فـیكە لــێدان بـە لــێوی خـەڵـك

06/11/2019

حلمی رەسول رەزا

لەگەڵ هاتنە پێشی رووداوە خێراكانی سەر گۆڕەپانی عێراق و دەركەوتنی گۆڕانكاری  لە معادەلە سیاسیەكانی ئایندە، تێبینی ئەوە دەكرێت هەندێك لەسەركردە سیاسیەكان بەو پەڕی بەرپرسیاریەتیەوە رەفتار لەگەڵ دۆخەكەدا دەكەن و نایەوێ خۆیان لە واقیعەكان بدزنەوە و بەڵكو دەیانەوێ رووبەروو لەگەڵ داوای شەقام مییلیدا چارەسەرێك بۆ گرفتەكان بدۆزنەوە، لە هەمان كاتیشدا هەندێكی تریان وەك پیشەی هەمیشەییان و رێویانە دەیانەوێ سواری ملی پرسە ببن و خۆیان وەك فریشتە وێنا بكەن، دیارە ئەمە بۆ ماوەی چەند دەیەیە سروشتی سیاسەتكردنە لە عێراق و هەرێمێشی لێ بێ بەش نییە.

هەر كەسێ بەدواداچوونی هەبێت بۆ دۆخەكە، هەستی بەوە كردوە، لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندەرە خۆڕسكەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ئەجیندای تایبەتی و حیزبی و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی هاتۆتە گۆڕێ، تێكەڵ بوونی داواكاری و ئەجینداكان بە شێوەیەكە لێكجیاكردنەوەو هەڵس و كەوت كردن لەگەڵیدا تەنها پیاوی خۆی دەوێ. 

ئەو سەركردە ژیرانەی گەرەكیانە بابەتیانە دۆخەكە تێپەڕێنن بە چەندین شێوە رووی دەمیان تێكراوەو تۆمەتبار دەكرێن، لەلایەك وای دادەنێن ئەجیندای ئێران جێبەجێدەكات و ملكەچی هەژموونی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیە، لەلایەكی تریش تانەی ئەوەی لێدەدەن كە چاوەڕوانی ئەمریكایە بۆ بڕیاردان و بە پیاوی رۆژئاوا لە قەڵەمی دەدەن.

ئەوانەی رەخنەی روخێنەر دەگرن و نێوان رستەكانیان پڕكردوە لە زەهرو كینەو تۆمەت بەشینەوە، بێ ئاگان لەوەی خودی خۆیان لەناو فارگۆنێكی ئەو شەمەندەفەرەدا پاڵیان لێداوەتەوە كە یەكێك لە ئەندامانی ركابەرەكەیان كاپتنێتی، روون و ئاشكراشە كاتێ رۆشنبیرو رەخنەگرێك لێوی خۆی شك نابات بۆ فیكە لێدان پەنا دەباتە بەر لێوێكی خوازراو بۆ ژەنینی ئاوازی جۆری فیكە خۆوڵاتیەكەی.

لێرەدا مەبەستی سەرەكیم هەندێك لەو بەناو نوسەرو رۆشنبیرانەیە‌‌ كە خۆیان بە سەربەخۆ وێنا دەكەن، و كاتێ تەماشای رەخنەو هەندێ جار تەشهیر كردن و نوسینە ژەهراویەكانیان دەكەیت، دەبینی هەمان ئەو قسە و قەوانانە لێدەدەنەوە كە میدیاكانی حزب بالۆرەی بۆ لێدەدەن، لەكاتێكدا پێویستە و زەروریشە نوسینەكانیان بە دیدو بیرۆكەی جیاواز بخەنە ڕوو، پاشان خاوەندارێتی لێ بكەن و تەعبیر بێت لە ناخی خۆیان، بەداخەوە هەندێكیش لەوان پێش وەخت بڕیاریانداوە بگەنە چ ئەنجامێك، بەشێكی تریشیان لە ناشارەزاییەوە دەیانەوێت پێش رووداوەكان بكەون، بۆیە دونیای رەخنەی ئێمە پڕ بوە لە رق و كینە، پڕ بوە لە جوینەوەی بنێشتی دەمی یەكتری، لەم چەند رۆژەی دواییەدا كەمترین رەخنەم بەرچاو كەوتوە، كەمترین خوێندنەوەم بینیوە توانیبێتیان خاڵ بكەنە سەر پیتەكان و وردبینییان تێدا كرابێت، باشترین نمونەش بۆ ئەو قسەیە بریتیە لەو رەخنەو بۆچونانە كە لە بەنرخی هەڵوێست وەرگرتن خۆیان دەردەخەن و لە كۆتاییشدا هیچ نییە جگە لە فیكە لێدان بە لێوی خەڵكی تر.

حلمی رەسول رەزا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە