ژیانمان چۆنە؟

24/08/2019

موئمین زەڵمی

مۆدێرنە نهێنی نەهێشتووە و هەرچی هەیە و نیە لەسەر شاشەكانە، متمانەی لە عەقڵ و دڵی هەموواندا سریوەتەوە، گومانی لە هەموو شتەكاندا چاندووە، تەلەفزیۆنەكانی كردۆتە گەورەترین درۆزن، نەك مێشكیان پڕ كردووین، تا سەر ئێسقان چۆتە گیانمانەوە، رواڵەتبازی و روخسارسازی و فاشن و دووفاقی و دووروویی و ناوبۆشی هەمووانی گرتۆتەوە.

خواردنەكان پێش ئەوەی بخورێن بە وێنەكانیان بوونەتە ژەهری دەروونی هەژاران، هەزارن چاو لەسەر ژیانی یەكتر دانراون، بۆ سێلفییەك هەرچی نەشێ و بشێ دەكێشرێت و دەخورێت، هەموو شێوازەكانی پەروەردە لە ئایینییەوە تا دەروونناسی و زمانەوانی بوونەتە كەسابەت، ئامانجەكان تێكەڵ و پێكەڵ و ناروونن، هەر رۆژەی ئامانجێك و تا دواییش بێ ئامانج ماوینەتەوە.

 ژیانی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و دراوسێیەتی بووەتە بازرگانی، مۆبایل نەك هەر مێشك، هەموو گیان و ژیانی تەنیوە، پارە بووەتە خراپترین هۆكاری بەدرەوشتی و بەرەڵایی، كاتژمێرەكانی دەوام و فەرمانبەریی زۆرترین كۆیلەی بەرهەمهێناوە.

 ماسك رووە راستەقینەكانی داپۆشیوە، راستییەكان كەمترین پێشوازییان لێدەكرێت، رق زۆرترین بازاری هەیە، یەكتر كوشتن و خوێن ڕشتن ئاسانترین تۆڵەسەندنەوەیە، نەخۆشییە دەروونییەكان ژیانیان تەنیوە، رەشبینی هەزارقاتی گەشبینییە، خزمەتكردنی خۆمان و پاككردنەوەی دەوربەری خۆمان بووەتە چالێنج، كەس ژێر خۆی خاوێن ناكاتەوە، بە كۆنترۆڵێك ژیانی دەیان كەس تێكدەدرێت و خوێنی چەندین كەس دەرێژرێت.

لە كۆتاییدا مانایەك بۆ ژیان و سەنگێك بۆ خۆشەویستی و پێوانەیەك بۆ دۆسایەتی و هاریكاری و پێكەوەژیان و هاوكاری و دەستبارگرتن نامێنێتەوە!

موئمین زەڵمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی