"كەركوك كوردستانییە".. دروشمێكی هەڵە لەپێناو نەبوونی ستراتیژییەكی روون

10/09/2019

د. ئەحمەدی مەلا

لە ژێر ناونیشانەكەی سەرەوە، كورد دەیەوێ بە یەك لیست لە هەڵبژاردنی كەركووك بەشدار بێ. دروشمێكە ختووكەی هەستێكی ماندوو، شكستخواردوو دەدات لە پێناو هەڵسانەوەیەكی بێ ئامانج. 

كاتێك ستراتیژ نامێنێ، هەموو بارستاییەك دەخرێتە ئەستۆی تەكتیك. تەكتیك وەك دارعەسای كوێڕێك بە تەنیا نازانێ ئاڕاستەكانی بدۆزێتەوە. بۆیە، ئەم دروشمە هیچ شتێكی نوێی پێ نییە جگە لە دەنگی كەرخی ئەو قەوانە سواوە نەبێ كە باس لە هەموو كارەساتەكان دەكات بە بێ ئەوەی باسی ئایندە بكات. ئەم پێداگرییە بۆ ئەم قۆناغە بە واتای هەرس نەكردنی پاروو زلەكانی دوێنییە، تێنەگەیشتنە لە سەرجەم ژێیە هەستیارییەكان، دواجار خۆ ئامادەنەكردنێكی روونە و دەیەوێ لەسەر تەختە شلۆقەكەی ئەم دروشمە هەڵسێتەوە.

مادامەكی یەكێك لە بەندەكانی ماددەی ١٤٠ جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێ دوا قسە بگەڕێتەوە بۆ لای خودی كەركووكییەكان، بۆیە دروشمی "كەركووك بۆ كەركووكییەكان" هەم هەڵگری روونبینییە، هەم ئاوڕدانەوەیە لە تەواوی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگارە، هەم بەستراوەتەوە بە دیدگایەك كە كراوە بێت بەسەر ئایندەدا، هەم دەتوانێ رۆڵی كۆكەرەوە ببینێت و كورد گوتەنی هاتنە خوارەوەیە لە كەلی شەیتان. كەركووك تۆپێكی ماندووە لە دەست ئەو یارییكەرە ماندووانەی كە گۆڵەكانیان لێ تێكدەچێ.

ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی