ترەمپ و كوردەكان

08/10/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

ترەمپ لە بڕیارێكی كت و پڕو لە ناكاودا و دوای پەیوەندیە تەلەفونیەكەی بە گەورە دیكتاتۆر ئەردۆغانەوە ،كشانەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند ، پێشتر ترەمپ وتبووی كوردەكان شەڕكەری ئازان ، ئەوە ئەو كاتەبووكە ئەمەریكا داوای لە كورد كرد لە شەڕی داعشدا هاوكاری بكات ، ئەو كاتە ئەردۆغان پەیوەندی ژێر بە ژێرو ئاشكرای بە داعشەوە هەبوو ،  ئەوەش شتێكی شاراوە نەبوو ، لە زۆر لاوە باسدەكرا ، ئەمجارە ترەمپ وتی كوردەكان  بە پارەو چەك شەڕیان بۆ كردووین ، هەڵبەت ئەو قسەیە ئەگەر هەقیقەتی ئەوەشی تیابێت كە بێچەك شەڕ ناكرێت ، تەنانەت سوپای ئەمریكاش پارەو چەكی نەبێت شەڕناكات ، بەڵام نا ئاكاری ئەوەشی تیایە كە كورد وەك بە كرێگیراو نیشان ئەدات .

دوای بڕیارەكەی كۆشكی سپی  ، من نامەیەكی كورتم بە نێو نیشانی "نامەی كوردێك بۆ ترەمپ"  نووسی ،دۆستێك پێی وتم زۆر سۆزدارانەیە ، من لێرەوە ناردم بۆ كونسڵیەو لە دەرەوەش هەوڵی خۆمدا بگات ، گەیشتوە یان نا ، ئەوە مەسەلە نیە ، ئەوە گرنگە كە ترەمپ بەو كارەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ناوخۆو دەرەوە بووەوە ، هیلاری ئەوی وەك خائینێك سەبارەت كورد نیشاندا ، جگە لەوەش نوسەرو هونەرمەند و رۆشنبیرو سیناتۆر و هتد لەو بڕیارە توڕە بوون ، ترمپ كوردە ئازاكان بە تەنیا بە جێدێڵێت ، بێ ئەوەی ئاگاداری مێژوو بێت كە سەدان ساڵە كورد بە تەنیا جێهێڵراوەو هێشتا بە پێوەیە .

نازانم توركیا ئەو پەلامارە دەدات یان نا ، بەڵام ئەمڕۆ لە هەر دەم زیاتر توركیا لە دۆخێكی سەختایە ، لە دەورو بەری خۆی هیچ دۆستێكی نیە ، وڵاتەكە زیاتر لە 450 ملیار دۆلار قەرزارە ، حزبەكەی ئەردۆغان لە كەناری هەڵوەشانەوەدایە ، تەنانەت ئەستەنبوڵ ئەستەنبوڵەكەی جاران نیەو خەریكە دەبێتە شارێكی نیمچە عەرەبی ، هەموو ئەمانە ئەردۆغانیان توڕەو پەست كردووە، ئەویش دەیەوێت داخی دڵی خۆی بە كورد بڕێژێت .

توركیاو ئەردۆغان و ئاكەپە كوردیان بۆ تەواو ناكرێت ، ئەوەی لەم نێوانەدا ناشرینی بۆ دەمێنێتەوە ترەمپە ، ئەو پیاوەی هەموو شتێك دەكات قوربانی پارەو بەرژەوەندی و قازانج ، جگە لە كاردانەوەی ناو ئەمەریكا بەرانبەر بڕیارەكەی ترمپ ، كاردانەوەی ئەوروپی و تەنانەت ئێرانیش هەبوو ، لە هاتنەكەی لاڤرۆفیشدا ئەوەی منی ئاسودە كرد ، ئەوەیە چ دكتۆر بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عیراق ، چ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە نیگەرانی نیشاندان بەرانبەر هەنگاوەكانی داهاتوی توركیا داوایان لە لاڤرۆف كردووە رێگری لە توركیا بكات ، بە دەر لەوەی لە سات و كاتی تردا سەبارەت هەندێ هەڵوێست رەخنەو سەرنجمان هەیە ، ئەمە هەنگاوێكی زۆر باشە ، یانی وێنەكە بە ڕوونی بەم جۆرەیە ئێستا ئەوەی تەنیایە كورد نیە ، ئەوانەی  تەنیان  ترەمپ و ئەردۆغا نن، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی ئومێدمان هەبێت و بەردەوام بین .

لەتیف فاتیح فەرەج 

  

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی