سلێمانی.. شارێك لەچاوەڕوانی خۆپێناسەکردنەوەی ڕۆڵە مێژووییەکەیدا

14/11/2019

ئه‌بوبه‌كر كاروانی


یادی ٢٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی لەسلێمانیەکان وهەموو کوردو کوردستانیەك پیرۆز بێت. بۆیە دەشڵێک هەموو کوردو کوردستانیەك، بەحوکمی ئەوەی مێژوو دەڵێت شاری سلێمانی شاری هەمووان بووە،بەشێ لەپێویستیەکانی پاراستنی ناسنامەی ئەم شارەش هەر لەوەدایە بەشاری هەمووان بمێنێتەوە.

بۆئەوەی بەشاری هەمووانیش بمێنێتەوە،دەبێت لەپاڵ دەرکەوتنی وەك مەڵبەندێکی خەباتی ڕیفۆرمخوازیی نوێ ودەنگێکی دلێر لە پێناو داد پەروەری کۆمەڵایەتی بەئاقاری ناو خۆدا،بۆناوخۆو دەرەوەش پارێزگاری لەپێگە مێژوووییەکەی وەك مەڵبەندێکی نیشتمانپەروەرێتی کوردستانی وبیری سەربەخۆخوازی بمێنێتەوە.ئەو ڕۆڵەی لەڕووی دیرۆکیەوە خۆی خوڵقێنەری بووە. ڕاستیش نیە لەسایەی هیچ شرۆڤەو پاساوێکدا سازشی لەسەربکات.یاخود بە پێشمەرجێکی پێشەنگ بوونی خۆی نەزانێت.

زۆرگرنگە سلێمانی شارێکە بەدەستپێشخەری کورد خۆی دروست بووە.هێمای گەورەبوون و فراوان بوونی خەونی میرێکی کوردو دەستەبژێرێکی ئەو کاتەی کوردستان بووە.جوگرافیا لەدوو ڕوەوە ڕۆڵێکی گرنگی لەدامەزراندنیا گێڕاوە. لەڕووێکەوە بۆئەوەی بواری گەشەکردنی لەبەردەمدا کراوەو ئاسان بێت،لەڕووێکی ترەوە بۆئەوەی لەفشارو پاڵەپەستۆی سنور بەدوورتربێت وئاسایشی پارێزراوترو بواری خۆسەری بیرکردنەوەی فراوانتر بێت.

تاکو باخچەی پشتەوەی خەڵك نەبێ وگەرلەگەڵ یەکێکیشدابوو لەچوار چێوەی لێتێگەیشتنی هاوبەش وبوونی بەرژەوەندی وکەمکردنەوەی زیانەکان بێت.لەسایەی موڵکی بابانیشدا هەرکاتێ لەم بنەمایە لادرابێت سلێمانی ئازاردراوەو پێچەوانەی فەلسەفەی بوونی بزاوت کراوە.چونکە سلێمانی بە گوزارشتی  زانایەکی ئەوکاتە بارەگای سەڵتەنەتی کوردستان بووە. هەوڵی داوە نەمەحکومی عەجەم و نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان  نەبێت.

شارێکە ڕوحی یاخی بوون بەشێکە لەکولتوری دانیشتوانەکەی.بەڵام هەندێ جار خودی ئەم کولتورو هەستە ئازادیخوازو کراوە ، بەناوی خۆی و دژبەمێژوو ناووو ناوبانگ وکەسێتی ئەو بەکا رهێنراوە!!.کیبریائی برینداری ئەم مەڵبەندە مەزن ودێرینەی فەرهەنگ وکوردایەتی ونوێخوازی وخۆڕاپسکاندن لە چنگی ستەم وسەرکوت وسیاسەتی پەراوێز خستن، هەندێ جار بەئاقارێکدا سوودی لێ وەرگیراوەو وەزیفەیەکی بۆ دیاریکراوە ، لەگەڵ ڕوحی پایتەختبوونی ئەو لەڕووی فیکری وسیاسی ونەتەوەییەوە ناکۆك بێت.چونکە ناشێ سلێمانی ناسنامەی خۆی لە  ململانێ نەزۆکە لۆکاڵیەکانەوە وەربگرێت وبکرێتە ڕەمزی خۆ گرمۆڵە کردنێکی ناوچەیی بەرتەسك وداخراوو قانگدراو بەهەستی ڕەتکردنەوەی بەرامبەری نێو خۆیی.

لەبەرئەوەی سلێمانی بۆئەوە دروست بووە پایتەخت بێت.ڕۆڵی دڵ ببینێت نەك دەست وقاچ. کاتێ ناشبێت بەپایتەختی ئیداری دەبێت بەشداربێت لە بڵاو کردنەوەی کولتوری پایتەخت قبوڵکردن وڕەخنە بگرێت لەهەر سیاسەت وهێزو کولتورێك ڕێگە دەگرێت پایتەخت ناوەڕۆکی خۆی تەواو بکات،کەئەوەش  بەئەوە دەبێت لە سەرو دابەشکرد نەوە سیاسیە نێو خۆییەکان بێت وبۆ هەمووان بێت وبەهە مەڕەنگی بمێنێتەوە.سلێمانی دەبێت خۆی وەك جەمسەرێکی نێو خۆیی سەیر نەکات  ،چونکە کارێکی لەم جۆرە، بچوکی دەکاتەوەو ڕێگەدەگرێت پەیامە مێژوویەکەی خۆی بگەیەنێت.بەڵکو سیاسەتی جەمسەرگیری لۆکاڵی بخاتە ژێر فشارەوە، لەوسۆنگەو کە ڕۆڵی چەند قات دەکاتەوەو مەرجەکانی کێبڕکێش بەقازانجی کرانەوە وئازادی زۆرترو فراوانتر دەهێنێتە دی.گرنگە سلێمانی بەسەرمەشقی  زیندوێتی ویاخی بوونی ئیجابی بمێنێتەوەو بەرگری لە فرەیی وئازادی وکرانەوە بکات وسەکۆی بانگەشەی چاکسازی ودژایەتی گەندەڵی وناعەدالەتی وخراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ،  گرنگیشە  نەهێڵرێ ئەم دۆخە سەری لەپۆپۆلیزم و شەکەتکردنی حساب بۆنەکراوی شەقام ونائومێدیەوە دەربچێت،وێنەی شارێکی ماخۆلانی لێ بگیرێت،نیگەرانیەکەی وەك شیزۆفرینیای سیاسی وبێ ئاسۆیی دەربکەوێت .چونکە سلێمانی دەتوانێ زۆرشت بکات ،  بەڵام  ئەمە ڕەتکردنەوەی هەندێ پێناسەو ڕۆڵ وخاوەندارێتی ساختە ، یاخود کاڵ وکرچ وبڕگەیی وکاتی دەخوازێت.دووبارە ڕوانینەوە خۆو خۆپێناسە کردنەوە ولەپێش گرتنی ستراتیژی بەقوربانی نە بوونی حساب بۆنەکراو ی دەوێت.

بۆئەوەی مەزنێتی وسەنگینی سیاسی وئەرستۆکراتێتی ئەخلاقی بڵاو بکاتەوە.هەرسرك وهەستیارو زیندوو بێت ،بەڵام دووربینتر وقەدری خۆزانتر و بەبەرنامەترو کۆکراوەترو ئازادتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی