مەسرور بارزانی دوایین تیری هاوێژراوە

09/12/2019

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

من ساویلكانە گەشبین نیم، بەڵام چاوەڕێی باشبوونم باشبوونی ئەم وڵاتەی كە چەند پشتم لێرە نێژراون و خۆیشم هەر لێرە دەنێژرێم. لانیكەم بۆ منداڵەكانم باشتربێ.

من مسقاڵە زەڕڕە ئومێدم بە باشبوونی دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی نییە و نەماوە، چونكە ئەوان خراپەكاریی و دەسەڵاتیان بە جۆرێك تێكەڵكردووە، وەكو تێكەڵبوونی گۆشت و نینۆك وایە. جیاكردنەوەیان ئەستەمە.

مەرج نییە بۆچوون و ئومێدی من لەسەر حەق بن. بەڵام شكستی كەڵەكەبووی پارتی و یەكێتی بەجۆرێك روونە، زۆر كەس دەتوانێ هەڵسەنگاندنی بۆ بكات و خێرا بە نەتیجەیش بگات.

ئێستا زۆر كەس هەن كە نەك هەر پارتی نین، بەڵكو زۆریش دژە پارتین، بەڵام كەچە ئومێدێكیان بە مەسرور بارزانی هەیە چاكسازیی بكات و شتێك لە ژیانیان بگۆڕێ. دەبێ مافیش بەوانە بدەین كە بە ئومێدەوە چاوەڕووان بن چونكە زۆر بێئومێد كران و زۆر دڵیان شكێنرا.

مەسرور بارزانی لە ئاسمانەوە نەكەوتووەتە خوارەوە تا چاوەڕێی موعجیزەی لێ بكرێ. ئەویش بەشێكە لە بەشە سەرەكییەكانی خراپكردنی حكومەت و سیستمی حوكمڕانی.

لە ۲۰۱۰ ــەوە مەسرور بەڕووكەش كەسی سێیەمی ناو پارتییە، بەڵام بە فعلیی ئەم كەسی یەكەمە. كەواتە لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەی رابردوودا هەموو ئەتكردنێكی دەسەڵات لەلایەن پارتییەوە، دەستی ئەویشی تێدایە.

ئێستا كە بووەتە سەرۆكوەزیران، مەسرور بارزانی جووڵە و تەكانێكی داوە بە كاراكردنەوەی حكومەتە سست و لەرزۆكەكەی پێشوو. زۆر باسی چاكسازیی و چاككردنی حكومەت دەكات، بۆ ئەمەیش هەنگاوی ناوە بەڵام زۆریان ناڕوون و ناشەفافن.

لەناو بنەماڵەی بارزانیدا، تەنیا مەسرور بارزانی ماوە تاقی بكرێتەوە لە لوتكەی دەسەڵاتی تەنفیزیدا. هەرچی كاك مەسعود و نێچیرڤان بارزانییە بە نۆبەی خۆیان، توانا و ئەزموونی خۆیان تاقیكردەوە كە ئەنجامەكەی ئەوەیە هەمووان بینیویانە و لەگەڵیدا ژیاون.

مەسرور بارزانی تەنیا كەسی بەهێزی ناو پارتی و یەكێتییە كە بتوانێ، حكومەتێكی تێكوپێكدراو بەڕێوە ببات و ئەگەریش بیەوێ هەڵی بسێنێتەوە.

بۆ سنوورداركردنی دەستی شەخسی ناو حزبەكان لە حكومەتدا، تەنیا مەسرور بارزانی ماوە حسابی بۆ بكرێ. هەر ئەویش هەیە بتوانێ كابینەكەی ناچار بكات كابینە بە گرنگتر بزانن تا حزبەكانیان.

مەسرور بارزانی دوایین تیری هاوێژراوە كە بتوانێ ئەگەر ئامانج نەپێكێ، ئەوا نزیك بێتەوە لە بازنەی ئامانجەكە.

بۆ هەرێمی كوردستان، ئەزموونی مەسرور بارزانی دوایین شانسە كە سیستمە هەڵوەشاوەكە لەمە زیاتر تەنكتر و داڕزاوتر نەبێ. ئەگەر شكست بێنێ ئیتر هیچ ئومێدێك بە باشبوون یان لانیكەم مانەوەی خراپییەكە لەم ئاستەدا نامێنێ.

ئەمانە لەبەر ئەوە نییە كە مەسرور بارزانی ریفۆرمخواز و خزمەتگوزارە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە ئەزموونی شكستخواردوو و پڕ لە نشێوی پارتی و یەكێتی، لەو بەهێزتری تیا نەماوە بتوانێ گوریسە پچڕاوەكان پێكەوە گرێ بدات.

بۆ ئەوانەی ئومێدێكیان پێیەتی، تەنیا لەبەر ئەم هۆكارەیە كە لەناو پارتی و یەكێتیدا لە مەسرور دەستڕۆشتووتر نەماوە. ئەویش زۆر باسی چاككردن دەكات.

بۆیە تا یەك ساڵی داهاتوو، كوردستان بە گشتیی و بنەماڵەی بارزانی وەكو دەسەڵاتدارترین بنەماڵە بە تایبەت، لەبەردەم ئەزموون و تاقیكردنەوەیەكی زۆر چارەنووسسازدان.

دوایین تیری بنەماڵەی بارزانی هاوێژراوە ئەگەر ئەویش شكست بێنێ وەكو كاك مەسعود و نێچیرڤان هێنایان، ئەوا گۆڕانكارییەكی حەتمیی لە هەرێمی كوردستان دەبێتە واجب كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا دەبێ. چونكە دەسەڵات هەرگیز لەمە خراپتر و لاوازتر نەبووە و ناتوانێ بمێنێتەوە.

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی