یەک دوو قسە لەبارەی یەکێتییەکەی جارا

12/11/2019

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەماوەی پێشوودا دەمی هەر کادیر و ئەندام سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەک دەکەیتەوە، دەڵێت: با یەکێتی بکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران. جارێک پێش هەموو شتێک دەبێت بپرسین یەکێتییەکەی جاران کامە بوو؟ ئەی یەکێتییەکەی ئێستا کامەیە؟ ئایا هیچ جیاوازییەک لە نێوان جاران و ئێستادا  هەیە؟ لە هەمووشی گرنگتر دەبێت بپرسین بۆچی دەبێت یەکێتییەکەی ئەمڕۆ بکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران ؟
ئەم پرسیارانە ئەوەمان پێدەڵێن کە یەکێتی لە ئەمڕۆدا لە کێشەیەکی گەورەی سیاسیی و ئیداری و فکری گەورەیە، ئەمەش لە زاری زۆرێک لە بەرپرسانی ئەم حزیبەوە دەووترێت. فرانسیس فۆکۆیاما فەیلەسووفی ناسراوی ئەمریکا لە کتێبی " رەگوریشەی سیستەمی سیاسی" دەڵێت: کاتێک سیستەمە سیاسییەکان ناتوانن خۆیان لەگەڵ باردوخە گۆڕاوەکاندا بسازێنن، ئیتر داڕمانی سیاسی روو دەدات.  
هەمیشە مرۆڤیش کاتێک کێشەی هەبێت لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە و هیچ داهاتوویەکی ڕوونی نەبێت، ئەوا هانا بۆ نۆستالۆژیا دەبات و خەون بە یادەوەرییە خۆشەکانی دەبینێتەوە. 

بەڵام با پرسین یەکێتی جاران چۆن و کامە بوو؟!
یەکێتی لە سەردەمێکدا دروستبوو کە تارمایی نائومێدیی و تاریکبینی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا کێشابوو، بزووتنەوەیەکی جەماوەری گەورەی چەکداری کە هەزارن چەکداری هەبووە لەناوچووە، سەرکردەیەکی کاریزمایی ئیعلانی وازهێنان لە شۆڕش دەکات. لەبەرامبەریشدا رژێمێکی بەعسی دڕندە کە بە ناوی هاوپەیمانییەوە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی " شیوعی" کپکردووەو خۆی بۆتە پاڵەوانی مەیدانی سیاسی عیراق و کوردستان، تەواوی دەوڵەتانی جیهانیش بە بلۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاواوە، دۆستی رژێمی بەعسن و پشتگیری دەکەن، هەروەها   دەبێتە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و نەوتی ، لەهەمانکاتیشدا رۆژ لە دوای رۆژ سوپای عیراق بەهێزتر دەبێت. لە کوردستانیشدا بەهۆی ئەو نائومێدییە گەورەیەی کە ئاشبەتاڵ هێنابووەی ئاراوە، شەپۆلی خۆفرۆشی و جاشایەتی زیاد دەبێت. 
ئا لەم رەوشە ترسناک و نائومێدییەدا، کۆمەڵێک گەنجی خوێندەوارو خوێنگەرم، دژی هەموو ئەم رەوشە سیاسییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانییە دەوەستنەوەوبڕیاری بەرخودان دەدەن، ئەوان لەناو ئاسمانی نائومێدیدا ، موژدەی هیوا لەگەڵ خۆیان دەهێنن، هەرچەندە زۆرکەم کەسیش باوەڕیان پێدەکات. لەماوەیەکی ئێجگار کەمدا، جەماوەری کوردستان بەتایبەتی هەژارو  زەحمەتکێشەکان، باوەشی گەرم بۆ ئەم حیزبە دەکەنەوە. 
 بەڵام بۆچی یەکێتی ئێستا  خەون بەو یەکێتییەی جاران دەخوازێت؟
چونکە لەو کاتەدا یەکێتی حزبێکی خۆشەویست بوو لەناو جەماوەر. دیارە ئەم خۆشەوسیتییەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار:
پێش هەمووشتێک تەواوی ئەوانەی کە چرای هیوایان بەرز کردەوە، نەوەیەکی نوێ بوون، تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 40 ساڵ دەبوو، یەکێتی لە سەرەتاکانی دروستبوونیدا، حزبێکی تەواو گەنج بووە، حزبی نەوەی نوێ بووە، نەک تەنها لە تەمەندا نوێ بووە بگرە لە رووی شێوازی کارکردن، فکری سیاسی دا، تەواو نوێ بووەو جیاواز بووە لە حزبەکەی پێش خۆی. لە هەمووشی گرنگتر سەرکردەکانی ئەم حزبە چ لە شاخ و چ لە ناو شار و  زیندانیشدا، ئەرکە گەورەو مەترسیدارەکانیان دەگرنە ئەستۆ، ئەوان پێش پێشمەرگە و تەنزیماتەکانی ناو شار دەکەوتن و دەچوونە ریزی یەکەمی قووربانیانەوە. هەروەها لەو ساڵانەدا " مبد‌و" لە " مەسڵەحەت" گرنگتر بوو. کەسێک لە زیندان سازشی بۆ رژێم بکردایە ، لەناو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیدا، ریسوا دەکرا. لەوکاتدا ئەم حیزبە ، هیوای خەڵكی رەنجدەرو زەحمەتکێش و هەژارو جووتیارانی کوردستان بوو، بەتەواوەتی حیزبی سەرمایەدارو ملیۆنلێرەکان نەبوو. لەهەمووشی گرنگتر پشت و پەنای پارچەکانی تری کوردستانیش بوو.
ئەی یەکێتییەکی ئێستا چۆنە؟
یەکێتییەکەی ئێستا تەواو جیاوازە لە یەکێتییەکی جاران، نەوەکو جاران دەتوانێت هاوکاری پارچەکانی تری کوردستان بکات، نە دەتوانێت وەکو پێویست داکۆکی لە بەرژەوەندی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش و رەنجدەران بکات، بگرە لە هەندێک رووەوە بۆتە حزبی سەرمایەدارەکان ، پێش چەند ساڵێک بەرپرسێک شانازی بە ژمارەی ملیۆنێرەکانی سلێمانییەوە دەکرد. لەهەمووشی ترسناکتر، یەکێتی ئەو جەماوەرییەی جارانی نەماوە. 
بەڵام دەبێت چیبکەین تاوەکو ببینەوە بەیەکێتی جاران؟ 
پێش هەمووشتێک دەبێت بگەڕێینەوە بۆسەر ئەو بنەما فکریی و سیاسییانەی کە ئەم حزبە لەسەری دروستبوو، واتە دەبێت ئەم حیزبە خاوەنی ئایدۆلۆژیاییەکی فکریی و سیاسی خۆی هەبێت، بەشێوەیەک لە حزبەکانی تری جیابکرێتەوە. دەبێت یەکێتی ببێتەوە بە حزبی رەنجدەران و هەژاران و داکۆکی لە مافی ئەوان بکات و دژی رێچکەی سەرمایەداری باو بوەستێتەوە، چونکە چینی سەرمایەدار چ   لە قۆناغی خەبات و تێکۆشان، چ لەکاتی تەنگانەدا، پشتگیری یەکێتی نەکردووە لەهەموو کاتێکی تەنگانەشدا،ئەوە تەنها خەڵکە هەژارو زەحمەتکێشەکەیە دێت بەهانای یەکێتیەوە. لەهەمووشی گرنگتر دەبێت بەشێوەیەکی جددی کاربکات بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و سزادانی ئەوانەی کە حزب و حکومەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن. هەروەها  رێگە بە نەوەیەکی نوێی ئەم حزبە بدرێت، تاوەکو مەشخەڵی حزبەکە هەڵبگرن و  بەرەو سەرکەوتنی بەرن، گەر وانەکەن ، ئەوا بەدڵنیاییەوە وەزعی لە ئێستا خراپتر دەبێت.    

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی