لە نێو چەكمەجەكەی سەرۆكی حكومەت چی هەیە؟

11/11/2019

سەرتیپ وەیسی

مەسرور بارزانی و شانازیكردن بە ریسایكلی پڕۆژە كۆنەكان
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی حكومەت، بە نوسراوی ژمارە (7887) لە رێككەوتی 16ی تشرینی یەكەمی 2019، نوسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، كە ڕەزامەندی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەرگیرا بۆ خەرجكردنی پارەی نەختینە بۆ ئەو پرۆژانەی كە ڕێژەی جێبەجێ كردنی داراییان لە (85%) بەرەو سەرەوەیە، كە بە لیستێكی هاوپێچ دیاری كراون و ژمارەیان (148) پرۆژەیە. 

بە لیستێكی تر (76) پرۆژەی دیاری كردوە كە ڕێژەی جێبەجێ كردنیان لە (75%) بەرەو سەرەوەیە.

بەپێی بەدواداچوونەكان و ئەو نوسراوانەی دەست كەوتوون، راگەیاندنی تەرخانكردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژانە لە لایەن سەرۆكی حكومەت سەرەتایەكی خراپی حكومەتی نوێیە، بەمەبەستی چەواشەكردنی ڕای گشتیی و سرینەوەی دەستەكەوتەكان پێشووی حكومەت بەهۆی ئەو بەڵگانەی لە نوسراوەكەدا هاتووە چونكە :

بەپێی نوسراوەكەی حكومەتی هەرێم، پارە تەنها بۆ ئەو پڕۆژانە دابیندەكات، كە گرینگ و هەنووكەین و ئەوانی دیكە دەكەوێتە دوای باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم ئەو بڕگەیەش لە نوسراوەكەدا هاتووە، كەواتە دۆخی ئێستای حكومەتی هەرێم وەكو پێشووترەو ڕاگەیاندنی تەرخانكردنی ئەو بڕە پارەیە، تەنها بۆ نەهێشتنی فشارەكانی سەر حكومەتەو، دەیانەوێ بڵێن دەستمان كردووە بە ئەنجامدانی پڕۆژەكان، لەكاتێكدا نە پارەی پێویست لەبەردەستدایە، نە هیچ پڕۆژەیەكی نوێی تێدایە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی قەیرانی دارایی.

بەپێی بەدواداچونەكان و پەیوەندیكردن بە بەشێك لە بەڵێندەرەكان، بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانە لە ئێستادا (100%) تەواو بوون و سەرجەم شایستە دارایییەكانیان وەرگیراوە و ئەمەش جێگەی چەندین پرسیارە؟

كە ئایا دەكرێت زۆرینەی ئەو پڕۆژانەی كە سەرجەم كارەكانیان تەواو كراوەو سەرجەم شایستە دارایی یەكانیان وەرگیراوە و تەنانەت بارمتەكانیشیان وەرگیراوەتەوە، بەڵام حكومەت لێی بێ ئاگا بێت ؟

چۆن دەكرێت لە دوای چەندین ساڵ لە تەواو بوونی ئەو پرۆژانە و دوای وەرگرتنی سەرەتایی و كۆتایی پڕۆژەكان جارێكی ترو سەر لەنوێ ڕەزامەندی خەرجكردنی نەختینەیان بۆ دەربكرێت؟

ئێستا پرسیار ئەوەیە كە چۆن دەكرێت حكومەت ئاگاداری ئەو پرۆژانەی خۆی نەبێت كە ساڵانێكە تەواو كراون و سەرجەم پارەكانیان خەرج كراوە ؟ ئایا دووبارە ڕەزامەندی خەرجكردنی تەرخانكردنی بودجە بۆیان جێگەی گومانی گەورە نیە؟

بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانەی ئێستا حكومەت ئیعلانی كردووە كە پارەی بۆ تەرخاندەكات، تەنها بەشێكی كەمی ماوە تەواوبكرێت و هی حكومەتی ڕابردووە، كەواتە حكومەت بەم كارە دەیەوێ هەم كارەكانی كابینەی پێشووی خۆی دەسڕێتەوە، لە هەمانكاتیشدا پڕۆژەی حكومەتی پێش خۆی دەكاتە دەستكەوت بۆخۆی.

كاتێك سەرۆكی حكومەت تەرخانكردنی ئەو پارەیەی بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیاند، دەبوایە لیژنەكانی پەرلەمان بە داداچوون بكەن تاوەكو بزانن ئەو پارەیە لە كوێیەوە هاتووەو چۆن خەرج دەكرێت؟ ئەگەر پارەش نییە و تەنها بۆ تەواوكردنی پڕۆژە كۆنەكانە دەبووایە بە پەرلەمان بە حكومەت بڵێت ئەو دڕۆیانە چیە و بۆچی چەواشەكاری دەكەن ؟!

كەواتە دوای تێپەربوونی 100 ڕۆژ حكومەتی نوێ جگە لە هەڵگرتنی كۆمەڵێك دروشم و هەڵگرتنی شوێن پێی حكومەتی پێشوو هیچی دیكەی نەكردووه، ناشتوانێت جیاوازبێت لە حكومەتەكەی بەر لەخۆی، ئەو بانگەشانەشی دەیكات زۆربەیان بە تاڵن، بە پێچەوانەی ئەو ئومێدانەی بۆ خەڵك دروستكراون، تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێكی هەڵنگرتووە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی گەورەو هەویەكی دیاریكراویشی نییە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی