هاواری كەركوك

13/11/2019

مەلا فرمان

دوای تەعریب، حیزب خۆرەی كەركوك
لە دامەزراندنی كابینەی ٩ وە زۆر گوێبیستی چاكسازی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی دەبم، بۆ زیاتر لە ٤ مانگ دەچێت هیج هەنگاوێك دیار نیە.  بواری پەروەردە دەنگی بەرزترە. ئەگەرچی لە كرداردا لەم بوارە پەروەردە لە ئاستی نەك زۆر نزمدایە بەڵكە بە پێچەوانەوە بەرە و خراپتر و خاڵی سفر دەچێت. فەیسبوك بەسەر بڕیاری وەزارەتی پەروەردەدا زاڵە، دەركردنی بەڕێوەبەرێك لەسەر ئەوەی بە خوێندكار كار دەكات یان قوتابخانەیان پێ پاك دەكەنەوە نیشانەی بێپەروەردەكردنی مناڵە. هەر لەم بوارە دێمە سەر كەركوك: 
یەكەم: 
لە نێوان هەردو قوتابخانەی ئامادەیی كچان،  كۆچەر ( گەڕەكی تەپە) و چوارچرا ( رەحیمئاوا)، یەكەم یەكێتی و دوەم پارتی ململانێیەك تا سەر ئێسقان هەیە، تا ئەو رادەیەی دەیانەوێ یەكتر بسڕنەوە، لەم نێوەندەشدا قوتابی دەبێتە قوربانی. قوتابخانەی ٤چرا ناوی دەركردوە قوتابیان دەیانەوێ لە قوتابخانەكەنای ترەوە بۆ ئەوێ بگوازرێنەوە بە تایبەتی لە پۆلی شەشی ئامادەیی، لەم گواستنەەیە رێگری دەكرێت. لای قوتابخانەی كۆچەر پێیوایە كە بەڕێوەبەری پەروەردەی كوردی ( پارتیە) دەستی لەم كێشەیە هەیە و پشتیوانی ٤ چرا دەكات. بۆ زیاتر زانین فەرمون خۆتان بە دواداچونی بۆ بكەن.
دوەم: 
دابەشبونی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بەسەر كادرە حیزبیەكانی یەكێتی و پارتی ئاشكرایە و قسەی ناوێ. لەم رۆژانە بەڕێوەبەریكی سەر بە پارتی لەگەڵ چەند مامۆستایەك دەچنە سەر مەزارگەی مام جەلال، جگە لەمە ئەم پیاوە ماوەیەكە ئابونەی حیزبی نادات. لێرەوە بیانوی پێ دەگیرێ و دەیانەوێ لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە لای ببەن، لەم بارەوە نە بەڕێوەبەری پەروەردە نە ناڕەزایی قوتابیان و مامۆستاكانی قوتابخانەكە نە كەسێكی تر هیچیان بۆ ناكرێت. مامۆستا بەر لەوەی لای بەرن خۆی داوای لابردن و گواستنەوە دەكات بۆ قوتابخانەیەكی تر. دوا هەوڵ مامۆستاكان و قوتابیان لەبەر خۆشەویستیان بۆ بەڕێوەبەركە دەچنە لایی و داوای لێدەكەن بگەڕێتەوە و ئابونە بە پارتی بدات. ئابونە درا و گەڕایەوە شوێنەكەی خۆی.
بۆ جەنابی:
وەزیری پەروەردە:
لێرەوە بەردی بناغەی  پەروەردە سەقەت دادەنرێت و چەوتوچێڵ دەردەچێت. ئەم بناغەیە پێمان دەڵێت لەم چوار ساڵە و چەند ٤ ساڵێكی تریش رەنگە بتواندرێ خەڵك فێری نوسین و خوێندن بكرێت، بەڵام دور لە پەروەردە. بۆ كەركوكیش بە زەروری دەزانم بەدواداچون بكە كە:
1- بۆچی مامۆستا و قوتابی كورد لە كەركوك دەگوازرێنەوە بۆ هەرێم.
2- چەند خوێندكاری عەرەب لە شارەكانی باشور و ناوەڕاستەوە دەگوازرێنەوە بۆ كەركوك.
3- بۆچی ژمارەی خویندكارانی  خوێندن بە زمانی كوردی بەرە و كەمی دەچێت. گەر بەم شێوەیە بڕوات لە چەند ساڵی داهاتو بەرەو نەمان دەچێت.
سەرۆكی هەرێم:
لە ئاهەنگی دەرچونی ئەفسەران لە زاخۆ، جەنابی دەفەرموێ " پێشمەرگە دەبێت پێشمەرگەی نیشتمان بێت نەك حیزب". ئەمە وەك قسە راستە، بەڵام كردنی بە كردار ئەستەمە، چونكە خۆی دەزانێ:
1- كێ فەوجی جەكداری هەیە، چەند بەرپرس و مەكتەب سیاسی، چەند پاسەوانی دیوەخان هەن.
2- هێزی ٧٠ و ٨٠ .
جەنابت كەسی یەكەمی دەسەلاتی جێبەجێكردنی، دەزانیت لە ١٩٩٢ ئەم قسەیە دەكرێت، ویستی هەمو تاكێكی كوردە. باشترە جەنابت قسەی لەسەر نەكەی بەڵكە دەست پێبكەی. چونكە رونە دوبەرەكی بو لە ١٦ ئۆكتۆبەر هاواری لە كەركوك هەڵساند.
رای بەندە و شەقام
ئەوەندەی لەگەڵ خەڵك و تەنانەت بەشی زۆری كادرە حیزبیەكانیش دەدوێم هەنگاوی یەكبونی هێز لە ٢ باردا دەكرێت:
1- فشاری دەرەكی بگاتە ئەو رادەیەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی بكەوێتە خەتەرەوە.
2- بومەلەرزەیەكی سیاسی روبدات و دەسەڵات گۆڕانی ریشەیی بەسەردابێت و سیستەمی حوكمڕانی بگۆردرێت.
ئەوەی ئەم پرۆسەیە و تەواوی جومگەكانی حكومەتی توشی ئفلیجی كردوە و قەیران دوای قەیران بەرۆكی ئەم هەرێمە دەگرێت، ئەوەیە كە تا ئێستا لەم هەرێمە تەنها عەقڵی دەسەڵاتداری ناوچەیی، خێڵەكی، حیزبی  زاڵە نەك دەوڵەتداری. لێرەوەش كەركوك و كەركوكیەكان بەر لە هەرێم بە بەردەوامی باجەكەی دەدەن.

مەلا فرمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی