بەرەو كۆنگرەی حزبە گەورەكانی هەرێم

14/11/2019

سەرتیپ وەیسی

حزبە گەورەكانی هەرێمی كوردستان زۆرینەیان لە سەروەختی كۆنگرەدان، یاخود لە ناو پڕۆسەی كۆنگرەدان. یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، پارتی، بەشێك لە هەنگاو گفتووگۆكانیان لەوبارەیەوە دەستپێكردووە، زۆرینەیان دەیانەوێ لە كۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو بەخۆیانەوە سەرقاڵ بن و بارودۆخی ناوخۆیان رێكبخەنەوە.

كۆنگرەی یەكێتیی (1)
ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆتە كارێكی حەتمی لەماوەی 25 ڕۆژی دیكە ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش كۆنفراسە ناوخۆییەكان لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێدەكات، ئەو حزبە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٣ كۆنگرەی چوارەم ببەستێت. ئێستا كە لەسەرووبەندی كۆنگرەدان، ململانێكان زیاتردەبن، ڕۆژانە گفتووگۆو رێككەوتنی بەردەوام لە نێوان جەمسەرەكان هەیە، ڕۆژانە پێشنیازو سیناریۆ بۆ داڕشتنەوەی هەیكەلی ئەو حزبە گۆڕانكاری بەسەردادێت.

هەموو ئاماژەكان بۆئەوەیە كە ئەمجارە كۆنگرە بەشێوازی تەوافوق دەبێت و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی لێ ناكەوێتە، بە تایبەت لە نێو جەمسەرە گەورەكانی ئەو حزبە ( ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و گروپی كەركووكییەكان و گروپی جافەكانی نێو ئەو حزبە).

ئەم كۆنگرەیە بەراورد بە كۆنگرەكانی رابردوو، بچووككراوە دەبێت ، ژمارەی ئەندامەكان لە هەزار ئەندام تێەپەرناكات، دیاریكردنی ئەندامانی شارەكانیش لەسەر بنەمایی دەنگی دوو هەڵبژاردنی یەك لە دوای یەكە.

تا ڕادەیەكی زۆر بەرهەم صاڵح دەبێتە واجهیەی ئەو حزبە، دەسەڵات و پۆستەكانی خوار كەسی یەكەمیش لە نێوان ماڵی مام جەلال و كۆسرەت رەسوڵ دابەش دەبێت، ئەمجارە كۆسرەت رەسوڵ جگە لە خۆی كوڕەكانیش دەباتە سەرەوە.

لە ماڵی تاڵەبانی هەموو هەوڵەكانی بافڵ ئەوەیە دەسەڵاتەكانی خۆی بگەیەنێتە كەسی یەكەم دووەم، بەڵام پێناچێت تموحەكانی بە تەواوی جێبەجێببن، بە تایبەت دوای چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە لە لایەن مام جەلال و هێرۆخان، ئێستا ئەوان بە لاوازی دەردەكەون.

كوڕانی بنەماڵەكان لە نێوشیان بافل و لاهور و قوباد تاڵەبانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و ئەوانی دیكە، دەچنە لوتكەی دەسەڵاتی ئەو حزبە، لەبەرامبەریشدا مەكتەبی سیاسی و كارگێرانی پێشووتری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە ڕۆڵیان وەكو پێشووتر نامێنێت.

زۆربەی ئەو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئێستا هەن لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە، جگە لەو كەسانەی كە خۆیان ئارەزووی كشانەوەیان هەیە، لەبەرامبەریشدا ژمارەیەك لە ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی دیكەی نوێ سەردەكەون، دوای ئەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی زیاتر دەكرێت.

ئێستا باڵی ماڵی تاڵەبانی، ماڵی كۆسرەت رسوڵ، باڵی بەرهەم ساڵح، ڕۆژانە لە گفتووگۆی چڕدان، هەر لایەك هەوڵی چڕینی زۆرترین جومگەی حزبەكە دەدات بۆخۆی، بەڵام سرینەوی یەكتر ڕوونادات، شەش ساڵ دواخستنی كۆنگرە باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی نەسازاند، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە بسازێن.

كۆنگرەی یەكگرتوو (2)
شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بڕیار لەسەر وادەی ئەنجامدانی كۆنگرەی هەشتەمی ئاسایی خۆی دەدات و بەپێی زانیارییەكانیش وادەكە دەكەوێتە مانگی داهاتوو، زیاتر لە 900 ئەندامیش بەشداری ئەو كۆنگرەیە دەكەن.

لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنفراسە ناوخۆییەكانی خۆی لەبارەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە تەواوكرد، وابڕیاریشە شەممەی داهاتوو 16 تشرینی دووەم، ئەنجومەنی سەركردایەتی پرسی وادەی ئەنجامدانی كۆنگرە یەكلایبكاتەوە، زۆرینەش لەگەڵ ئەوەدان وادەكە بكەوێتە كۆتایی ئەم مانگە، یاخود سەرەتای مانگی داهاتوو كۆنگرە ببەسترێت.

بەپێی زانیارییەكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی پرسی جیاكردنەوەی سیاسەت لە بانگەواز یەكلادەكاتەوە، كە ئایە لە كۆنگرەی هەشتەمی ئەو حزبە بیخاتە بەردەم ئەندامانی كۆنگرە، یان نا.

ئەبو بەكر كاروانی و جەماعەتەكەی پڕۆژەی خۆیان بۆ كۆنگرە پێیە، دەیانەوێ یەكگرتوو بە تەواوی لەڕووی ئاڕاستەی سیاسی و فكری بگۆڕن ، هەڵگری دروشمی جیاكردنەوەی بانگەوازن لە سیاسەت، لەبەرامبەردا ئەمینداری ئیستاش دەیەوێ ئەو كارە بكات، بەڵام بە فۆڕمێكی دیكەی جیاواز.

هەرچەندە ئەگەری زۆرە ئەمیندار ركاربەرێكی هەبێت كە ئەبوبەكر كاروانییە ، بەڵام جارێكی دیكە سەلاحەدین محەمەد بهائەدین خۆی بۆ پۆستی ئەمیندای گشتیی ئەو حزبە كاندید دەكاتەوە.

یەكگرتوو لەساڵی ١٩٩٤ ەوە حەوت كۆنگرەی بەستووە، ئەو حزبە یەك جار ئەمینداری ئاڵوگۆڕكرد، ودواتر سەلاحەدین بەهادین گەڕایەوە سەر كورسی یەكەمی حزبەكە.

یەكگرتووی كێشەی دارایی زۆری هەیەو ماوەی چەند مانگێكە رووبەرووی قەیرانی دارایی سەخت بۆتەوە، بەشێك لە ئۆرگانەكانی ناچار بە نبو موچەیی كراونەتەوە. یەكێك لە كێشەكانی ئەو حزبە نەبوونی گوتارێكی سیاسی ڕوونە.

یەكێك لە كێشەكانی یەكگرتوو پرسی ئۆپۆزسیۆنبوونە، كە لەنێوان سەركردایەتی و فراكسیۆنی یەكگرتوو ناكۆكی لەسەرە، هەندێك پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەر و دەكەن،هەندێكیش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنێكی نەرم دەكەن كە رەچاوی پەیوەندییەكانی یەكگرتوو بكات، ئەمەش وایكردووە وەك بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری هەرێم دەرنەكەون.

یەكگرتوو ئیسلامی بەراورد بە ساڵانی زێرینی خۆی پاشەكشەی زۆری كردووە، بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنی ڕابردوو، وەكو پارسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان حسابی بۆ ناكرێت، هەربۆیەش ئەگەر ئەو كۆنگرەیە دادی یەكگرتوو نەدات و مشورێك لەخۆیان نەخۆن، پێگەیان لە چوارچێوەی چەند خانەوادەیەكی موحافیزكاری ئاینی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.

كۆنگرەی كۆمەڵ (3)
بۆ كۆمەڵ-یش كۆنگرەی چوار جیاوازەو بەكێشەوە پێدەنێتە كۆنگرە، پێش كۆنگرە سەركەوتوو نەبوو لە گێڕانەوە بەرپرسە ناڕازییەكان، بە تایبەت ئەندامانی سەركردایەتی پێشووی وەكو سەلیم كۆیی و سەعید هەركی و ئیسماعیل رەسوڵ لەگەڵ سەدان ئەندام و بەرپرسی ناو مەڵبەندەكانی ئەو حزبە.

رێكخستنەكانی كۆمەڵ لەو پەری خراپی و نا دامەزراوەیدایە، لەسەر ئاستی ئەنجومەنی سایسی و سەركردایەتی ناكۆكی هەیە، ناكۆكییەكانی عبدالستار مەجیدو محەمەد حەكیم بە تەواوی لەم دوایانەدا هەستی پێكراوە، بە تایبەت دوای ئەوەی عبدالستار مەجید لە حكومەت هاتە دەرەوە.

تاڕادەیەك كۆمەڵ لە دوای علی باپیر، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبردنی ئەو حزبە كە خۆی لە ئەنجومەنی سیاسی و بانگەواز دەبینێتەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، خوارەوە لە ئەدای سەرەوە رازی نییە، سەرەوەش شوێنەكانیان بۆ خوارەوە چۆڵ ناكەن.

شێوازی كاركردنی كۆمەڵ زۆر كلاسیكییە، حزبەكەیان دەسەڵاتی تەنانەت بەسەر ئەندامانی فراكسیۆنەكانیشیان نییە، دیسپلینی حزبی و میتۆدی سزاو پاداشت بەشێوەیەكی نا عەدالەتی لە نێو ئەو حزبەدا لەماوەی ڕابردوو پەیڕەكراوە، ئەمەش زەڕبەی گەورەی لەو حزبە داوە، بەشێوەیەك كاردانەوەی لە نێو ئەو حزبە دروستكردووە.

كۆمەڵ بە هەمان شێوەی یەكگرتوو گرفتی دارایی هەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی زیاتر لە سێ مڵیۆن دۆلار لەم دوو ساڵەی كۆتایی لە دەستدا، بەهۆی ئەوەی پارەكەیان خستە نێو مامەڵەیەكی بازرگانی، بەڵام دواتر زەرەریان كرد.

سەر ئێشەی گەورەی كۆمەڵ بۆ ئەم كۆنگرەیە، پاشگری (ئیسلامی)یە، حزبەكە بەسەر دوو ئاڕاستەی دژ بەیەكدا دابەشبوون بەشێكیان بە توندی لابردنی پاشگری ئیسلامی رەتدەكەنەوە، بەشێكی دیكەیان بە ئەمیری كۆمەڵیشەوە لەگەڵ لابردنی پاشگرەكەن.

گوشارەكانی پارتی و گۆشەگیركردنی ئەو حزبە كاریگەری هەبووە لەسەر ئەو حزبە، ئێستا ئەوانیش بە هەمان شێوەی یەكگرتوو گوتاری سیاسیان ڕوون نییەو نەیانتوانیوە لەگەڵ بارودۆخی ناوچەكە خۆیان بگونجێنن. راستە لەڕووی كورسیەوە زیادیان كردووەو یەكگرتووی ئیسلامیان تێپەراندووە، بەڵام لەڕووی دەنگ و جەماوەرە كەمیان كردووە، لە نێو ناوەند ئاینییەكان و توێژی دیندارو مامۆستایانی ئاینیش پێگەیان لەق بووە.

كۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێ لەم كۆنگرەیەدا دروشمی ئاینی لە نێو ئاڵاكەی دەربهێنێت و ناوی ئەمیریش بگۆڕێت بە سكرتێر، یاخود هەرشتێكی دیكە.

لە نێو كۆمەڵی ئیسلامی قەیرانی سەركردە هەیە، هەربۆیەش جارێكی دیكە علی باپیر بە ناچاری لە شوێنەكەی خۆی دەمێنێتەوە وەكو كەسی یەكەم حزب، چونكە كۆمەڵەكان و دەرەوەش باش ئەوە دەزانن علی باپیر واتە كۆمەڵ، بۆیە مانەوەی وەكو كەسی یەكەم بە گرێنگ دەزانن.

كۆنفراسی نیشتمانی گۆڕان (4)
بزوتنەوەی گۆران لەساڵی ٢٠٠٩ وە تا ئێستا دەبوو پێنج كۆنگرەی ببەستێت، گۆڕان ئێستا لە ناو پڕۆسەكەدایەوە لە ١٤ی٩ی 2019، خانەی نوێی راپەڕاندن و رێكخەری ئەو حزبەی هەڵبژارد، بەبێ گەڕانەوەی زویرەكان هەرچەند لیژنەیەك لەوبارەیەوە پێكهێنرابوو، لە دیاریترینیان عوسمانی حاجی مەحمود، قادر حاجی عەلی و عەبدوڵا كوێخا موبارەك و عەبدوڵای مەلا نوری و د.محمەد علی و ....هتد.

وابڕیاریشە لە كۆتایی ئەمساڵ، یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوو كۆنگرە، یاخود كۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان ئەنجامبدرێت و پێناچێت هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە كێشەی تێبكەوێت، چونكە تاڕادەیەكی زۆر دوای هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەراندن و رێكخەری گشتی و دیاریكردنی بەرپرسی ژمارەیەك ژوور، كێشەی دیكە ڕووبدات، بەوپێەی بەرەی ناڕازیی و ڕازی بە تەواوی دەستەبەرداری یەكتربوون، گۆڕان ئێستا بۆتە حزبێكی بچووكی لە قالبدراوی كوڕەكانی نەوشێروان موستەفا.

كۆنگرەی پارتی (5)
پارتی دەبوو ساڵی ٢٠١٥ كۆنگرەی چواردەیەمین بكات، بەڵام ئەوان باس لەوەدەكەن بەهۆی بارودۆخی كوردستانەوە نەپڕژاونەتە سەر كۆنگرە، گفتوگۆكان لەسەر كۆنگرە لەنێو پارتی لەنێو ئەندامانی خێزانی بارزانی قەتیس ماوە، هەر ئەو گفتوگۆیانەش چارەنوسی پارتی و كۆنگرە یەكلایی دەكەنەوە.

لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاردان لەسەر زۆرینەی پرسەكان لە دەست بنەماڵەی بارزانیەو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی دسەڵاتەكانیان دیاریكراون، تاوەكو ماڵباتی بارزانی بڕیار لەسەر خۆ نوێكردنەوە نەدەن، هیچ دەنگێكی ناڕازیی لە سەرەوەو خوارەوە نابیسترێت.

پێش كۆنگرە ناكۆكییەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كەوتوونەتە بەرچاو، تاوەكو حكومەت نەكەوێتە سەر سكە چاوەڕێ ناكرێت كۆنگرە سازبكرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٤٦دامەزرا، تاوەكو١٣كۆنگرەی بەستووە، لە كۆنگرەی یەكەم تاوە كۆنگرەی نۆ، مەلامستەفا بارزانی سەرۆكی حزب بوو. لە دوای مردنی ناوبراو مەسعود بارزانی سەرۆكە، دوایەمین كۆنگرەی پارتیش ساڵی 2011 بوو.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە