ئەگەر سیسی نەبووایە

29/11/2019

پەیکار عوسمان

ئایدۆلۆژیا تا نەچێتە دەسەڵات و کاتی خۆی وەرنەگرێ، سیحرەکەی بەتاڵ نابێتەوە ویلایەتی فەقێ، چل ساڵە لەسەر حوکمەو بە تەواوی کاتی خۆی وەرگرت و تازە بڕوخێ و نەڕوخێ، چۆڕی سیحری تیانەماوە.
کە خراشە تەنەکەی خۆڵەوە، ئیتر ئەم  زبڵە کۆتایی دێ و جارێکی تر سەرهەڵناداتەوە. چونکە ئێرانییەکان پێشئەوەی لە حوکمدا فڕێیبدەن، لەناو خۆیاندا فڕێیانداوەو هیچ سیحرێکی نەماوە لەسەر بیرو هۆشیان! یەعنی ئێستا ساتێکی مێژووییەو شیعەو ناوچەکە، لەبەردەم ڕزگاریی یەکجاریدان لە ئایدۆلۆژیای شیعیزم.

خۆ ئەگەر دوای ڕوخانی شا، خومەینیش دوای ساڵێك بڕوخایە، ئێستاش خەڵکی ئێران مەستی کاسێتەکانی بوون و خەیاڵیان بە حوکمی ویلایەتی فەقێوە لێئەدا! بەڵام چونکە کاتی خۆی پڕکردو حەقیقەتی دەرکەوت، ئیتر کەس خەیاڵی پێوەلێناداو سیحری ئایدۆلۆژیاش ئەو خەیاڵەیەو کە ئەو خەیاڵە مرد، ئیتر ئایدۆلۆژیا خۆری ئاوابووە!

بەڵام کێشەی سونە ئەوەیە، سونیزم لەدەسەڵاتدا، بە تەبیعی نەڕۆشت و بەشی ئەوە کات و فرسەتی وەرنەگرت، کە سیحرەکەی لەناوەوە بەتاڵببێتەوەو خەڵك خۆیان تفیبکەنەوە! لەڕاستیدا خراپترین شت ئەوەبوو کە "ئەمریکا" تاڵیبان و "عەسکەر" ئیخوانی ڕوخاند!

ئەم دوو نمونەیە، ئەگەر بەردەوامبوونایەو کاتی خۆیان وەرگرتایە، هەرزوو لەناوەوە سیحریان بەتاڵ ئەبووەوەو تووڕئەدران. وەحشی ئایدۆلۆژیاش کە لە شوێنی خۆی سەری پانکرایەوە، ئیتر لە شوێنی تر ڕاست نابێتەوە. چونکە لە شوێنی تر، ئەگەر هەشبێ لقی هەیە، بەڵام لە جێگای خۆی ڕەگی هەیە!

ویلایەتی فەقێ بڕوخێ و نەڕوخێ تازە سیحرەکەی چۆتە زبڵدانەوە، بەڵام سیحری حکومەتی جیهادی و ئیخوانی هەر هەیەو سونەکان بەردەوام خەیاڵی پێوەلێئەدەن، بۆ هەرکێشەیەك یەکسەر ئەگەڕێنەوە بۆئەوەی کە ئیسلام حەلە، ئیسلامەکەش مەبەستیان حوکمی وەهابیەت و ئیخوانە!

بەڵام شیعەکان جارێکی تر ناگەرێنەوە بۆ ئەو وەهمە، چونکە بە چل ساڵ ئەو قۆناغەیان بڕی و تێگەیشتن کە شتەکە کێشەیە نەك حەل.

جیهادیزم و ئیخوانیزم نەك سیحری خۆی ماوەو بەتاڵنەبۆتەوە، بەڵکو کە بە ناتەبیعی و لەڕێگەی ئەمریکاو ئینقیلابەوە لە دەسەڵات خران، ئیتر سیحری مەزوڵومییەتیشیان بەدەست هێنا!
یەعنی لەو کاتەیا کە سیحری شیعیزم بەتاڵ ئەبێتەوە، سونیزم هێشتا لەبری سیحرێك دووانی هەیەو قوڕەکەی زۆر خەستترە!

ئێستا ئەردۆگان ڕێك خەریکی ئەوەیە کە سیحری عوسمانیزم، لەناوەوە بەتاڵبکاتەوە! ئەمەی ئەردۆگان ئەیکات لە ئەخیری ڕێگاکەدا تورکەکان بەجۆڕێك هیلاك ئەکات، کە وەکو ئێرانییەکان، خۆیان بیخەنە زبڵدانەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئینقیلابی عەسکەر سەری بگرتایە، سیحری ئەردۆگانیزم لە تورکیا زیاتر ڕەگی دائەکوتاو جارێکی تر سەریهەڵئەدایەوە.

سەیرکە کاتێ ئەردۆگان خەریکی ئاشتی و چاکسازیی ناوخۆیە، ئابوری تورکیا ئەفڕێنێ. بەڵام کاتێ بەخەیاڵی عوسمانیزم، دەسئەکا بە شەڕو دەستێوەردانی دەرەوە، ئابووری تورکیا ئەهێنێتە ژێر سفرو قەرزاریی! کە ئەمەش نەتیجەی هەموو هەناردەکردنێکی شۆڕش و ئایدۆلۆژیایە. (شەڕو ئاژاوەی دەرەوە) (برسێتی ونابووتبوونی ناوەوە).

دەسەڵاتی (هەناردەکەری عەقیدەو شۆڕش) بە زەرورەت ستەمکارە، چونکە شتەکە پێش هەناردەکردن و سەپاندنی دەرەکیی، سەپاندنی ناوخۆی گەرەکە!

ئەگەرچی سەرەتا وەهمی عەدالەت و خۆشگوزەرانی ئەبەخشێتەوە، بەڵام بەزەرورەت فاسدو برسیکەرە، چونکە مەسرەفی هەناردەکردن، لە گیرفان و سفرەی خەڵکەکە ئەبڕدرێت.
بەزەرورەت فەوزاو شەڕو کاولکارییە، چونکە سیستەمی جیهان، سیستەمی ئەمنی قەومی دەوڵەتەو هەناردەکردنیش ئەم خەتە سورە ئەبەزێنێ.

ئیسلامی وەهابی و سەلەفی، نزیکەی سەدەیەك کاتی وەرگرت و سیحری تیانەما، تەنیا دەرزییەکی گەرەکە بۆ فشکردنەوە. ئێستا "بن سەلمان" خەریکە ئەو دەرزییەی بۆ بکاو لە جێگای خۆی بینێژێ!
میسریش زۆر لەوە فەقیرتربوو بتوانێ نانی ئیخوانی جیهان بداو مەسرەفی هەناردەکردنی ئیخوانیزم بکات. هەر زوو سیحری ئیخوان لەناوەوە بەتاڵ ئەبوویەوەو مەنهۆڵەکە لە شوێنی خۆی سەری ئەنرایەوە (ئەگەر سیسی تێکی نەدایە)!

ئینقیلابی میسر، تەنیا پاشەکشێ ی دیموکراسی نەبوو، بەڵکو (هێشتنەوەی سیحری ئیخوان و ئیزافەکردنی سیحری مەزڵومیەتیش بۆی) پاشەکشێیەکی زۆر گەورەترە، کە ڕەنگە عەقڵی سونی، سەدەیەکی تریش باجەکەی بداو ڕزگاربوونمان لە سونیزم زۆر دوابخات، بەجۆرێك کە حەسودی بە شیعەکان بەرین، کاتێ ئەوان پێش ئێمە، لە شیعیزم نەجاتیان ئەبێ!

ئیخوانەکان زۆر ڕقیان لە سیسی یە، چونکە سەری خواردن، بەڵام لەڕاستیدا ئەبێ زۆر مەمنونی بن، چونکە بەو سەرخواردنە ڕەگی هێشتنەوە! خۆ ئەگەر سیسی نەبووایە، ئێستا ئیخوان لەبەردەم ئەگەری ئەوەدابوو، کە وەکو ویلایەتی فەقێ، لە ڕەگەوە بچێتە زبڵدانەوە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی