ئەمریكا دووبارە پشتی لە كورد كردەوە

08/10/2019

رێبین عومەر

لەسەرو بەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریكا، ترەمپ  سەرۆكی ئەمریكا كە ئەوكات بەربژێری كۆمارییەكان بوو، لەمەڕ كورد قسەیەكی كرد گووتی: كوردەكان جەنگاوەرێكی ئازان، زۆر كەس ئەوەی پێخۆش بوو كە ترەمپیزم وەك سەرۆكی گەورەترین زلهێزی دنیا ستایشی كوردەكانی كردووە و بە ئازای ناساندوونی بەڵام لە حەقیقەتدا ئەمریكا تەنها وەك جەنگاوەر لە كوردی روانییەوە و بۆ قۆناغی لەناوبردنی داعش بەكاری هێناوە و هیچ كاتیش وەك هاوپەیمانی سەرەكی لە كوردی نەڕوانییەوە بەڵكو لە بێدۆستیدا كوردی كردە هاوەڵی خۆی و كوردیش بە ساویلكەی خۆی هەموو هێلكەكانی خستە سەبەتی ئەو دەوڵەتەی كەنەبووە دۆستی.
 
ئەمریكییەكان جارێكیتر دەستیان لە كورد هەڵگرتەوە و وەك هێزێكی بێ پرەنسیپ، كوردیان لە رۆژئاوای كوردستان خستە سەر سینییەك ئاڵتوون و پێشكەش بە سەرسەخترین نەیاركرد كە دەوڵەتەكەی ئەردۆگانە.
 
ئێستا توركیا بە تەواوەتی ئامادەیی دەربڕییوە كە رووبەڕووی چەكدارە كوردەكان بێتەوە و ئەمریكا بەئاشكرا بە هێزەكانی سوریای دیموكراتی راگەیاندووە كە ئامادەنییە هیچ داكۆكیان لێبكات و رێگری لە نیەتی شەڕخوازی توركیا بگرێت . بەوجۆرە دەرگای جەنگێكی مەزن لە ناوچەكە واڵابوو كە دیار نییە ئەوسەری چی دەبێت.

كشانەوەی ناوەختی سوپای  ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان سەرباری ئەوەی وەك پیلان گێڕی دەبینرێت دژ بە ئەزموونی دەسەڵاتداری كورد و نەتەوە جیاكانی باكوری سوریا بەڵام لە هەمان كات دەستی توركەكان واڵادەكات بۆ لەناو بردنی ئەزموونی خۆسەری دیموكراتی كە لە باكوری سوریا كە بە خوێنی 11 هەزار شەڕڤان دروست بووە و لە ساڵی 2011 تا كو ئێستا توانییویەتی بەربگرێت لە فراوان بوونی دەسەڵاتی داعش و گروپە توند رەوەكان كە جیهان بە مەترسی سەرخۆی زانییوە.

ناوچەی نا ئارام 
توركەكان مەبەستیان ناوچەرەك هەبێت كە خۆیان دەسەڵاتەكەی ئاراستە بكەن و لە ژێر هەیمەنەی خۆیاندابێت چونكە دەمێك ساڵە دەوڵەتی توركیا دژی هەر كیانێكە كە كورد لە تەنیشیییەوە دروستی بكات، هەر لەبەر ئەوەش قسەیەكی باوی توركە رەگەز پەرستەكان هەیە كەدەڵێت ئەگەر خێمەیەكی كوردی لە ئەفریقاش هەبێت ئەوا ئێمە دژی دەوەستینەوە و لەناوی دەبەین.  بۆیە روونە كە ئەردۆگان و سوپاكەی نایانەوێت لە تەنیش سنورەكانیانەوە هێزێك هەبێت كە كوردبێ و لەژێر هەیمەنەی ئەوان نەبێت هەر لەبەر ئەوەش دەمێكە پلانیان بۆ ئەوەداڕشتووە كە ئەو ناوچانەی بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە، پێشتر زۆر چاویان لەسەر ئەوە بوو كە داعش تەواوی ئەو ناچانە بخاتە ژێر ركێفی خۆی بەڵام لە هەوڵە سەركەوتوو نەبوون ئەوەبوو فشاریان لە ئەمریكا كرد تا دەست لە كورد هەڵگرێت بەڵام دواجار بە چەند قۆناغێك ئەمریكایان قایلكرد كە دەست لە كوردەكان هەڵگرێت و رێگەیان بۆ بكاتەوە تا بە تەواوەتی هەژموونی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسەر خاكی رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێبهێنێت توركیا بەو خەونەی گەیشت بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ توركەكان كە چاویان لەسەر ئەوەیە ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن لەم لەشكركێشییەیان سەركەوتوو دەبن یان خۆیان و ناوچەكە پێكەوە دەسوتێن و بۆ چەند دەیەك شەڕو نائارامی درێژ دەكەنەوە، هەر ئەوەش چاوەڕوان دەكرێت كە توركیا لەم پلانە سەركەوتوو نەبێت و دووچارەی شەڕێكی ماڵوێرانی بێت.

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی