ئـــــــــــایـــــــــــا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

18/11/2019

سامان وەستا بەكر

دوژمنی دوژمنەكەم دوژمنمە
ئەو سیاسەتەی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان وبەتایبەتی و سێ بەشەكەی تری كوردستنایشا بەشێوە گشتیەكەی بەڕێوە ئەبرێ پشت بەستووە بەو پەندە كۆنەی كە ئەڵێ (دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە) كە ئەمە ئەگەر بۆ سەردەمانێك كاری پێكرابێ بەهۆی سانای ژیان و دووری ناوچەكان لەیەك، بەهۆی نەبوونی ئامێری گواستنەوەی خێرا و نەگەشتن هەم بە دۆست و هەم بە دوژمن، چونكوم بۆ هەر پەیوەندی بەستنێك كاتێكی زۆریان پێویست بووە بۆیە زۆرترین كات پێوەی پابەندبوون و هەركاتێك دوو لایەن لەسەر دوژمنە هاوبەشەكەیان هاوڕابووبن ئەوا خۆیان بوون بە دۆست بۆ دوژمنایەتی لایەنی سێیەم، بەڵام چیتر ئەو تیۆریە كاری پێناكرێ  بۆ ئێستا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا و خێرای ئامێرەكانی گوستنەوە  كە بەشێوەی جیاواز و ئاسان و تێچووی كەمەوە لەبەردەستان.

ئەگەر دوێنێ دوژمنی دوژمن دۆست بووبێ ئەوو ئەكرێ ئەمڕۆ دوژمنی دوژمنەكەم دوژمنی منیش بێت یان دوژمنێكی هاوبەش بێت لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندی دۆستانە یان پێچەوانەكەی ڕێكنەخرێت.

نەك كایەی ڕامیاری بەڵكو ئەوەی باوە لەناو كۆمەڵگەو خێڵ و تاكەكانیشا هەر پشت بەستن بەو دەستەواژەیە دۆستایەتی و یار و نەیار مامەڵە ئەكرێن و پەیوەندیەكان دائەڕێژرێن كە ئەكرێ هۆكارێك بووبێ و تا ئێستاش هۆكارێك بێ بۆ بەهەڵەداچوون.

ئەوەی مێژوو بۆمان ئەگێڕێتەوانێ كورد جا چ خێڵ یان مێرنشێن یان خێزانێكی باڵادەست یان حیزبێكی سیاسی بووبێ هەمیشە لەكاتی ناكۆكیاك پەنای بۆ ئەو دەوڵەت و هێزە ناوچەییانە بردووە كە دوژمنی برای نەژادەكەی بووە تا لە پەنایا  سەركەوتنێكی كاتی بۆ خودی خۆی یان خێڵ و خێزان و حیزب بەدەست بهێنێ لەبەرامبەر دۆڕان و ماڵوێرانی بۆ كورد و خاك و ناشرێن كردنی مێژووەكەی، بەجۆرێك مێژووی كورد پڕە لەو پەنا بردنە بۆ دوژمن ڕاودوونان و بێ هێزكردنی كورد بە دەستی كورد كە ئەكرێ ٣١ی ئاب ڕوونترین مێژووی نوێ بێ كە كۆی ئەو نەوانەی گەواهی دەری ئەوەن ئێستا لە ژیانا ماون.

لەدواین پەیامی ئاڕاستەكراوی سەرۆكی هەرێم نێچیروان بارزانی بە ئاسانی هەست بە پەیڕەوكردن و پابەندبوونی ئەو دەستەواژەیەوە ئەكرا (دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە) كە ووتی (توركیا  كێشەی لەگەڵ كوردا نیە بەڵكو كێشەی بوونی پ.ك.ك هەیە) لێرەشا مەبەستی ئەوەبوو  یان ڕاستر لەلایەن خەڵكانی غەیرە كوردەوە وا لێك ئەیرێتەوانێ كە ئەو كۆمەڵ كوژی و داگیركاریەی توركیا لە ڕۆژئاوا ئەیكا كارێكی ئاساییە چونكە ئەوان دوژمنی پ.ك.ك و  هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ نەتەوەی كورد نیە، واتە داپۆشینی داگیركاری "توركیای دۆستی پ.د.ك" بەرامبەر تاوانبار كردنی "پ.ك.ك دوژمنی هاوبەشی توركیاو بەداخیشەوە پارتی".

سەرۆكی هەرێم كە پێێ ئەچێ پەیامەكەی پێگەشتبێ لە توركیاوە نەیتوانی ئەو ناكۆكیە سیاسیەی نێوان پ.د.ك و پ.ك.ك تێپەڕێنێ و كاری بە دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە كردو پەیامێكی بە جیهاندا، كە میلەتی كورد یان لایەنی كەم حكومەتی هەرێم تێگەشتنی بۆ ئەو داگیركاری و خوێنڕێژیەی توركیا هەیە چونكە ئەوان كار بۆ پاراستن و توندوتٶڵ كردنی سنوری خۆیان ئەكەن لەبەر ئەو هۆكارە ڕەوای بەهێرشەكانیان ئەدرێ ئەگەرنا توركیا كێشەی لەگەڵ میلەتی كوردا نیە و بگرە دۆستیشمانە  ئەمە لەكاتێكا زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەكە و هەرێمایەتی و جیهانیش ئەو هێرشە بە داگیركاری و پاكتاوی سیاسی بێ بنەما و مەبەستی شاراوەش لێێ پاكتاوی نەژادی ئەناسێنن.

ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە كەسێك یان لایەنێك یان حیزبێكی سیاسی هەبێ لە سەدەی بیست و یەكا تا ئێستاش بۆ دژایەتی لایەنێكیتری هاونەژاد پەنا بۆ نەتەوەیەك و وڵاتێكیتر بەرێ و مێژوو دەستی نەسوتانبێ!

پەیوەندیەكانی نێوان پەكەكە و پارتی ئەگەرچی ساردیشبێ یان پێشتر هەرچۆنێك بووبێ بەڵام هەرگیز ئەمانە نابێ ئێسكی یەكتر بشكێنن، بەڵام مەخابن ئەوەی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم ئەیكەن لە هاوكاری كردنی توركە مەگۆلیەكان هەر دووبارە كردنەوەی "دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە"یە كە ئەمە هەڵەیەكی مێژووی ناشرین ن وقێزەون و ئابڕو تكێنە و ئەبێ نەفرەتی لێبكرێ چونكوم ڕاستیەكەی ئەوەیە (دوژمنی دوژمنەكەم دوژمنی منیشە)، ئەوەتا توركە مەغۆلیەكان نایشارنەوە و پڕ بەدەم هاوارەكەن و ئەڵێن هیچ كیانێكی كوردیان گیرانیە ئەگەرچی لە هەسارەیەكی تریشبێ و ئەوەی ئێستاش لە باكوری عێراق هەیە بەزمانی ئەوان كە مەبەستیان هەرێمی كوردستانە پێشتر بەهۆی ڕەوشی ناوچەكەوە سەپێنراوە بەسەریانا ئەگەرنا ئەوەشیان پێ زۆرو ناپەسەنە بەڵام ڕاستیە مێژووەكەی ئەوەیە كە لەو سەردەمەی حكومەتی هەرێم دروست بوو توركیا وەك وڵات بێ هێز بوو ئەگەرنا هەر ئەو كات ڕێیان نەئەیا حكومەتی هەرێم ڕووناكی ببینێ.

كوردستان لە مێژووی دوور و درێژیا زۆرجاو كەوتۆتە نێوان دوو زلهێزەوە یان زیاتر، ڕێڕەو بووە بۆ لەشكركێشی ئیمپراتۆرەكان بۆ سەر وڵاتێكی تر، یان شەڕگای شەڕكەران بووە و هەر‌ هێزێك شكستی خورادبێ لە چیاكانی كوردستان خۆی شاردۆتەوانێ.

ئەم جەنگانە كاریگەری جیاواز و ناجۆری لەسەر ئابوری و ڕامیاری و كۆمەڵایەتی و بگرە دەروونی كورد بەجێهێشتووە و خراپ بەسەریا شكاوەتەوە.

ئەگەر بە خێرای تەماشای مێژوو بكەیەن هەر لە هەزارەكانی پێش زایینەوە هەتا ئەمڕۆ، شاڵاوی هێرش و لەشكركێشی و پاشەكشێی هێزەكان بەناو كوردستانا ئەبینرێت. هەر لە سۆمەرو ئەكەد و بابلیەكان و فیرعەونی و ئاسوری و ئورارتۆو سەكسی و حسی و ولیدیەكانەوە هەتا ئەگاتە یۆنان و مەكدۆنی و ڕۆمەكان و پاشتریش بۆ سەردەمەكانی هەخامەنشی و ئەشكانی و سلوقی و ساسانیەكانەوە تا ئەگاتە فتوحات"داگیكاری" ئیسلام و سەردەمەكانی ئەمەوی و عەباسیەكان، بە هێرشی تەتەر و مەغۆل جەنگیزخان و هۆلاكۆ و تەیموری لەنگ و ئیلخانی و جەلائری و ئۆزبەگی و ئەفشاری و تەیموری و سەفەوی و قاجاریەكانەوە، سەدەی نوێ و ئیمپریالیستە ڕوسی و هەڵگیرسێنەرانی جەنگە جیهانیەكانی یەكەم و دووەم و هەتا جەنگی عێراق ئێران و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

هەموو ئەمانە یان شەڕەكانیان هێناوەتە  خاكی كوردستان یان كوردیان كردووە بە گژی لایەنێكیتری دژی خۆیان یان كورد كراوەتە سوپەری هێزێكیتریان وەك وەرەقەیەك بۆ پاڵەپەستۆ لەسەر لایەنێكیتر یان كوردی ناوچەیەك كراوە بە گژی ناوچەیەكیترا، بۆ هەموو ئەمانەش هەمیشە كورد بەوە لەخشتە براوە كە دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە و هەمیشەش ڕاستیەكەی ئەوە بووە كە كورد وەرەقەیەك بووە لە یاریەكانا و هەمیشە هەردوولایەنی شەڕكەر دوژمنی كوردن.

یەكێك لەو نەگبەتیانەی لە مێژووە كوردی تێوەگلاوە و تا ئێستاش شوێنەواری وەك سێبەر بە دوای كوردەوەیە شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ی زاینی بوو، ئەم شەڕە بەجۆرێك كوردی زەرەرمەند بووە لێی بە هیچ جۆرێك دەەلایەنی شەڕ عوسمانی و سەفەوی زەرەرمەند نەبوون و كارێكی كردووە كە تا ئێستاش ماڵی كورد كۆنابێتەوە و هەمیشە لایەنە بیرە ئایدیا جوداكانی كورد لەژێر سێبەری یەكێك لەم دوو بەرەی شەڕەی چاڵدێرانان كە لە ئێستایا لە توركیای مەنگۆلی و ئێرانا خۆیان نمایش ئەكەن.

كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان بەهۆی خەمساردی و بەرژەوەندی كەس و خێڵ و حیزبە سیاسیەكانەوە هەمیشە  لەژێر باڵی ئەم دوو وڵاتەیان و دژایەتی یەكتر ئەكەن و بۆ پشت شكان و دۆڕانی یەكتر یەكێكیان ئەبێتە جاشی توركیا و ئەوی تریشیان ئێران هەر فێر نەبوون كە دوژمنی لایەنێك یان بەرەیەك یان حیزبێك یان كانتۆن و هەرێمێك دوژمنی هەموو كوردە بێ جیاوازی!

پرسیار:
ئــــــایــــــا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

سامان وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی