لەنسكۆی ئەیلولەوە بۆ سەركەوتنی شۆرشی ڕۆژئاوا

19/10/2019

دانا مه‌نمی

دیارە نوسین‌و توێژینەوەی مێژووی كارێكی‌ ئاسان نییە ، بەتایبەت لەسەر بابەتێكی‌ پر لە ململانێی‌ و گرنگی وەكو شۆڕشی ئەیلول ، بەشێكی زۆری مێژووی كورد كەوتۆتە ژێر كاریگەریی‌ سەركردە‌كانی شۆرش و لەپێناو بەرژەوەندیی‌ خۆیاندا مێژوویان نوسیوەتەوە ، زۆرجاریش كەمی‌ سەرچاوەی‌ باوەڕپێكراو بۆخۆی بووەتە گرفت لە توێژینەوەو نوسینەوەی مێژوودا .

ڕێكەوتنامەی (معاهدە الحدود الدولیە و حسن الجوار بین العراق و ایران) ناسراو جەزائیر لە٦ی ئازاری ۱۹۷٥ لە پایتەختی وڵاتی جەزائیر لە نێوان محەمەد ڕەزا پەهلەوی شای ئێران و سەدام حسێن جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بە چاودێری راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نەتەوەیی‌ ئەمریكا هێنری‌ كسینجەر واژۆكرا ، ئێران لە شۆڕشی ئەیلولدا ڕۆلێكی گەورەی هەبوو ، پاش ڕێكەوتنامەی جەزائیرمەلا مستەفا بەسەرۆكایەتی وەفدێك و ئەندامێتی دكتۆر مەحموود عوسمان و دكتۆر شەفیق قەزاز و موحسین دزەیی سەردانی شای ئێرانییان كرد. نەوشیروان مستەفا دەربارەی ئەو دیدارەی مەلا مستەفا لەگەڵ شای ئێران، دەڵێت:مەلا مستەفا لەگەڵ د.مەحمود و موحسین دزەیی بران بۆ دیدەنی شا. لەم دیدارەدا سەرۆكی ساواك جەنەڕاڵ نەسیری ئامادەبوو. پاش ئەوەی مەلا مستەفا دەستی شا ماچ دەكات، شا ڕێگای دانیشتنیان ئەدا و دەست ئەكات بە قسە و دەڵێ: ئێمە توانیمان ناكۆییەكانی خۆمان لەگەڵ عێراق كە ٤۲ ساڵە نەمانتوانی بوو لابەلا بكەین بەجۆرێ بەلادا بخەین كە ئێمە دەمانویست. ئێوەش خۆتان ئازادن لەوەدا چی ئەكەن .

موحسین دزەیی ئەندامی شاندەكەی مەلا مستەفا بۆ لای شای ئێران دەلێت : دوای ماوەیەك چاوەڕوانیی شا بە لووتبەرزییەوە هاتە ژوورەوە و سڵاوی لە ئامادەبووان كرد و پاشان گووتی: ئێوە سێ ڕێگەتان لەپێشە، یەكەم: عێراق لەسەر داواكاریی من لێبوردنی گشتیی بۆ هەمووان دەركردووە و دەتوانن بگەڕێنەوە. دووەم: لە ئێران بمێننەوە و وەكو هاوڵاتی ئێرانی ڕەفتارتان لەگەڵ دەكەین. سێیەم: دەتوانن شەڕ بكەن، بەڵام ئێمە هیچ یارمەتییەكتان نادەین و لەكۆتایی مانگی ئاداردا سنوور دادەخەین.

بەشێكی ڕێكەوتنامەی جەزائیر پەیوەندی بە شۆرشی ئەیلولەوە هەبوو كە ئەوكاتە لەژێر قیادەی مەلا مستەفا دژ بە رژێمی عێراق دەجەنگان ، بەپێی بەڵگەنامەیەكی سایتی ویكیلیكس پێش ئاشبەتاڵی شۆڕشی‌ ئەیلول مەلا مستەفا لە ڕێگەی سەرهەنگ (عیسای پەژمان) كە بەرپرسی دەزگای ساواك بووە  پەیوەندی كردووە بە ئێرانەوە داوای هەڵویستی كاربەدەستانی ئێرانی كردووە لەسەر مانەوە یان ئاشبەتاڵی شۆرش ، هەر بەپێی بەڵگەنامەكان مەلا مستەفا لەبارەی‌ كۆتایهێنانیی‌ شۆڕشی‌ ئەیلولەوە دانیپێداناوە كە لە ژێر فشاری‌ ئێراندا بڕیاری داوە پێشمەرگە چەكەكانیان دابنێن‌و ئاشبەتاڵێ لێبكەن و رووبكەنه ئێران،هەر لەو كاتەدا مەلا مستەفا داوای‌ لە ئەمریكا كردووە مافی‌ پەنابەریی بە خۆی‌و خێزانەكەی‌و كەسە نزیكەكانی‌ بدات.

خۆرئاوای كوردستان بە پێی رێكەوتنامەی سایكس پیكۆ بە دەولەتی سوریاوە لكێندراوە ، سنووری جوگرافیای خۆرئاوای كوردستان  لە پارێزگای حەسەكە هەریەك لە ناوچەكانی (قامشلۆ و دێرك و سەرێ كانی و عامودا و دێربەسی)دەگرێتەوە ،لە پارێزگای حەلەبیش هەریەك لە ناوچەكانی ( كۆبانێ و عفرین و جەبەل ئەكراد) دەگرێتەوە، كاتی خۆیشی بۆ بەشداریكردن لە شۆرشی ئەیلول، سەدان كەسیان لە خۆرئاواوە هاتنە باشوور و بوون بە پێشمەرگە ، خۆرئاوای كوردستان كاراكتەرێكی گرنگ بووە لە قۆناغی شۆرشدا لە باكورو باشور ،بەتایبەتیش بۆ هێنانی چەك و رێگەی پەیوەندیكردن بە دونیای دەرەوە ، خۆرئاوای كوردستان خاڵی پێكەوە بەستنی نەتەوەكانی كوردو عەرەب و تورك و ئایین و مەزهەبەكانی شیعەو سونەو ئێزیدی و مەسیحی، و چەقی ململانێیەكی جیهانی و ناوچەییە ، ئەوەش ڕاستە كە خۆرئاوای كوردستان ڕوبەرێ:ی بچوكە و ڕوبەرەكەی هیچ هەلێك ناداتە هێزەكان بۆ پاشەكشە بەمەبەستی خۆڕێكخستنەوە.

 لەگەڵ هەموو ئەو كارەساتانەی كە رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە عێراق و شام(داعش) هێنای دەرفەتێكی باش بۆ كوردانی خۆرئاوای كوردستان ڕەخسا ، كوردان لە خۆرئاوای كوردستان توانییان ببنە خاوەنی هێزی سەربازی و بەرگری لەخۆی بكات و ناوچە كوردستانیەكان لە ژێر چەپۆكی داعش و هێزەكانی تریش رزگار بكات ،دواتریش توانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ڕابگەیەنێ ، بەرگری شەرڤانان هەم خەباتە دژی دووەم هێزی ناتۆ هەمیش دژی دەیان گروپی تیرۆریستیی ئیسلامیی و شۆڤێنیستی عەڕەبیی ، بەرگری شەڕڤان لە ناوچەكانی سەرێكانی ومنبج و گەرەكە كوردیەكانی پارێزگای حەلەب دەستی پێكردووەو بووەتە مایەی شانازی هەم بۆ گەلی كورد و هەمیش لەسەر ئاستی جیهانی شانازی بەو هێزە دەكرێ، ئێستا پرسی خۆرئاواو باكوری كوردستان بووەتە كارتێك وپێكەوە گرێدراوە ، توركیا یان دەبێت پرسی خۆرئاوا قبوڵ بكات و كرانەوە لە باكور بهێنێتە ئاراوەو ئاشتی بگەڕێنێتەوە ناوچەكە یانیش ئەم دۆخە لە ژێر باری واقیعی سەربازیدا درێژە دەكێشێت و بەرژەوەندی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و ئێران-روسیا  دەكەونە بەر مەترسی و دواجاریش سزاكانی ئەمریكا بەسەر خۆیدا دەچەسپێنێت .

دانا مەنمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی