پەیامی پشتیوانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەنێوان ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!

18/11/2019

شوان حەمە

.
لەچەند هەفتەی ڕابردوودا دوو ڕووداوی گرنگ تووشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوون.
ڕووداوی یەکەم: هێرشی سوپای تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا لەچەند هەفتەی ڕابردوودا.
ڕووداوی دووەم: خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا.


لەسەرەتای هەردوو ڕووداوەکەدا دوو پەیام، وەک هەڵمەتی پشتیوانی لەفۆرمی هاشتاگی تویتەر، لەفەیسبوک بڵاو بووەتەوە، ئەو پەیامە پشتیوانیانە لەڕێگەی تەکنیکی ئەلتیکترۆنی مۆدێرن، بەئاسانی دەتوانرێت بلکێ بە وێنەی پرۆفایلەکانەوە.


لێرەدا هەوڵ دەدەم بەراوردێکی کورت سەبارەت بە پاشخانی فیکری و دنیابینی هەردوو پەیامەکە بکەم، بەو هیوایەی لەداهاتوودا گرنگی زیاتر بە ڕەهەندە فکری و نێودەوڵەتییەکانی ئەو جۆرە پەیام وهەڵمەتانە بدرێت.

هەڵمەتی یەکەم: Save Rojava
پەیامی پشتیوانی "Save Rojawa" (ڕۆژئاوا بپارێزە)، بەهۆی نوسینی بە زمانی ئینگلیزی، زۆر بە خێرایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاو بووەوە. "Save Rojava" بوو بە دروشمێک بێجگە لەکورد، سەدان چالاکوانی لەسەر ئاستی جیهان، لەپشتی خۆی کۆکردەوە. هەمانکات لەرێگەی میدیا جیهانییەکانەوە دەیان هەزار کەسیتری لەپرسی ڕۆژئاوا ئاگادارکردەوە.
پەیامی پشتیوانی Save Roava داوایەک و هاندانێکە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا، داویەکە بۆ جوڵە و چالاکی دژی ئەو هێڕشانەی دەکرێنە سەر ڕۆژئاوا.
هەر لەهەناوی ئەم هەڵمەتەدا، هەڵمەتێکیتر بۆ بایکۆتکردنی تورکیا کەوتە گەڕ کەئەویش بەهەمان شێوە و بەهەمان تەکنیک تا ئێستا بەڕێوەدەچێت.

هەڵمەتی دووەم: "دڵمان لای ڕۆژهەڵاتە".
ئەم پەیامە بە زمانی کوردی (زاری کرمانجیی ناوەند) نوسراوە، لەژێر کوردییەکەدا بە پیتی لاتین هەمان پەیام نوسراوە (Dilman lay Rojhelate)
"دڵمان لای ڕۆژهەڵاتە " داوا نییە! هاندان نییە، بەڵکو پەیامێکە داوای هاوسۆزی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. دەکرێت کەسێک لەماڵی خۆی دابنیشێت و بەدڵ هاوسۆزی کوردانی ڕۆژەهەڵات بێت. لێرەدا کاریگەری پەیام و هەڵمەتەکە کۆتایی دێت.
"دڵمان لای ڕۆژهەڵاتە" پەیامێکی سنوردارە بۆ ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، تەنها کوردانی ئەو دوو بەشە تێێدەگەن. پەیامێک نییە بۆ کوردان بە گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی!

بە هیوای کۆردنەوەی زۆرترین پشتیوانی بۆ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کوردانی ڕۆژهەڵات و گەلانی ناڕازی ئێران.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی