ئەمە چ دۆخێكە ئێمەی تێدا دەژین؟!

02/09/2019

مەجید ساڵح

(وانەیەك لە ئێرانیەكانەوە)
 (١)
سەرەتای جەنگی عێراق و ئێران، رەزای كوڕی حەمەڕەزا شا، كە خێزانەكەی تازە لە ئێران دەركرابوو و باوكی لە ئاوارەیی و لەداخی مەلاكاندا كۆچی كردبوو، كاتێك بینی وڵاتەكەی لە لایەن عێراقەوە پەلامار دراوە و بەشێكی زۆری خاكەكەی داگیر كراوە، هەموو شتێكی وەلاوە ناو نامەیەكی بۆ فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران نووسی و داوای لێكرد رێگەی گەڕانەوەی پێ بدەن بۆ ئەوەی شارەزاییەكەی لە بواری فڕۆكەوانی جەنگیدا بەكار بهێنێت و ئەركی نیشتمانی خۆی بەرامبەر ئێران و ئێرانییەكان جێبەجێ بكات. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو داوایەیان رەت كردەوە.

(٢)
دوای شۆرشی گەلانی ئێران، بەشی زۆری باغەكانی (فستق)ی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا و خاوەنەكانیان لە ئەمریكا گیرسانەوە، بەڵام هەستی خۆشەویستی نیشتمان وای لێ كردن هەرگیز نهێنی باشی كوالیتی فستقی ئێرانیان بۆ ئەمریكاییەكان ئاشكرا نەكەن، چونكە دەزانن ئەمریكا و ئێران لە بازاڕی (فستق)دا دوو ركابەری گەورەی یەكتر.

(٣)
لەم گوشارە گەورەییەی كە ئەمریكا خستویەتە سەر ئابوری ئێران، ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و ناوەوەی ئێران، چالاكییە سیاسی و گوشارەكانیان بۆ سەر (رژێم) تا رادەی نەمان كەم كردوەتەوە...

ئەم هەڵوێستە نیشتمانییەی ئێرانیەكان دەرهاویشتەی ئەو پرۆسەی (میللەت سازی)یەیە كە لەسەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوو لە لایەن رەزا شای پەهلەوی لە ئێران دەستی پێكرد..

(٤)
هێزە سیاسییەكانی ئێمەش لە رقی یەكتردا ئامادەن لە گەڵ شەیتان دانیشن و رێكەون، هەموو نهینی نیشتمان ئاشكرا بكەن، گەر پێویستی كرد سوپای موزەمبیقیش بێننە سەر یەكتر.. تا رۆژی قیامەت باسی خراپی یەكتر بكەن و رابردوو لەبیر نەكەن و بیر لە ئایندە نەكەنەوە.. ئامادەن پشتی یەكتر بدەن بە ئەرزدا بۆ ئەوەی عەرەبێك، فارسێك، توركێك دەست خۆشیان لێ بكات..

پەرلەمانتارێك، وەزیرێك، فەرمانبەرێك، بەرپرسێكی حزبی كە كارێكی باش دەكات دنیایەك وێنەی دەگرێ و بە خەڵكی دەفرۆشێتەوە و خۆی دەكات بە فریاد رەس..!!

هۆكاری ئەمە چییە؟ ئەمە چ دۆخێكە ئێمەی تێدا دەژین؟
بەڕای من هۆكارەكەی ئەوەیە كۆمەڵگای ئێمە، بە سیاسی و رۆشنبیریەوە، ... هێشتا لە سەردەمی ئەقڵی خێڵدا دەژین و نەمانتوانیوە پرۆسەی بوون بە میللەت تێپەڕێنین..

چۆن تێیپەڕێنین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دەبێ ناوەندەكانی ئەكادیمی، داموودەزگاكانی دەوڵەتداری بە پەرلەمان و حكومەت و وەزارەتەكانیەوە، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.. بەدوای وڵامەكەیدا بگەڕێن..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی