لەنێوان سەرۆكێكی لاواز و پەرلەمانێكی خەسێنراو

01/09/2019

سەرتیپ قەشقەیی

پارتی دیموكراتی كوردستان لەوكاتەی هێمن هەورامی، وەكو جێگر ناردە پەرلەمان و ژمارەی كورسییەكانی خۆی كرد بە 45 كورسی، پاشانیش لە ڕێگەی هێزە پاشكۆكانیەوە توانی نیوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان مسۆگەربكات، ئیتر پەرلەمان وەكو سێ سەرۆكایەتییەكەی دیكەی هەرێم كەوتە دەست پارتی.

بەڵام ئەو كۆنتڕۆڵكردنەی پەرلەمان بەمە نەوەستا، بەڵكو جگە لە سكرتێری پەرلەمان،  سەرۆكی نوێی پەرلەمانیش كە لە پشكی یەكێتییە و لە لایەن ڕێواز فایەقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەماوەی دوو مانگی یەكەمدا، بەبێ ئەوەی ئاگایی لێبێت بە تەواوی لە خزمەتی ئەجێنداو بەرنامەی  پارتی دەكات.

ڕەنگە لەسەرەتادا، زۆربەمان لەگەڵ ئەو بۆچوونە بوو بین ، كە ڕیواز فایەق باشترینی ناو فراكسیۆنی یەكێتیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پیرۆزبایشمان لێكردبێت بەبۆنەی وەرگرتنی ئەو پۆستە، لەسەر بنەمایی باشترین كەس ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش كردی بە كاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆكی پەرلەمان.

سەرۆكی پەرلەمانی نوێ، هێشتا دوو مانگ بەسەر وادەی وەرگرتنی پۆستەكەی تێنەپەڕیوە، رووبەڕووی كۆمەڵێك هەڵەی یاسایی و سیاسی و پڕۆتۆكۆڵی  بۆتەوە، زۆربەی ئەو كارانەی كردوویەتی لەوماوەیەدا، دژە لەگەڵ بیروبۆچوون خۆی و حزبەكەشی.

هەر لەدوای دەستبەكاربوونی، یەكەم هەڵەی رێواز فایەق ئەوەبوو، وەك سەرۆكی یەكێك لە دەسەڵاتە باڵاكانی هەرێمی كورستان بە پێچەوانەی پڕۆتۆكۆڵ سەردانی كونسڵخانەی توركیای لە هەولێر  كرد، لەكاتێكدا لە مێژووی پەرلەمانی كوردستان ئەوە بۆ یەكەمجار ئاستی ئەو سەرۆكایەتیە بەو شێوە بهێندرێتە خوارەوە.

ڕیواز فایەق، لە ماوەی ئەو دوو مانگەی ڕابردوودا، هەر بەوەش نەوەستا، بەڵكو  بەبێچەوانەی عورف و یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ، لە بڕی ئەوەی بانگهێشتی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، یاخود كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆكایەتیەكە لە ناو باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێوەببات، بەداخەوە بە سەركزی و چەمانەوە، خۆی جێگرو سكرتێرەكەی چوونە بەردەم سەرۆكایەتی حكومەت، جارێكی دیكە لە دەسەڵاتەكانی خۆی و دامەزراوەكەی كەمكردەوە.

بە گوێرەی یاسایی ژمارە (١)ی سالی ١٩٩٢، سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی متمانە پێدان و بانگكردن و لێپرسینەوەی حكومەتی ھەیە، جگەلەوەش بە گوێرەی بریاری ژمارە( ١) ی ساڵی ٢٠٠٥، پەرلەمان مەرجەعی باڵای یەكلایكردنەوەی پرسە چارەنووس سازەكانە.

بە گوێرەی پەیرەوی ناوخۆ، حكومەت لە بەردەم پەرلەمان لێپرسینەوەو پرسیاری لێ دەكرێت، لە ھیچ برگەیەك و یاسا بڕیارێك نە ھاتووە حكومەت كۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمان بكات و بانگهێشتی بكات.

لە عورفی پەرلەمانی كوردستان نەبووە سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆبوونەوە بچێتە لای سەرۆكی حكومەت، لە ھەموو تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تەنانەت لە سەردەمی كەمال كەركوكی و ئەرسەلان بایزیش، كە دوو كارەكتەری تەواو پابەندی حیزب بوون، ئەوەیان نەكرد.

ئێستا ئەپرسین كە نە یاساو نە عورف و نە پڕۆتۆكۆڵ لە ھیچ پەرلەمانێكی دونیاو عێراق و كوردستان ڕێگە بە سەردان و كۆبوونەوەی لەم جۆرە نادات، ئەبێت بۆچی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە دكتۆرای لە یاسا ھەیە لە بەرامبەر چی ئەو كارەی كردو ئەوەندەی تر ھەیبەتی پەرلەمانی سووك كرد؟!

ناوبراو، ئەوەندە لاوازە تەنانەت لەكاتی كۆبوونەوە لەسەر داڕشتنی بەرنامەی كارو پرسە یاساییەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش، لە بڕی ئەوەی جێگرەكەی كە هێمن هەورامیە بچێتە ژوورەكەی،  خۆی  دەچێتە ژوورەكەی هێمن هەورامی.

ئەگەر باسەكە بێتە سەر ئیجرائاتە یاسایی و كارگێرییەكانی ناو پەرلەمان، دیسانەوە ناوبراو وەكو كەسێكی لاواز دەردەكەوێ، چونكە جێگرەكەی بە تەواوی كۆنتڕۆڵی باڵەخانەی پەرلەمانی كردووە، دواین جار ئەوكاتەی یەكێتی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی  دیاریكرد، ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هێمن هەوڕامی  جێگری سەرۆكی دیوانی لە پەرلەمان  دیاریكرد، بەبێ ئەوەی پشت یە هیچ یاساو ڕینماییەك ببەستێ.

بۆ دواجار هەفتەی ڕابردوو سەرۆكی پەرلەمان بەردەوام بوو لەسەر هەڵەكانی و سەردانی مەسعود بارزانی كرد، بە بیانوی ئەوەی پرسی دەستوور لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێ دەكات، ئەو چوونەی بۆ لای مەسعود بارزانی، جگە لەوەی پڕیبووە لە موجامەلەو سەلماندنی، كە ماڵە خاڵوان  و دایكی پارتین، لە هەمانكاتدا سەلماندنی شەرعیەتی بە مەرجەعبوونی بارزانیدا لە شوێنی پەرلەمان، كە حزبەكەی خۆی بەر لە هەموو لایەنێك دژی وەستانەوە.

چوونی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لای بارزانی و مەكتەبی سیاسی بە جیاواز، دەرخەری ئەوەیە كە  لای سەرۆكی پەرلەمان، مەسعود بارزانی  مەرجەعی پارتی و هەموو كوردە، چونكە ئەگەر وانییە دەبوایە ناوبراو لەگەڵ بارزانی و مەكتەبی سیاسی بە جیاواز دانەنیشتبووایە، یاخود لەگەڵ یەكێكیان دابنیشتبووایە. ئایا سەرۆكایەتی پەرلەمان لە مەولا سكرتێری حیزبەكان و مەكتەب سیاسیەكان بە جیا دەبینێت، یاخود تەنها بۆ بارزانی بەو شێوەیە ؟

سەرۆك هێشتا لەنێو پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكان سازانی دروستنەكردووەو هیچ كۆبوونەوەیەكیشی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان نەكردووە لەسەر پرسی دەستوور، كەچی خەریكی ئۆكەی وەرگرتنە لە بارزانی.

ئەركی پەرلەمانی كوردستانە كاری بە پەلەو جدی بكات بۆ تەواوكردن و  ئامادەكردنی پرۆژەی دەستوری ھەرێمی كوردستان ، لە بری گەڕان لەدەرگای ئەو حیزب و ئەو سەرۆك، چونكە لە لایەك بەگوێرەی مادەە (١٢٠ ) لە دەستوری عێراق مافی ھەرێمە دەستورمان ھەبێت ( كە دوای ١٤ ساڵ لەو مافە دەستوریە بەڵام ھەرێم نەبوو بە خاوەن دەستور). 

لە لایەكی تر بە گوێرەی برگەی دوو لە مادە سێی یاسای ژمارە (٤)ی  ساڵی ٢٠١٥ یاسای ئامادەكردنی دەستوری كوردستان ئەركی پەرلەمانە، كە ماوەی لیژنەی دەستور درێژ بكاتەوە، ئەم یاسایە بەركارەو بەرھەمی سازان و ململانێی رابردووە لەسەر پرۆژەی دەستور بە تایبەت ھەوڵ و قوربانی لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە.

لە یاساكەی ڕابردوو، نەووتراوە بە تەواوبوونی خوولی چوار لیژنەكە ھەڵدەوەشێتەوە، ئیتر چ پێویستییەك ھەیە لەدەرگای حیزبەكان بدرێت، ڕێگە پێدانیان لێ وەربگرن كە پەرلەمان لەم خولە بۆ پرۆژەی دەستور چی بكات،  ھەموو ھەوڵ و قوربانییەكانی رابردوو سفر بكرێتەوە، لە لایەن دامەزراوەیەك، كە بە گوێرەی بریاری ژمارە (١ ) ی ساڵی ٢٠٠٥ مەرجەعی باڵای یەكلایكردنەوەی پرسە سیاسی و یاسایەكانە و خۆی چاودێری جێبەجێكردنی یاسایەو كەچی چاوەرێی  فەرمووی حیزب و سەرۆكەكان دەكات. روونیشە لیژنەكە لە ماوەی ٩٠ رۆژ كە بۆیان دیاری كرا بە گوێرەی ھەمان یاسا لە ساڵی ٢٠١٥ تەنھا توانیویانە دوو بەش لە پرۆژەكە بنووسنەوە، بەبێ یەكلایكردنەوەی خاڵە ناكۆكەكان، ھەرچەندە دەبوو دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان لە ٢٠١٧ یەكەم كاری پەرلەمان كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور بێت، بەڵام نەیان كرد.

لە لایەكی تر بە گوێرەی بڕگەی چوار لە مادەیی دووەمی یاسایی ژمارە چواریی ساڵی 2015 ھەمان یاسا ھاتووە بڕیارەكانی  لیژنەیی دەستووریی ھەرێم بە سازان دەردەچێت. لێرەشدا ئەركی سەرۆكایەتی ھەرێمە كار بۆ ھێنانە كایەی ئەوسازانە بكات كە پێویستیەكی یاسای و سیاسییە، نەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

بەگەڕانەوە بۆ پرۆژەیی دەستوو لە ڕابردوو، راستییەك دەرئەكەوێت كە سازان لە نێوان لایەنەكان یەكلا نابێتەوە، بۆ نموونە پرۆژەی دەستوریی ھەرێم دوایی پەسند كردنی لە پەرلەمانی كوردستان  بە یاسایی ژمارە( ٢٩) لە ساڵی ٢٠٠٩  بە كۆی دەنگی پەرلەمان كە ٩٧ دەنگ بوو، بەڵام بە ھۆیی نارازیی بوونی ھەندێ لایەن راپرسییەكە دواخرا لەسەر پڕۆژەكە.

دواتر ساڵی ٢٠١٣، جارێكی تر وویسترا راپرسی  لەسەر بكرێ دووبارە دواخراو دواتر بە یاسایی ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٣ لە برگە دوو پرۆژەكە گەڕایەوە پەرلەمان. دواتر لە ساڵی٢٠١٥ لەبری كاركردن لەسەر پرۆژە گەڕاوەكەی دەستوور و كاركردن لەسەر خاڵە ناكۆكەكان، ھەڵسان پرۆژەیی دەستوریان بەلاوەناو  سەر لە نوێ دەستیان بە نووسینەوەی كرد.

ئێستاش كە پەرلەمان ئەركی كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوری لە ئەستۆیە بۆ نووسینەوەیی پرۆژەكە، بە گەرانەوە بۆ رابردووشئەوا دووبارە لایەنەكان بە بیانوویی   جۆراو جۆر ناگەنە سازان.

بۆیە گرینگە ئەمجارە  پڕۆژەی دەستوور بنووسینەوە لە خاڵە ھاوبەشەكان و خاڵە ناكۆكەكانی وەكو  سیستەمی سیاسی و پرسی دین و دەسەڵات و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و ھەندێ خاڵی تر كە لە كاتی نووسین دێتە ئاراوە ، ئەوكات لەبڕی گەرانەوە بۆ سازانی لایەنەكان بگەرێینەوە بۆ  راپرسی گەل  بۆ برگە ناكۆكەكان.

ئەو كاتە ئەركی سەرۆكایەتی دەست پێ دەكات بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەك بۆ یەكلایكردنەوەی خاڵە ناكۆكەكان بەمەش دەبین بە خاوەنی دەستورو جێگیر بوونی سیستەم و دامەزراوەكانی ھەرێم، دروست بوونی دادگایی دەستوریی كە چاودێریی ناكۆكی و دەسەڵاتەكان دەكات .

ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان بەو شێوازە كاركردنە بەردەوام بێت، مێژوویەكی باش بۆخۆی  تۆمار ناكات، ناوی دەچێتە خراپترین سەرۆكەكانی پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان، ئۆباڵی نەهێشتنی شكۆیی پەرلەمانیشی بە تەواوی دەكەوێتە ئەستۆو، هیچ كادیرێكی یەكێتیش چی دیكە مافی ئەوەی نابێت باسلەوەبكات، كە مونا قەهوەچی پارتیەو خزمەتی ئەجێندای پارتی دەكات، چونكە سەرۆكەكەی خۆیان بە دەنگی یەكێتییەكان  هەمان ئەو كارە دەكات، كە مونا دەیكات ؟!

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی