بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟

11/12/2019

ساڵح ژاژڵەیی

بەشی‌ دووەم 
ئایا سەرهەڵدانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كاردانەوە بوو یان بەرنامەو بڕیاری‌ پێش وەخت؟

ئێستا كاتی‌ ئەوە هاتوە وەڵامی‌ سەردێڕی‌ بابەتەكەم بدەمەوە كە بەم پرسیارە دەست پێدەكات: ئایا سەرهەڵدانی‌ یان با بڵێین دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كاردانەوە بوو یان بەرنامەو بڕیاری‌ پێش وەخت؟ لە راستیدا پێكهێنانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەلایەن رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە نە بڕیار و نە بەرنامەی‌ پێش وەخت بوه،‌ تەنها كاردانەوە بوەو ئەوەش لە ئەنجامی‌ سەرنەكەوتنی‌ بەرەی‌ ریفۆرمەوە كە خۆی‌ بەرنامە داڕێژەری‌ بوو، بزوتنەوەی‌ گۆڕان سەری‌ هەڵداو دروست بوو.
 
ئەگەر ریفۆرم سەربكەوتایە. نە كاك نەوشیروان لە یەكێتی‌ جیا دەبۆوەو نه ‌بزوتنەوەی‌ گۆڕانیش دروست دەبوو. هەر وەكو لە بەشی‌ یەكەمی‌ ئەم باسەدا ئاماژەم بۆ كرد كاك نەوشیروان زۆر بێ ئومێد ببو لە یەكێتی‌ بە هۆكاری‌ یەكەم: پێی وابو بونی‌ بەڕێز مام جەلال بە سەرۆك كۆمار مانای‌ وایە لە ناو یەكێتیدا شوێنی‌ پێ لەق دەكرێت و هیچی‌ بە قسە ناكەن. چونكە زۆرینەی‌ بەرپرسەكان بۆ بەرژەوەندی‌ خۆیان دەبنە لایەنگری‌ مام جەلال و ئەو چی بڵێت ئەمان ئەوە ئەكەن و ئەویش پەراوێز دەكرێت.

دووەم: نەفەس كورتی‌ و زوو تۆران و كورد واتەنی‌ كەم چیكڵدانی‌ بوو. واتە نەیتوانی‌ لەناو یەكێتی‌ بمێنیتەوەو قاچ بچەقێنێت. لە كاتێكدا بەڕێزیان هەمیشە خاوەنی‌ سەنگ و قورسایی خۆیان بون و پشتیوانی‌ زۆریان هەبو لەناو یەكێتی‌ و جەماوەریشداو كاك نەوشیروان پارویەكی‌ ئاسان نەبوە بۆ قوتدان. بەڵام پێ ئەچێت ئەم خۆی‌ بڕوای‌ بە خۆی‌ نەمابێت. 

سێیەم: هەمیشە كاریزمایی كەسایەتی مام جەلال، نەوشیروانی دەخستە سێبەرەوە و نەیدەهێشت سنوری پلەبەندی حیزبی ببەزێنێ.

بەڵام دوای‌ ئەوەی‌ كاك نەوشیروان لە یەكێتی‌ جیابۆوە و لەگەڵ هاوڕێكانی‌ كۆمپانیای‌ وشەی‌ دامەزراند. بە تێپەڕبونی‌ كات هێواش هێواش زەمینەی‌ لە دایكبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان هاتەكایەوە. دەرئەنجام بە هۆی‌ دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە جارێكی‌ تر كاك نەوشیروان لە شكستەوە بەرەو هەستانەوە هەنگاوی‌ گەورەی‌ ناو جارێكیتر بۆوە بە ژمارەیەكی‌ گەورە لە گۆڕەپانی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا، ئەوەش بوو بە دەسكەوتێكی‌ گەورەی‌ سیاسی‌ بۆ خودی‌ خۆی‌ بە تەنیا.  بە كورتی‌ هۆكاری‌ سەرهەڵدان و دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە ماوەیەكی‌ زۆر كورتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆكارانەی‌ خوارەوە:
1- خودی‌ كەسایەتی‌ رەوانشاد نەوشیروان مستەفا فاكتەرێكی‌ گرنگ بوو بۆ گەشەكردن و گەورە بونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان. چونكە كاك نەوشیروان كەسایەتییەكی‌ سیاسی‌ بەناوبانگ و شارەزا و ناسراوی‌ گۆڕەپانی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو. رابوردویەكی‌ پاكی‌ هەبوو. هەمیشە جێی متمانەی‌ هاوڕێكانی‌ و جەماوەر بو. یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان. كاك نەوشیروان بە ئەندازیاری‌ راپەڕینەكانی‌ 1991 ئەناسرێت كە سەروەرییەكی‌ زۆر گەورەیە بۆ ئەو. ئەمانە بونە هۆكاری‌ ئەوەی‌ زۆر بە خێرایی جەماوەرێكی‌ زۆر لە دەوری‌ كۆببنەوە بە ئومێدی‌ ئەوەی‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ روبدات.
2- ناڕەزایی جەماوەری‌ خەڵكی‌ كوردستان لە هەردوو حیزبی‌ دەسەڵاتدار لەبەرنەبونی‌ عەدالەتی‌ كۆمەڵایەتی‌. گەندەڵی‌ و بە هەدەردانی‌ سامانی‌ نیشتمانی‌. نەبونی‌ موئەسەساتی‌ دەوڵەتی‌ و نەبونی‌ سەروەری‌ یاساو دەستێوەردانی‌ حیزبی‌ لە دامودەزگاكانی‌ حكومەتدا ئەمانەو زۆر شتی‌ تریش هۆكاری‌ گەورە بون بۆ گەشەكردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە ماوەیەكی‌ زۆر كورتدا.
3- پشتگیری‌ كردنی‌ ژمارەیەكی‌ زۆر لە سەركردە و فەرماندە و كادرو تێكۆشەرە دێرینەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بەڕێز‌ كاك نەوشیروان خۆیی و بەرنامەكەی و بزوتنەوەی‌ گۆڕان. كە خاوەنی‌ كەسایەتی‌ و جەمارەرو هێزبون.
4- پشتگیری‌ كردنی‌ میدیای‌ ئازاد و رۆشنبیران و كەسانی‌ خاوەن هەڵوێست لە بزوتنەوەكە. لە راستیدا میدیای‌ ئازاد پێش دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كاریگەرییەكی‌ یەكجار گەورەی‌ هەبوو. هەمیشە قسەی‌ خۆیان هەبوەو بێدەنگیش نەبون لەسەر هەڵوێستی‌ خراپی‌ هەردوو حیزبی‌ دەسەڵاتدار.
5- پشتگیری‌ دەوڵەمەندە نیشتمانپەروەرەكان لە روی‌ مادیەوە كاریگەری‌ زۆر گەورەی‌ هەبوو بۆ گەشەكردنی‌ بزوتنەوەكە بەتایبەتی‌ لە سەرەتای‌ دروستبونیەوە.
6- پشتیوانی‌ كردنی‌ هێزە سەربازیەكان لە بزوتنەوەكە وەكو پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش لە كاتی‌ دەنگداندا، كاریگەری‌ زۆر ئەرێنی‌ و بە نرخی‌ هەبوو وەبووە پشتیوانێكی‌ گەورەی‌ بزوتنەوەكە.
7- هەڵوێستی‌ ئازایانەو نەترسی‌ هەڵسوڕاوانی‌ گۆڕان لە دەستنیشان كردنی‌ هەڵەو كەموكورتییەكانی‌ دەسەڵات و عەیب و عارەكانیان. بەڵام‌ ئەم هەڵوێستانەیان بوەهۆی‌ سزادانی‌ هەڵسوڕاوەكان و نانبڕینیان، هەرچەندە دواجاریش بزوتنەوەكە وەك پێویست بەدەنگیانەوە نەچوو. لێی نەپرسینەوەو پاداشتی‌ نەدانەوە.
8- پشتیوانی‌ خەڵكی‌ بازاڕ و خوێندنگا و فەرمانگەو ئەهلی‌ مزگەوتەكان لە بۆچون و دروشمەكانی‌ گۆڕان. بایەخی‌ زۆر گرنگی‌ هەبوو.
9- گرنگیدان بە بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە لایەن سەفیر و قونسلی‌ وڵاتانەوەو سەردانی‌ كردنی‌ بەردەوامیان بۆ گردی‌ زەرگەتە بایەخ و گرینگی‌ خۆی‌ هەبو. چونكە سەردانی‌ ئەوانە بەشێوەیەكی‌ ناڕاستەوخۆ پشتیوانییەكی‌ گەورەبوو بۆ بزوتنەوەی‌ گۆڕان.
 
لێرەدا جێی خۆیەتی‌ بپرسن ئەی‌ بۆچی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەو خێراییە ئەم هەموو دەسكەوتانەی‌ لە دەستداو پاشەكشەی‌ كرد؟ ئێستا كاتی‌ ئەوە هاتوە باسی‌ هۆكارەكان و شكست و پاشەكشەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بكەین: 
1- كاك نەوشیروان هەمیشە جەختی‌ لەسەر ئەوە دەكردەوە كە نە حیزب و نە دەوڵەت ئەگەر خاوەنی‌ موئەسەساتی‌ باش نەبن و كارو بارەكانیان بە باشی‌ رێكنەخەن و نەیخەنە سەرسكەی‌ خۆی،‌ سەركەوتن بەدەست نایەنن و دواجار روبەڕوی‌ شكستی‌ گەورە دەبنەوە. بەڵام سەیر ئەوەبوو كاتێ بزوتنەوەی‌ گۆڕان زۆر گەشەی‌ كرد و بوو بە خاوەنی‌ 500 هەزار دەنگدەر . نەخاوەنی‌ هیچ دامو دەزگایەك بوو. نە هیچ هەوڵێكیش هەبوو بۆ بە دامەزراوەیی كردنی  بزوتنەوەكە.
 وەكو دەریشكەوت كاك نەوشیروان نەیدەویست‌ بزوتنەوەكە بكاتە دامەزراوە . لەوە ئەچێت هەر بەتەمای‌ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی‌ و خوڵكی‌ مام جەلال بوبێت و نمایشی‌ دروستكردنی گۆڕانیشی‌ هەر بۆ ئەوەبوبێت. یان وای‌ بیركردۆتەوە  بە دامەزراوەكردنی‌ بزوتنەوەكە لە بەرژەوەندی‌ خۆیی و دوا رۆژی‌ نەوەكانی‌ نەبێت، چونكە ئەگەر بزوتنەوەكە بە دامەزراوەیی بكرایە كوڕەكانی‌ نەدەبون بە خاوەنی‌ میراتی‌ گۆڕان.

یەكێك لە كێشەكانی‌ كاك نەوشیروان لەگەڵ كاك عوسمانی‌ حاجی‌ مەحمود و كاك قادری‌ حاجی‌ عەلی‌ لەسەر ئەوە بوو. لە راستیدا ئەوان داوایان دەكرد با گۆڕان بكرێـتە حیزبێكی‌ موئەسەساتی‌ و ئەو جەماوەرە زۆرە ئاوا بە هەڕەمەكی‌ ناتوانرێت سەرپەرشتی‌ بكرێن. 
 
ئەو دوو بەڕێزە هەر لەسەرەتاوە تێبینی‌ زۆریان هەبوو لەسەر ئەو دەستورەی‌ كە كاك نەوشیروان خۆی‌ داینابوو، بەڵام كاك نەوشیروان ئامادە نەبوو قسەی‌ لەسەر بكات بۆ چاككردنی‌. وەكو دواییش دەركەوت چەند كەموكورتی‌ تێدایە. كاك نەوشیروان ویستی‌ بەو شێوەیە بمێنێتەوە كە خۆی‌ دەیەوێت و ئەوەبو ئەو دوو بەڕێزە پاش هەوڵێكی زۆر دواجار نائومێدبون و وازیان لە بزوتنەوەكە هێناو ئەمیش دەربەستییان نەبوو. 
2- هەمومان ئەزانین كاك نەوشیروان كەسایەتییەكی‌ سیاسی‌ و روشنبیرێكی‌ زۆر گەورە بوە پیاوێكی‌ خاوەن ستراتیج و لێزان بوو. لە كاتێكدا بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەوپەڕی‌ بە هێزیدا بوو. خاوەنی‌ 500 هەزار گۆڕانخوازو دەنگدەر بو،لایەنی‌ رۆشنبیری‌ و پەروەردەی حیزبی و سیاسی‌ بە لای‌ ئەوەوە زۆر گرنگ و پێویست بوە و لە هەمان كاتیشدا دەیان و سەدان مامۆستای‌ زانكۆ و كەسانی‌ روشنبیر لە دەوری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كۆببونەوەو هەموشیان خۆبەخش بون، بەڵام بۆچی‌ بیری‌ نەكردەوە بەردەوام خولی‌ پێگەیاندن و هوشیار كردنەوە بكاتەوە بۆ گۆڕانخوازان بۆئەوەی‌ بە باشی‌ پەروەردەو ئامادەبكرێن؟

هیچ بەهانەو پاساوێك بۆ ئەنجام نەدانی‌ ئەمە نییەو زەمینەش زۆر لەبار بوەو شوێن و رێگاو ئیمكانیەتیش لەبەر دەستدا بوە. دەبوو هەنگاوی‌ یەكەمی‌ بەرنامە دانان بوایە بۆ پێگەیاندنی‌ نەوەیەكی‌ رۆشنبیر بە هزری‌ سیاسی‌ و نەتەوەی و هەر لەو رێگایەوە هەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان. بەڵام سەیرەكە لەوەدابوو كە بە هیچ شێوەیەك بەلای‌ ئەمەدا نەچوو. ئەمە پرسیارەو وەڵامی‌ ئەوێت. تۆ بڵێی ئەو بەڕێزە جەماوەری‌ بێ ئاگا و سیاسی قەرسیلخۆری‌ پێ باشتربوبێت لە جەماوەر و كادری وریاو رۆشنبیر؟ گومانی‌ تێدا نییە كە ئیدارەدانی‌ كەسانی بێ ئاگا ئاسان و بێ سەرئێشەیە. 
3- هەر لەسەرەتای‌ دروستبونی‌ كۆمپانیای‌ وشەوە كێشەو قسەو باس لەسەر خاوەن دارێـتی‌ كۆمپانی‌ وشە هەبوو. هەندێ لە برادەران وایان بە چاك دەزانی‌ كە كۆمپانیای‌ وشە بە ناوی‌ كەسێكەوە نەبێت و سیغەیەكی‌ وای‌ بۆ بدۆزرێتەوە كە دوای‌ نەمانی‌ كاك نەوشیروان كێشە دروست نەبێت. بەڵام كاك نەوشیروان ئەوەی‌ قبوڵ نەبوو. كۆمپانیای‌ وشە هەر بە ناوی‌ خۆیەوە مایەوە و دواجار بوو بە موڵكی‌ مناڵەكانی‌ و هەر ئەوەش بو بە هۆكاری‌ بێ ئومێدبونی‌ جەماوەر لە بزوتنەوەكە. چونكە قسە و كردار پێچەوانەبونەوە و چاووڕاكراوە.

ئەمە لە كاتێكدابوو كە كاك نەوشیروان لە زوربەی‌ لێدوانەكانیدا. چ لە رابوردو چ لە كاتی دروستبونی بزوتنەوەكەدا، جەختی‌ لەسەر ئەوە دەكردەوە دەبێ دژی‌ بە بنەماڵەكردنی‌ حیزب بوەستینەوەو دەبێ‌ هەمیشە دژی‌ گەندەڵی‌ بین، بەڵام دواجار ئەمە پێچەوانه دەرچوو.

لە ساڵی‌ 2003 كە دەسەڵاتی‌ سەدام نەما و حكومەتی‌ تازە دروستبوو: مام جەلال یەكەم كەس ئاوەڵزاواكەی‌ خۆی‌ كرد بە وەزیر. كاك نەوشیروانیش یەكەم كەس زاواكەی‌ خۆی‌ كرد بە وەزیر. لە كاتێكدا دەیان كەسی‌ تر لەوانە بە تواناتر و شایستەتر بون بكرێنە وەزیر. لە كاتێكدا لە گردی زەرگەتە زوری بەیوەندیە دبلۆماسیەكان دروست كرا یەكەم كەس كاك حەمە تۆفیق كرا بە بەربرسی ئەو ژورە . هەموو گۆرانخوازان ئەزانن كە خراپترین ئەدای هەبوە و نەیتوانیوە ئەو پەیوەندیانە بە جۆرێك بەكار بهێنیت كە گۆران سودی لێ ببینێت . وەكو دەركەوت خۆی كەسێكی شایستە نەبوو بۆ ئەو بوارە و بواریشی نەدا كەسانیتر ئەو كارە بكەن .
 
بۆ نمونە كاك شوان قلیاسانی و سەركۆ عوسمان كە دوو كوری شارەزاو لێهاتو و زمان زان بون نەك نەیهێشت هیچ رۆڵێك ببینن ، هەر لە ژورەكەش دووری خستنەوە . بەم بۆنەیەشەوە ئەمەتان بۆ دەگێرمەوە : كاك عادل مراد یادی بەخێر ئەو كات كە سەرۆكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بوو بە هاوەڵی جەند ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەند سەردانی بارەگای جفاتی گشتی كرد. دوای دەمە تەقێ و قسەكردن كاك عادل وتی برایان پرسیارێكم لێتان هەیەو حەز دەكەم راستگویانە وەلامم بدەنەوە :

ئێمەش وتمان فەرمو : وتی ئەرێ بەراست ئەمەریكا ئیشی بە ئێوەیە ، یان ئیوە ئیشتان بە ئەمەریكایە؟. ئێمەش وتمان گومانی تێدا نییە  دەبێ ئێمە ئیشمان بە ئەمەریكا بیت . وتی ئەی كەوایە جارێك لە جاران بۆچی ئێوە دەعوەتێك بۆ وەفدی ئەو سەفارەت و قونسڵخانانە ناكەن كە سەرتان ئەدەن یان جارێك لە جاران لە كاتی دەست بەكار بونی سەفیر و قونسڵی تازە یان تەواو بونی كارەكانیان سەردانیان ناكەن و دەسكە گوڵێكیان بۆ نابەن و خولقێكیان ناكەن . 

لە درێژەی قسەكانیدا وتی : من لە بواری دیبلوماسیدا كارم كردوەو سەفیربوم ئەوەی لەسەر مێزی نان خواردن و لە كاتی قاوە خواردنەوە باس دەكرێت  لە كاتی كۆبونەوەی رەسمی باس ناكرێت .  ئێمەش وتمان ئەوە كاری ئێمە نییەو ژوری بەیوەندیە دیبلوماسیەكان بەرپرسی خۆی هەیە و ئەوە كاری ئەوە . دیارە زانیبوی هەمو جارێك كە ئەو وەفدانە دێن بو سلیمانی ، لای یەكیتی نان ئەخۆن بەراستی پرسیارەكەی سەرنج راكێش بوو. جاریكی تریش برادەرێكی ئێمە بە قونسلێكی وتبو  بۆچی سەردانێكمان ناكەن ، لە وەڵاما وتبوی بۆچی جارێك لە جاران خولقتان كردوین هەتا ئێمەش رەتی بكەینەوە .
 
لە راستیدا سەردانی ئەو وەفدانە بە بەردەوامی بو لای گۆران گرنكی زۆری هەبوو ئەگەربمانزانیانە چۆن و بە چ شێوەیەك هەڵسوكەوت ئەكەین . سەردانی ئەم هەموو وەفدانە بۆلای گۆران بە ناراستەوخۆ پشتیوانی بوو لە گۆران . لە لایەكی تریشەوە یەكێتی و پارتیشی نیگەران كردبوو . بەلام بە داخەوە ئێمە پێمان وابوو ئەوان ئیشیان بە ئێمەیە وەكو كاك عادل وتی . 

لە جیاتی ئەوەی خومان هەوڵ بدەین پەیوەندی لەگەل ئەملاو ئەولا دروست بكەین ، ئەملاو ئەولا خۆیان دەهاتن بۆلامان بەلام بە داخەوە ئێمە نە كەسی شیاو و شارەزاو نە گیرفان و نە سفرەمان هەبوو. ئەم حەقیقەتانە كاك نەوشیروان خۆشی باشی ئەزانی و ئێمەش پێمان وتبو ، بەڵام كاكە حەمە هەر لە شوێنی خۆی بوو . كێی بویستایە ئەیهێنایە ژورەكەو كێشی نەویستیایە دەری دەكرد.‌ ئەمە نیشانەی‌ بە بنەماڵەكردن نییە؟ ئەی‌ كەواتە كاك نەوشیروان بە چ مەبەستێك لە لێدوانەكانیدا‌ دژی‌ بە‌ بنەماڵەكردن بوو؟ یان هەر قسەبوو بۆ وەزنی‌ شیعر.  
یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان زۆر گەشەی‌ كردوەو لە بنەماڵەیەكەوە بۆتە زیاتر لە 10 بنەماڵه، ‌بەڵام بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆتە بنەماڵەی‌ تاقانە. كاتی‌ خۆی برادەرێك كە ئێستا لە ژیاندا ماوە لە لەندەن سەردانی‌ كاك نەشیروانی‌ كردبوو. لە میانەی‌ قسەكاندا باسی‌ خاوەندارێتی‌ كۆمپانیای‌ وشە كرابوو. وتبوی‌ ئەوە قسە لەسەر كردنی‌ ناوێت و هەر ئەوەیەو موڵكی‌ خۆم و كوڕەكانمە. 

ساڵح ژاژڵەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی