پەتەكەی بەرھەم ساڵح

09/11/2019

رێبوار كەریم وەلی

لە ٢٠١٢ و كاتێك ھیچ ناڕەزایەتییەكی ئەوتۆ لە شەقامی عێراقی(جگە لە ناوچە سوننە نشینەكان) لە ھەمبەر نوری مالیكیدا بەدی نەدەكرا (وەك ئەوەی ئەمڕۆ روو دەدات)، تاڵەبانی سینگی خۆی كردە قەڵغانی مالیكی و سەرباری ئەوەی ھەموو لایەك كۆك بوون لەسەر لادانی، نامەی دەستلەكار كێشانەوەی خۆی دایە دەست سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان و ئۆلتیماتۆمێكی دا بە ھەموو لایەك كە ئەگەر بیر لە لادانی مالیكی بكەنەوە، ئەو دەستلەكار دەكێشێتەوە!

بۆ تاڵەبانی ئەو كاتە دوو شەش بوو ئەگەر سەرۆك وەزیران لەكار لادرابایە، چونكە لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ٢٠١٠وە پتر لە شەش مانگی پێچووبوو تا حكومەتێك لە بەغدا پێك بێت و، بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆك وەزیران لێخرابایە، خۆی دەبوو بە حاكمی موتڵەق تا پێكھێنانی حكومەتێكی دیكە. تاڵەبانی ئەوەی نەكرد.

بۆ نەیكرد؟ سەرباری گوشارەكانی ئێران، تاڵەبانی پێیوابوو كە رەنگبێ بەغداش بە دەردی سوریا بچێ.

ئەوەی ئەمڕۆ روو دەدات رێك پێچەوانەكەیەتی؛ سەرۆككۆمار بەرھەم ساڵح ھەموو ھەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ ئیسقاتی حكومەتێك كە بە ھەموو شێوەیەك دەیەوێ تۆڵەی رابردوو بكاتەوە و گەندەڵكاران سزا بدات.

وتاری سەرۆك بەرھەم ساڵح سەبارەت بە خۆپێشاندانەكان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای ھەڵبژادنەكان( كە دەگوترێ لە خۆی زیاتر یەك كوردی تێدا نەبووە) و، تەنانەت ھاتنی بۆ ھەولێر بۆ ئیسقاتی حكومەت زۆر ئاشكرایە كە بەرھەم ساڵح لەگەڵ لاچوونی عادل عەبدولمەھدییە. ئەو باش دەزانێ كە ئەگەر حكومەت سقوت بكات، تا ھەڵبژاردن و پێكھێنانی حكومەتی نوێ(كە خوا دەزانێ چەندی پێ دەچێت) ھەموو دەسەڵاتە تەنفیزییەكان لای خۆی دەبێت و دەتوانێ لە سەردەمی زێڕینی تاڵەبانیدا بژییەت. 

لەوەشیاندا، پێگەی خۆی لای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە ناوخۆی حزبەكەشیدا وەك میراتگر و پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ماڵباتی تاڵەبانی جێگیر دەكات.

بەڵام لەو قۆناغەشدا، ئەمجارەیان سەرۆك بارزانی ڤیتۆی خۆی بەكار ھێنا و جارێكی دیكە توانی مەركەزی قەراری بەغدا بێنێتەوە ھەولێر.

ئەمما وەلاكین...
بەرھەم ساڵح وەك تاڵەبانیی پێ ناكرێت؛ لە سەر ھەموو پەتێك(تەنانەت ھی ناو پارتی و یەكێتیش) گەمە بكات. بە پشتگیریی خۆپێشاندەران دڵی ئەمریكا رازی بكات، گوایە ئێران لە عێراق دەردەكات!

بە كەمكردنەوەی نوێنەرایەتیی كورد لە كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكان(كە موقابیلە بە نوێنەرایەتیی توركمان!) و دابەشكردنی كورسییەكانی كەركوك بەسەر قەزاكان و، بەڵێنی ئەوەی كە قەت رێگە نادات چارەنووسی كەركوك بكەوێتەوە دەست پارتی و یەكێتی، دڵی توركیا راحەت بكات!

(لەوەشیاندا تەڵەیەكی بۆ پارتی ناوەتەوە كە پارتی موسڵ مسۆگەر بكات و لە بەرامبەر كەركوك دەنگی لێوە نەیەت...)

بەڵێنی ئەوە بە ئێران بدات كە رێگە نادات بۆشایی حكومەت ھەستی پێ بكرێت و مەتڵەبی گۆڕینی دەستوور وەك دیارییەك پێشكەش بكرێت بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.

لای كوردیش وا خۆی پێشان بدات كە ئەگەر حوكمی عێراق ببێ بە سەرۆكایەتی و ئەو ببێتەوە بە سەرۆكی عێراق، كێشەی كورد كە عێراق نەك ھەر چارەسەر دەبێ، بگرە كوردستان و عێراق دەبن بە دوو دەوڵەتی كۆنفیدراڵ.

سەرۆك بارزانی بڕیاری یەكلاكەرەوەی لە بارەی مانەوەی عادل عەبدولمەھدی داوە و ھێزە كوردستانییەكانیش لەگەڵ ئەودا ئامادە نین موغامەرە بە چارەنووسی میللەتەوە بكەن. ئەم بڕیارە ئەگەر بە ئاراستەی ویستی ئێرانیش بێت لە ناوچەكەدا، گرنگ ئەوەیە كە بەرژەوەندیی كوردستان لە پێش ھەموو حەز و ویستێكە.

بە دڵنیاییەوە ئەگەر ھەڵبژاردنی بەرھەم ساڵح وەكو سەرۆكی عێراق لە چوارچێوەی خواستی ھاوبەشی ھەموو ھێزە كوردستانییەكان بوایە، رەنگبێ ئەمڕۆ لە كوردستانیش پاڵپشتی لەوە كرابایە كە كوردێك رێشمەی ئوموری بەدەست بوایە، نەك پاڵپشتی لە عەرەبێكی شیعە كرابایە كە زامنی مانەوەی ھەرێم و مەعیشەتی كوردستانە.

خۆزگە ھێزە كوردستانییەكان بەقەدەر متمانەیان بە عەرەبێكی شیعە، متمانەیان بە سەرۆككۆمار ھەبوایە.

پەندێك ھەیە دەڵێ:«دوو جامباز لەسەر یەك پەت گەمەیان پێ ناكرێت و ئاخیرەكەی یەكیان دەكەوێ.»

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە