خۆپیشاندانەکانی دوێنێی سلێمانی و ئەمڕۆی بەغدا

10/12/2019

هەژار سدیق

 

سلێمانی لەدوای ڕاپەڕینەوە شاری خۆپیشاندانی مەدەنیانەبووە،هەموو خۆپیشاندانەکان،بەخێر بۆ شارەکانی دیکەی کوردستانیش گەڕاوەتەوە،جگە لەخۆپیشاندانەکانی 17شوبات،کەخۆپیشاندانی حیزبیانەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بوو.


لەدوای ساڵی 2006 کەهەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر یەکخرایەوە،مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی سلێمانی هەر داواکاریەکیان لەحکومەت هەبوایە بەخۆپیشاندانێك حکومەتیان ناچار دەکرد داواکاریەکەیان جێبەجێ بکات.


چونکە ئەم حکومەتە یەکگرتووە،بەهەموو کابینەکانیەوە،هەتا ئێستاش،یەك ئیشی بەخۆشی نەکردووە،تا ناچاری نەکەی مل بۆ بەرژەوەندی خەڵك نادا.


ئەوکات لەزانکۆی دهۆك مامۆستایان گلەییان کردبوو لەسەر دەرماڵەیەك کەمافی خۆیان بووە،بیاندرێتێ،بەڵام حکومەت بۆی سەرف نەدەکردن،ژمارەیەك مامۆستا پێشنیازیان کردبوو،کەپێویستە بۆ ئەم مافەی خۆیان خۆپیشاندان بکەن،بەڵام مامۆستایەك ئامۆژگاری کردبوون کە پێویست ناکا خۆپیشاندان بکەن و خۆیان تووشی کێشە بکەن،مامۆستاکە گوتبووی چەند ڕۆژێکی تر مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانەکە دەکەن،حکومەتیش ناچار دەکەن،ئەم دەرماڵەیە سەرف بکات،بەهۆی خۆپیشاندانەکەی زانکۆی سلێمانی،بۆ زانکۆی دهۆکیش سەرف دەکرێ.


ئێستا هەمان سیناریۆ،بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی باشور،دووبارە دەبێتەوە،خۆپیشاندەرانی بەغداو شارەکانی باشوور خەریکە کۆتایی بەدەسەڵاتی گەندەڵی و تاڵانچی میلیشیایی دێنن و عیراق دەهێننەوە سەر ڕێگە ڕاستەکەی خۆی و سەروەت و سامانەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەڵك.


هەرچەندە زۆر نیگەرانم خەڵکێکی زۆر،لەپێناوی ئەم ئامانجەی هەموو عیراقیەکان،گیانیان بەخشی و بریندارو کەمئەندام بوون،بەڵام لەداهاتوو تێکڕای گەلانی عیراق،بەهەرێمی کوردستانیشەوە،سوودمەند دەبن لەخۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی باشوور لەبنبڕکردن و نەهێشتنی گەندەڵی و تاڵانیدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی