وەرزی بەستنی کۆنگرەی حزبەکان

03/09/2019

ئارام هادی


هەریەکە لە (پارتی. یەکێتی. گۆڕان. کۆمەڵ. یەکگرتوو. تەڤگەری ئازادی) بەنیازن لەمساڵدا کۆنگرەی ناوخۆیی حزبەکانیان ببەستن، هاوکات کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراقیش بڕیاریداوە هەر حزبێک ماوەی یاسایی بەسەر کۆنگرەدا تێپەڕبوبێت، ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بکات کەبڕیارە لە نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەشێک لەم حزبانەش چاویان لەبەشداریکردنە لەو هەڵبژاردنە و دەنگدەریان لە پارێزگاکانی (کەرکوک. موصڵ. دیالە. صڵاح الدین)هەیە.

٭ یەکێتی نیشتمانی کوردستان 
یەکێتی تائێستا چوار پرۆژەی بۆ بەستنی کۆنگرە ئامادەیە، دوانیان پرۆژەی دەزگاکانیەتی وەک(ئەنجومەنی ناوەندیی و مەکتەبی ڕێکخستن)، دوانیشیان پرۆژەی تاکەکەسین وەک (مەلا بەختیار و فەرید ئەسەسەرد)، ئەم حزبە گرفتی نەبونی پرۆژەی نیە هێندەی گرفتی پەسەندکردنی کام پرۆژەی هەیە، هاوکات ناکۆکیش هەیە لەسەر ئەوەی کێ و بەچی میکانیزمێک لە کۆنگرەدا ببێتە کەسی یەکەمی ئەم حزبە، یاخود کۆنگرەی تەوافقی ببەسترێت یا هەموو شتێک لە کۆنگرەدا تاوتوێ بکرێت. 

 لەلایەکیترەوە خەمی پیرەکانی مەکتەب سیاسی هەنگاوەکانی بەستنی کۆنگرەی ئیفلیج کردوە بەتایبەت ئەوانەی دڵنیانین لە دەرچونەوەیان و لە کەوتن دەترسن، تەنها شتێک هەموویان لەسەری کۆکبن ئەوەیە کە ناوی (سکرتێری حزب)وەک وەفایەک بۆ "مام" لێدەگەڕێن و کەس نابێتەوە بە سکرتێر، جا سیستەمەکە دەکەنە سەرۆکایەتی یا ڕێکخەر. یا کۆنسە ئەوە کۆنگرە و ڕێککەوتنەکانی پێش کۆنگرە دەزانێت، تاکو ئەم بابەتانەش کەئێستا سەرقاڵی نیقاشێکی وردە لەناو باڵەکانی یەکێتی یەکلایی نەکرێتەوە ئەوا دەستنیشانکردن و بڕیاری بەستنی کۆنگرە قورسە. 

٭ پارتی دیموکراتی کوردستان 
قورسایی باری ناوخۆیی پارتی لەچاو حزبەکانیتر لەهەموویان قەبەترە، چونکە ئەم حزبە تا ساڵێک بەر لەئێستا بە حزبێکی قایمکار دەناسرا، بەڵام لە دەستنیشانکردنی (مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم)،  ئەم یەکگرتوویی و قایمکاریە بوبە ڕابردوو. 

ئیتر لێرەوە ناکۆکی خێزانەکە کەوتە ڕووپەلی ڕۆژنامە و سۆشیال میدیا، پیاوانی هەردوولا دژی یەکتر وتاریان دەنوسی، تا ئەوەی لەڕووداوەکەی هۆقەبازی هەولێر و کوشتنی بەرپرسێکی میت، بە یەکجاری ناکۆکیەکان تەقینەوە و ڕێبواری کەریم وەلی سەربە نێچیر و بەرپرسێکی دژەتیرۆری سەربە مەسرور کەوتنە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی بەرامبەریان. 

ئەم مەترسیانە وایان لە پارتیکرد، بە بڕیارێکی فەرمی هەر لێدوانێکیان سەبارەت بە کۆنگرەی حزبەکەیان لە ئەندامانی حزبەکە قەدەغەکرد، ئێستاش پارتی یا بەیەکجاری دەستبەرداری کۆنگرەبوە، یاخود بەنهێنی و دوور لە لێدوانی ڕۆژنامەوانی، سەرقاڵی دانانی پلانی کۆنگرەی حزبەکەیەتی، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن، شەڕی ئامۆزاکان هێندەیتر بەهێزتربێت بۆجێگرتنەوەی کەسی یەکەم ڕەنگە مێزەکە لەناوەڕاستەوە بکەنە دووکەرت، لەلایەکیترەوە لەدرێژەی شەڕی ئامۆزاکاندا مەترسیەکانی دروستبونی جەمسەری سێ یەم لەدەرەوەی بنەماڵە و لەناو پارتی ئەگەرێکی بەهێزبون، ئەمەش وادەکات پارتی لەهەر حزبێک زیاتر حساباتی ورد لەسەر بەستنی کۆنگرە و دەرئەنجامەکانی بکات. 

٭ بزوتنەوەی گۆڕان 
خوالێخۆشبو (نەوشیروان مستەفا) هەرلەسەرەتاوە باوەڕی بەوەنەبو ئەم بزوتنەوەیە بکاتە خاوەنی ڕێکخستنێکی توند و تۆڵ، ئەوەی هەیەتی شەقام و دەنگە ناڕازیەکانن، ئێستای ئەم بزوتنەوەیەش دابەشی سەر دووبەرە بوە کە پێکهاتون لە بەرەی ( ڕازی و ناڕازی )!!، بەرەی ڕازی بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عیراق و هەرێم)، پێی وایە زۆنەکەی بە یەکێتی دۆڕاند و شەقامەکەشی تەسلیمی نەوەی نوێکرد، بۆیە لەگەڵ نەیارە سەرسەختەکەی ڕێککەوت و ئۆپۆزسیۆن بونی توڕهەڵدا و چونە حکومەتی هەڵبژارد و پێی وایە لەم ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵک بکات کاریگەری زیاتر دەبێت تا لەشەقامەوە هاواربکات. 

هەرچی پەیوەندی بە بەرەی ناڕازی هەبێت، شکستی حزبەکەیان دەخەنە ئەستۆی بەرەی ڕازی و بەوە تۆمەتباریان دەکەن مەیلی پچڕینی دەسەڵات زاڵە بەسەریاندا و ئەمەش وایکردوە دووان لە کاریگەرترین شەخسیەتیان کە پێکهاتون لە (عوسمانی حاجی محمود و قادری حاجی علی) لەماڵەوە دانیشتون و دەستیان لە بزوتنەوەکە شۆردوە و لەگەڵ بەشێکی هەڵسوڕاوەکانیان بیر لەدامەزراندنی حزبێکی نوێ دەکەنەوە.

ناکۆکیە ناوخۆییەکان وایکردوە کە باڵی ڕازیەکان بیر لەوە بکەنەوە پێش کۆنگرە ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژاردنی بۆبکرێت، دواتر کۆنگره ببەستن و تیایدا ئەندامانی هەردوو جڤاتی (نیشتمانی و گشتی) و هاوکات پەیڕەو و پڕۆگرامی بزوتنەوەکە گۆڕانکاری تێدابکرێت.

٭یەکگرتوی ئیسلامی.... کۆمەڵی ئیسلامی
یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیش بەنیازی لابردنی پاشگری ئیسلامین لەم کۆنگرەیەی لەبەردەمیاندایە و لەئێستاشەوە کەوتونەتە بەرنەشتەری ئەندامانی حزبەکانیان و بەشێکیان پێیان وایە لابردنی پاشگری ئیسلامی بەواتای (پشتکردنە لەئیسلامی سیاسی) و پاشگرە ئیسلامیەکە دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە. 

بەدەرلەمەش یەکگرتوو بۆشایی بانگخوازی هەیە و ساحەی سۆشیال میدیای بۆ سەلەفیەکان چۆڵکردوە چونکە لەڕابردوو بەشی زۆری بانگخوازەکانی ناردە پەرلەمان و تێکەڵ بەکاری سیاسی کردن، هەرچی کۆمەڵیشە تائێستا کێشەی ناڕازیەکانی چارەسەر نەکردووە و تائێستاش ڕوون نیە کە ئایا بەشداری کۆنگرە دەبن یاننا، ئەمە لەکاتێکدا بزوتنەوەی ئیسلامی لەسەر ڕاسپاردەی پارتی داوای لە ناڕازیەکانی کۆمەڵ کردوە لەڕیزەکانی بزوتنەوەدا درێژە بەکاری سیاسی بدەن. 

لەلایەکیترەوە تاچەند یەکگرتوو لەم کۆنگرەیەدا دەتوانێت حزبەکەی بکاتە خاوەن یەکگوتاری سیاسی و جارێکیتر دابەشی سەردوو بەرەنەبن وەک لەڕبردوو بەشە بادینیەکەی لەپەرلەمان ڕای پێچەوانەی بەشە سۆرانیەکەیان هەبوو،  جارێ دیاریش نیه ئەمینداری ئێستا خۆی هەڵدەبژێرێتەوە یاننا، بەڵام ئەگەری زۆرە (ابوبکر کاروانی) کەسایەتی دیاری ناو ئیخوانیەکان جارێکیتر بەنیازی ڕکابەریکردنی سەڵاحەدین بەهادین بێت، لەناو کۆنگرەدا بۆ ئەمینداری، جگە لەمانەش کۆنگرە تاچەند دەتوانێت کۆمەڵ بکاتەوە بە خاوەن بڕیاری دروست، چونکە ئەم حزبه لەدواساتەکانی هەڵکشانی دەنگەکانیدا و حەزی بۆ خواردنی کێکی دەسەڵات توشی ئیحراجیەکی زۆریکرد، لەکاتێکدا فەرمووی سەر سفرەکەشی لێنەکرا، تا ناچار بەدڵێکی شکاوەوە ئۆپۆزسیۆن بونیان ڕایگەیاند.

٭تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان
ڕەنگە بێ کێشەترین حزب لەئاستی کۆنگرەی ناوخۆیی ئەم تەڤگەرەبێت کەلێی ناترسێت و هەمیشە لەکاتی خۆیدا ئەنجامیداوە، بەڵام ئەم حزبە ڕێگریە دەرەکیەکان وایان لێکردوە هەرێم و بغداد لەهیچ شوێنێکی ئەم عیراقە هۆڵێکیان نادەنێ تا کۆنگرەیەکی یەک ڕۆژەی تیاببەستن.

لەکاتێکدا ئەم حزبە خاوەنی مۆڵەتی فەرمی عیراقە و پەرلەمانتارێکیشی لەپەرلەمانی بغدایە، کێشەی دواکەوتنی کۆنگرەی ئەم حزبەش پەیوەندی بە نەدانی هۆڵێکە کە تیایدا بەفەرمی کۆنگرەی خۆی ببەستێت. 

پاشکۆ/، جارێ دیارنیە تاچەند ئەم حزبانە جدین لەبەستنی کۆنگرە، چونکە قسەی میدیا و ژوورە داخراوەکانیان جیاوازە، ناشزانرێت لەکاتێکدا کۆنگرە نەکەن چۆن خۆیان لەبڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق دەربازدەکەن، باچاوەڕێبین و بزانین چی دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی