هەموو سامانە زۆرە،هۆکارەکەی چیە عیراق هەر وێرانەیە؟

لەدوای ڕوخاندنی سیستمی پاشایەتیش،خەڵك و خاکی عیراق،هەر لەسەردەمی کەریم قاسمەوە تا دەگاتە قەومی و بەعسیەکان و ووردە دیکتاتۆرە دزو گەندەخۆرەکانی دوای پرۆسەی ئازادی،گەلانی عیراق بەدەست دوو بازرگانی پیس و قێزەوونی مەزهەبچی بەناو سیاسیەکانی سوننەو شیعەو قەومچیەتی کوردو تورکمانی وابەستەی تورکیاوە،وێران و کاول بووە.

ئێران لەڕێگەی بزواندنی هەستی شیعەگەرایی و سعودیە و قەتەرو تورکیا لەڕێگەی هەستی سوننەگەرایی و تورکمانەوەو کوردیش لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆك مام جەلال لەهەموو پیلانەکانی وێرانکردن و بەتاڵان بردنی سامانی عیراق بەشداربووە.

ڕۆژبەڕۆژ خەڵك برسیترو سیاسیەکان زەنگین تر دەبن.

بۆ هەڵسانەوەی عیراق پێویستیمان بەعەقڵێکی ئادەمیانەو هەست و دەستێکی پاك و بێگەرد هەیە،بۆ بنیاتنان و دروستکردنی نەتەوەیەکی  بەهێزو خاوەن ئینتیمایەکی بەهێز هەیە بۆ عیراق،کەدووربێ لەهەستی وێرانکەری دینچیەتی و مەزهەبچی و قەومچیەتی بەتاڵی کوردو شیعەو سوننە.

ئەبێ هەموومان بەگیانێکی نوێ بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی ستەمدیدەی عیراق لەبەغداوە بڕیار بدەین و کاتی هاتووە،بڕیارە وێرانکەرەکانی تاران و ئەنکەرەو ڕیازو دۆحە بوەستێنین و لەدەرەوەش،بەتەنیا پشت بەئەمریکا ببەستین تاکە دۆستی عیراق و عیراقیەکانە،ئەوکاتە عیراق دەبێتە بەهەشتی عیراقیەکان.

(السلام علی من اتبع الهدی).

هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی