قەیومەکەی کەرکووکتان لابردایە

03/09/2019

دلێر محەمەد نووری


لەوانە درەنگ بێت و کار لە کاریش ترازا بێت، تازە سەرۆک لوتفی نەفەرموو بەوانەی خوار خۆی، تا لەگەڵ برادەرانی ئەو دیو دێگەڵە ڕێکبکەون لە سەر پارێزگارێک، تا قەیومەکەی کەرکووک لابەرن، چونکە ئەوەی کورد لە ۱۳ ساڵی دوای ۲۰۰۳ بۆ ڕاستکردنەوەی باری دیموگرافی کردبووی، لە ۱۳ ڕۆژی یەکەم قەیومەکەی کەرکووک ڕاکان جبوری زۆری ڕێسەکەی کوردی کردەوە بە خوری. 

ژیانی سیاسی و مێژووی سیاسەت پێمان دەڵێت کە سیاسی خاوەن خەونی مەزن باکی بە وردە هەڵە و بەربەست و نشووست و دۆڵ و نشێو نییە. بگرە ئەو لە هەر کەوتن و نشووستێک جۆرێک لە دژە تەن پەیدا دەکات بۆ سەرکەوتن، دەبێتە ڤیتامین بۆ بەهێزبوونی. سیاسی خاوەن خونی گەورە بیری لای تۆڵە سەندنەوەش نییە، ئەو دڵی گەورەیەو هەموو میللەت وەکو نەوەی خۆی سەیر دەکات بە لاسار و دەستەمۆکانیشەوە. 
وە سیاسی خاوەن خەونی گەورە هیچ کات بیر لە بەرژەوندی تەسک و کاتی شەخسی و حزبی ناکاتەوە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی خەونی گەورە هەوڵی خۆی دەدات هەرگیز باکی بەوانی دیکە نییە چییان پێ دەبڕێت و چی دەبەن. چونکە ئەو لە بنەڕەتدا هەوڵ بۆ خۆی نادات ئەو کارێکی نەتەوەیی و گشتی و هەتاهەتایی مەبەستە. ئەو کار بۆ نەوەیەک و بەروارێکی  تر ئەکات نەک بۆ خۆی و بۆ ئەمڕۆ. ئەو نەهاتووە تۆوێک بچێنێ تا لە وەرزی داهاتوودا بەرەکەی بخوات و تەواو، ئەو هاتووە دارێکی مەزن بنێژێ کە تا دونیا دونیایە نەوەکان لە بەری بخۆن.

 من ئەپرسم ئەو سەرۆکەی کە نوقڵانەی بە مەرجەع بوونی لێ دەدرێت لە کام لەم نموونانەی سەرەوە بوو و کامە خەونی مەزنی هەبوو وە کامە هەوڵی بێ ووچانی لە پێناودا سەرف کرد؟

حیکایەتەکانی ڕێفراندۆم پێمان دەڵێن ئەوەی ئەنجامیاندا لە درۆیەکی سیاسی و گەمەیەکی دۆڕاو و بازرگانییەکی بێ دەستمایە زیاتر نەبوون. ئەوان کە هەندەک حیسابیان بۆ کەس نەدەکرد، وامان دانابوو بە پلانێکی تۆکمە و پشتێکی قایمەوە کەرکووکیان خستۆتە ناو ئەم گەمە ترسناکەوە. ئێستاش کە کەرکووکیان مایە پووچکرد و ئێمەی کەرکووکییەکانیان جێهێشت، بێئاگان لەوەی کە بەم بیانووە لاوازانە مناڵێکی کەرکووکیش ڕازی بێت، کاتی دەڵێن گەر ئەو چەند کەسەی یەکێتی نەبووایە ئێستا نیوەی هاوڵاتیانی کوردستان بە پاسپۆرتەکەی پورتاڵی ڕووداو تیڤی لە گەشتی ئەوروپا بوون و لە هەولێری پایتەختیش سکەی پارەمان لێدەدا. زۆر باشتر بوو لەو بیانووە سادەیە بیانووتایە هەڵەیەکی کووشندەمان کرد، خۆ دواجار هەمووان پێکەوە بەشدار بوون، یەخەی کەسێک نەدەگیرا بە تەنها. سەیرە دوو سێ کەسی تازەی ناو دونیای سیاسەت بتوانن رێسەکەی ئێوەی کۆنە سیاسی وا بە ئاسانی بکەنەوە بە خوری! کەرکووکییەکان چۆن بوێرن بتانکەن بە مەرجەع و ڕیشی خۆیانتان جارێکی کە بدەنە دەست؟

لە پاش چەند ڕۆژێکی دیکە یادی کەتنی رێفراندۆمە و هەر بە ۲۰ ڕۆژیش دوای ئەوە ژەهری ئەو کەتنەمان لە ۱٥ و ۱٦ ی ئۆکتۆبەردا هەڵقوڕاندەوە. کە دەڵێم کەتن چونکە کەتن بوو لە نێو شەقامدا جاڕی سەربەخۆیی بوو هەر دوا چەند هەڕەشەیەکی بەغدا بوو بە تەنها ڕاپرسی خەڵکی و هیچی دیکە و دواتریش تکا کردن لە عەبادی. خۆزگە زوو بە زوو هەر دوای ئەو پەیامەی ناردتان بۆ بەغداد و داوای هێمنی و گفتگۆتان لێ کردن، هەر ئەو کاتە گەورەییتان نیشاندایە وەکو مەرجەع، وازتان لە شەڕی ڕاگەیاندن بهێنایە و دوای هێور بوونەوە بەوانەی خوار خۆتان بگووتایە لە گەڵ برادەرانی ئەو دیو دێگەڵە ڕێکبکەون و قەیوم ڕاکانتان لابردایە. نەک بە بیانووی ئارامە و ئارام نییە کەرکووکتان گەیاند بەم ڕۆژە.

بۆیە دەڵێم قەیوم چونکە ڕێک لە قەیوم ئەچێت. ئەو کە کەسێکی هەڵبژێردراو نییەو بڕیاری گەورەی نا یاسایی دەدات لە شارێک کە هەتا هاتنی نەیاندەناسی. ئەوەشی کە مایەی خۆشحاڵی بوو کرداری لابردنی بە دەستی برادەرانی خوار بەڕێزتان بوون، بەڵام لاتان نەبرد. چونکە هەتا ئەمڕۆش سەرۆکی حیزب و سەرۆکی بنەماڵە بوون نەک سەرۆکی هەمووان، کەرکووکیش جگە لە نەوتەکەی بۆتان گرنگ نەبوو.

سەرۆک ئێوە بە نیاز بوون کەرکووک بخەنەوە سەر نەخشەی کوردستان و لە دەستتان دا،  بەڵام ئامادە نەبوون ڕێگە لە قەیوم ئەرکان بگرن کە وا کەرکووکی بردەوە لای تکریت، هەر هەمووشی بە بیانووی ئەوەی کەرکووک ئارام نییە کە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کەرکووک خەمی ئێوە و جێنفوزی ئێوە نەبوو، ئێوە چۆن بیکەن و یەکێتی بیخوات، با هەر عەرەب بیخوات باشترە، کە ئەمەش جۆرێکە لە عینادی سیاسی کە دواتر بە ئینتیحاری سیاسیش کۆتایی دێت و نە مێژوو و نە خەڵکی کەرکووک نە لە ئێوە و نە لە یەکێتیشی خۆش نابێت، هەر نەبێت دەکرا ڕازی بوونایە بە پارێزگارێکی یەکێتی و لە سەر سیغەیەکی بڕیاری هاوبەش ڕێککەوتنایە و سەروەریشتان لای کەرکووکییەکان بۆ خۆتان تۆمارکردایە.

تازە کەرکووک کەوتۆتە بەر ڕەحمەتی هەڵبژاردنێک کە خەتوخاڵی دەموچاوی بە فڵچەکەی ڕاکان نەخشێنراوە. تاوانی ئەمەش لە ئەستۆی هەمووتانە بە بەرەی رێفراندۆم و دژی ڕێفراندۆمیشەوە.

تێبینی/  لە هەشتاکاندا لە کەرکووک وەکو نووکتەیە باسی نەخشەی کەرکووکمان ئەکرد و دەمانووت کەرکوووک لە دیوی عەرەب نشینەوە وەکو لاستیک بە ئارەزووی خۆت ئەتوانی ڕایکێشیت، بەڵام لە بەشی لای کوردستانەوە ڕەقەو بەکەڵکی ڕاکێشان نایەت دەستی بدەیتێ ئەقرتێ، ئەمە توانجێگ بوو لە رژێمی بەعس کە هەتا ۲۰۰۳ یەک مەتر زەوی لە سنوری ڕەحیماواو ئیسکان و ئازادی ...ئاوەدان نەدەکرایەوە بەلام گەڕەکی ڕێگەی بەغدا سنوری خواروو بوو درێژ بوویەوە و دەیان گەڕەکی لێ ئاوەدان کرایەوە، کە ئەم دوو ساڵەی دوای ۱٦ ئۆکتۆبەر هەمان شت درێژەی کێشا لە لایەن ڕاکان جبورییەوە.

دلێر محەمەد نووری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە