خۆپیشاندانەكانی عێراق و یاسای هەڵبژاردن

02/12/2019

ئارام جەمال

ئەو پڕۆژە یاسایەی سەرۆكایەتی كۆمار لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە ئامادەیكردوە، زادە و دەرهاویشتەی خۆپیشاندانەكانی ئێستای ساحەی تەحریرەكانە، بە بەڵگەی ئەوەی كە ئەگەر ئەو خۆپیشاندانانە بەو قەبارە گەورەیە و بەو نەفەس درێژی‌ و قوربانیدانە زۆرەوە لە ساحەی تەحریر بەردەوام نەبوایە هەرگیز هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆژەیاسایەكی لەمجۆرەی بەخۆیەوە نەدەدی.

لێرەوەیە كە دەوترێت لە پشت دێڕەكانی هەر یاسایەكی هەڵبژاردنەوە نەخشتەى سیاسی وڵات‌ و دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر (چین و توێژ، تەمەن، رەگەز، ئاستی خوێندن‌ و پێكهاتەكان)ەوە دەبینرێت. بە واتایەكی تر یاسای هەڵبژاردنیش بێلایەن نییە و بەپێی تەرازوی هێز مامەڵەی لە تەكدا دەكرێت، هەربۆیە وەختێك ئەم پڕۆژە یاسای هەڵبژاردن لەژێر كاریگەری خۆپیشانەكانەكانی ئۆكتۆبەری گۆڕەپانى تەحریرەكاندا ئامادە دەكرێت تا رادەیەكی زۆر بۆنی هەناسە و خواستی پڕ لە چاكسازیی سیاسی‌ و ئابوری ‌و كۆمەڵایەتی خۆپیشاندەرانی گەنجی پێوە دیارە، چۆن؟

 - ئەم پرۆژە یاسایەی هەڵبژاردن دەیەوێت تەمەنی پاڵێوراو لە (30) ساڵەوە كەمبكاتەوە بۆ (25) ساڵ !
-  ئەم پڕۆژە یاسایە دەیەوێت قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن بچوكبكاتەوە بۆ ئاستی قەزا !
-  ئەم پڕۆژە یاسایە دەیەوێت خۆپاڵاوتن بە لیست نەهێڵێت ‌و لەبری ئەو خۆپاڵاوتن تاكەكەسی بێت !
 - ئەم پرۆژە یاسایە دەیەوێت دەرفەتێكی زۆر لەبەردەم دەرچونی كاندیدی سەربەخۆی تاكەكەسدا بڕەخسێنێت!
- ئەم پڕۆژە یاسایە دەیەوێت كۆتایی بە سانتلیگۆی هەمواركراوی حیزبە گەورەكان بهێنێت، كە بڕستی لە دەرچونی تاكەكەس بڕیبو !
-  ئەم پرۆژە یاسایە دەیەوێت بونیادی حیزبە گەورەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا لاوازبكات!
- ئەم پرۆژە یاسایە دەیەوێت كۆی ئەندامانی ئێستای ئەنجومەنی كۆمسیاران بگۆڕێت كە لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی تایفی دانراوە !

دیارە ئەم پڕۆژەیاسایەی هەڵبژاردنەكان هەتا دەبێتە یاسایەكی پەسەندكراو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كەند و كۆسپی زۆری دێتەڕێ، بەڵام لەهەمو بارێكدا ئەوەی وادەكات خواستەكانی ناو ئەم پڕۆژە یاسایە لەناو پەرلەمانی عێراقدا پەسەندبكرێت زیاتر و زیاتر خۆڕاگری‌ و گەورەبون‌ و بەردەوامبونی خۆپیشاندانەكانە، كە ئەنجامی ئەمەش لە هەڵبژاردنی پێشوەخت یان لە هەڵبژاردنی داهاتودا لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی‌ و لە دابەشكردنەوەی سەرلەنوێی كورسییەكانی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا دەردەكەوێت، كە لە بەرژەوەندی كاندیدانی سەربەخۆ و هێزی سیاسی تازەدا دەبێت.

ئەوەی بە پاڵپشتی خۆپیشاندەران ئەم پڕۆژەیاسایە مسۆگەری دەكات ئەوەیە كە جارێكی تر نەیارانی ئەم پرۆژەیاسایە ناتوانن سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی بەو ئیمتیازاتانەی جارانیانەوە بۆیان بچێتە سەر، بەڵكو لەو كاتەدا چارەسەری مامناوەندی سیستمی هەڵبژاردنی تێكەڵا و دێنێتە ئاراوە كە تێیدا:

-  شێوازی پاڵاوتنی كاندید بە تاكەكەسی‌ و بە لیستیشە.
- گۆڕینی دەنگی پاڵێوراوانی ناو لیست بۆ كورسی لە رێگەی یەكێك لەو شێوازانەوە دەبێت كە لە بەرژەوەندی قەوارەی تاكەكەسی یان قەوارەی بچوكیشەوە بێت وەك (باقی الاقوی، سانتلیگۆی چاوگ نەك سانتلیگۆی هەمواركراو).

ماوەتەوە بڵێم یاسای هەڵبژاردن ناتوانێت بێلایەن بێت، بەڵام دەتوانرێت لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا وای لێبكرێت كە نەبێتە ئامرازێكی مەشروع بەدەست كەمینەیەكی ستەمكارەوە تا لەرێیەوە بە هەڵبژاردن شەرعیەتی گەل بەدەستبهێننەوە.

“ئەم پرۆژەیاسایەی هەڵیژاردن لەژێر كاریگەری خۆپیشانەكانەكانی ئۆكتۆبەری ساحەی تەحریرەكاندا ئامادەدەكرێت تا رادەیەكی زۆر بۆنی هەناسەو خواستی پڕ لە چاكسازیی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی خۆپیشاندەرانی گەنجی پێوە دیارە”

بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن KIE

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی