بێگومان لەباربردنی سیستمی کانتۆنەکانی رۆژئاوا ( خۆسەریی بەڕێوەبەریی ) ، سەرەڕای تورکیا خواستی هەریەک لە سوریاو ئێرانیشە ئینجا بەپلەی دووەم ئەمریکا و روسیاو ئەوروپای رۆژئاوا .
زۆرێک لەشرۆڤەکاران باس لەپرۆژەی کۆلین برێک ( ئەو حەوت دەوڵەتەی پێویستە هەڵبووەشێنەوە کەتەنیا ئێران ماوە ) دەکەن ، ئینجا هەندێکی دیکە پێشبینیی دەکەن کە ؛ تورکیا بەدەردی ئەفغانستان بچێت . هەرچەندە ئەردۆگان نەیتوانی هەموو پلانەکانی سەربگرێ و کۆی ئامانجەکانی بێنێتەدی کەرژێمی ئەسەد بڕوخێ و سوریایەکی پاشکۆ و دەستەمۆ دروست بکات بەڵام تورکیا تائێستاش لەقۆناخی هێرش بردندایە نەک بەرگریکردن ، هێرشەکانیشی بەئامانجی پاوانخوازی و فراوانخوازییە نەک هەستانەوە بەمایەی خۆ ، بەم بەڵگانەی خوارەوە :
۱ - لەپڕۆسەی ئازادکردنی عێراق ، رێگریی لەهاتنی هێزی هاوپەیمانان بەناو خاکەکەیدا کرد .
۲ - هەزاران داعش لەتەواوی کیشوەرەکان و لەڕێگەی فڕۆکە لەتورکیا دابەزین و ئینجا لەوێوە چوونە نێو سوریا .
۳ - لەبەرانبەر داگیرکردنی عەفرین ، هاوکار و هاوئاهەنگی روسیا بوو کەرۆژئاوا نەگاتە سەردەریا و گازی سروشتی روسیا بێبەدیل بێت .
٤ - بەبیانوی لێدانی "پەکەکە " پانتاییەکی زۆری لەباشوور داگیرکردووە و چەندان مۆڵگەی سەربازیی دامەزراندووە " باشیک دوو کاتژمێر لەکەرکوک دوورە " .
٥ - تڕەمپ دواجار گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆگان هەڵکرد و بەپێی رێککەوتنێک هێزەکانی هەسەدە بەقوڵیی ۳۲ کم بکشێنەوە ، بەئامانجی دروستکردنی ناوچەی ئارام .
چەند زانیاریی و ئاماژەیەک هەن کەلەهەر گوندێکی ناوچەبەناو ئارامەکە ، نزیکەی هەزار یەکەی نیشتەجێکردن بۆئاوارەکانی سوریا کەبەپتر لە ( ٥ ٫ ۲ ) ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێ ، دروست بکرێت .کەئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر رۆژئاوا وەک خاک هەم وەک دێمۆگرافیا .
سوڵتانەکان و کەمالیستەکانیش ئەزموون و شارەزاییەکی زۆریان لەجینۆسایدی نەتەوە جوداکانی نێو تورکیا هەیە . بۆیە گەر ئەم پرۆژەیە ( نیشتەجێکردنی ئاوارەکان ) سەربگرێ ، لەداهاتوودا کێشەی گەورە بۆکوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دروست دەکات ئەمەلەلایەک و ، لەلایەکی دیکە خەونی گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ ، چەندهەنگاوێک نزیکتر دەکات ( هەرچەندە ویلایەتی موسڵ پاروویەکی ئاسان نابێت ) ، بەڵام گەرەکیەتی رۆڵی گەورە بگێرێ لەگۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە .
ئەوەی سوڵتان پێی نەکرا ، ئەوەی ئەتاتورک پێی نەکرا ، ئەردۆگانی فاشیست دەیەوێ بیکات .
ئەحمەد دەروێش
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی