له‌باره‌ی عەقڵ و جه‌سته‌ .. پێشنیارێك بۆ ته‌ندروستی ​

03/12/2019

سیامەند خەليل

کاری عەقڵ تەنها بیرکردنەوە و هەست و پلاندانان نیە، بەڵکو پەیوەندی هەیە لەگەڵ هەمو ئەندامەکانی تری لەش، عەقڵ لەگەڵ دڵ و گەدە و ئەوانی تردا لە کارلێکی بەردەوامدایە.

هەر هۆکارێک کاریگەری لەسەر عەقڵ دابنێت بەهەمان شێوە کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی تری لەش دروستدەکات، لەگەڵ ئەوەدا کە لەمێژودا کەسانێک وێڕای ناتەواوی جەستەیی، بەڵام بلیمەت و خاوەن عەقڵێکی باشبون، بەڵام هەزاران جاریش رویداوە بەهۆی تەنگوچەڵەمەی عەقڵی و بیرکردنەوەی ناتەندروستەوە کەسانێک جەستەیان بوەتە تەنێکی بێ سود و جوڵە و هەڵسوکەوتیان بۆ خۆیان و دەوروبەریان کێشەی دروستکردوە.

توێژینەوەکان لەبارەی پەیوەندی عەقڵ لەگەڵ جەستەدا ئاماری گرنگ دەخەنەڕو بۆ نمونە دەڵێن؛ کەسانێک کە تەنگوچەڵەمەی جەستەییان هەیە سێ هێندە ئەگەری دوچاربونیان بە گرفتی دەرونی و عەقڵی زیاترە، نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی جەستەیی قورسیان هەیە بەهەمان شێوە دوچاری گرفتی لە چەشنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبنەوە، نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە و چەندین نەخۆشی درێژخایەنی تر بەهۆی تەنگژەی دەرونیەوە مرۆڤ دوچاردەکەن و بۆ چارەسەریان دەبێت لایەنە دەرونیەکە فەرامۆش نەکرێت، هەندێک توێژینەوەی نیوەی چارەسەری شێرپەنجە دەگەڕێنەوە بۆ لایەنی دەرونی. بە رونی سەلمێنراوە لەگەڵ چارەسەری جەستەیی و دەرماندا گرنگیپێدانی دەرونی و بەخشینی هیوا و دڵنیایی رەگەزێکی گرنگی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە کە بەداخەوە تائێستا لە وڵاتی خۆماندا وەکو پێویست رەچاوناکرێت.

گرنگی پێدانی دەرونی بە نەخۆش زۆر بابەتی چڕوپڕ دەگرێتەوە کە لەساتی پێشوازی لە دەرگای نەخۆشخانەکانەوە دەستپێدەکات و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش و تەنانەت هاوەڵەکەشی دەگرێتەوە لەبەرئەمە لە نێو پەسەندکراوی مافەکانی نەخۆشدا بەرونی ئاماژە بەم بابەتە دراوە.

بەڵام بەداخەوە لە ناوەندە تەندروستیەکانی ئێمەدا بەشێکی زۆری گلەیی و گازەندەی نەخۆش لەسەر ئەم بابەتەیە، زۆرجار ئەو راستیە فەرامۆش دەکرێت کە نەخۆش چەندە بە دوی چارەسەری جەستەیدایە هێندەش لە دەرونیدا بە دوای دڵنیای دەرونیەوەیە، بەڵام کێ ئەم پشتیوانیە دەرونیەی پێ دەبەخشێت؟

بنەمایەکی سادە پێماندەڵێت: هەرکەس شتێکی نەبو ناشتوانێت بیبەخشێت کەواتە هەرکەس دەرونی خۆی تەندروست نەبێت ناتوانێت تەندروستی دەرونی بۆ نەخۆش بگەڕێنێتەوە، هەرکەس کەخۆی رق و کینە دڵی داگیرکردبێت بێگومان ناشتوانێت دڵنیایی تەندروستی باش بۆ هاوڵاتیان دابین بکات تەنانەت ئەگەر دەرمانی گرانیشیان بۆ دەستەبەربکات. کەواتە چۆن بزانین ئەوانەی چارەسەرمان پێشکەش دەکەن خۆیان لەئێمە زیاتر نەخۆش نین و دەتوانن ئەم بەشەی چارەسەرەکەشمان لەگەڵ دەرزی و دەرمانەکاندا پێببەخشن؟

هەرکەسێک بە گرنگیەوە لەم بابەتە بڕوانێت دەیکاتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی پزیشک و کارمەندان و تەنانەت ئەو کەسانەش کە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستیەکان بەڕێوەدەبەن کەواتە دەبێت پێوەرێکمان هەبێت بزانین ئەوانەی لە لوتکەی بەڕیوەبردنی خزمەتگوزاریەکانەوە تادەگاتە تاک بە تاکی ستافی نەخۆشخانەکان خۆیان ئامادەگی دەرونی و رۆحیان لەچی ئاستێکدایە و ئایا شایستەی ئەوەن ئەرکی چارەسەری نەخۆش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بگرنە ئەستۆ؟

پێویستە وەزارەتی تەندروستی بیکاتە بڕیار، لانی کەم چوار ساڵ جارێک لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی دەرونی و کۆمەڵایەتی بیانیەوە هەڵسەنگاندنی زانستی و بێلایەنانە بۆ ئەو کەسانە بکات کە ناوەندە تەندروستیەکان بەڕێوەدەبن و نەخۆش چارەسەر دەکەن، ئاخۆ چەندە ناشایستەیی دەردەکەوێت کە کاریگەری نەرێنیای کردوەتە متمانەی هاوڵاتی بەکەرتی تەندروستی، ئاخۆ چەندە مافەکانی نەخۆش پێشێلکراوە و ئاخۆ چەندە ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەم روەوە شێوێنراوە ؟

خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان رەگەزێکی گرنگی ئینسانیەتن، بە مرۆڤی دڵرەق و خۆبەزلزان پێشکەش ناکرێن، ناوەندی تەندروستی سەربازگە نیە و هەمیشە کەسانی نەرمونیانی دەوێت کە لەغروری خۆیان ببورن لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا. باشترین نەخۆشخانەکانی دونیا تەنها ئەوانە نین کە چارەسەرێکی باش پێشکەش دەکەن، بەڵکو ئەوانەشیانن کە گرنگی بە دەرون دروستی پزیشک و کارمەندەکانیان دەدەن و ئاکار و رەوشتی جوان کراوەتە بنەمای پیشەیی و کارکردنیان.

پڕۆگرامێکی گرنگ دەبێت گەر هەمو مرۆڤێک کە لە کەرتی حکومیدا کاردەکات و خزمەتگوزاری پێشکەش بەهاوڵاتیان دەکات لانی کەم یەک جار لە تەمەنیدا تاقیکردنەوەیەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی زانستی پێ ئەنجام بدرێت نەبادا شایستەی ئەرکەکەی نەبێت یان هیچ نەبێت رەنگە رێنموێی بکرێت بۆ چاککردنی کەموکورتیەکانی خۆی تاوەکو هاوڵاتیان باجی تەنگوچەڵەمە دەرونیەکانی ئەو نەدەن، چونکە ئەگەر باوەڕمان بە پرۆگرام و تاقیکردنەوە و چارەسەری دەرونی خۆمان نەبێت کەواتە چۆن هاوڵاتیان هانبدەین و رێنمایی خەڵکی بکەین بۆ خۆپاراستن و گرنگیدان بە تەندروستی دەرونی؟.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی