چارەنووسی عێراق لە نێوان قوم و نەجەفدا

12/12/2019

هونەر تۆفیق

لەپاش كوشتنی عەلی ئەبی تالیب لە كوفە و شاردنەوەی تەرمەكەی لە بكوژەكانی ، بەنهێنی لە نەجەفی ئێستادا شاردیانەوە . نزیكەی ٤٥٠ ساڵ لەدوای كوشتنی عەلی و دۆزینەوەی مەزارەكەی لەلایەن عەباسیەكانەوە ، ئەبی جەعفەری توسی لەبەغداوە ڕوویكردە نەجەف و لەگەڵ خوێندكارەكانیدا یەكەم خوێندنگەی شیعیان كردەوە .هەرچەندە لەپێش توسیدا چەند زاویەیەكی ئاینی لەو مزگەوتەدا هەبوون كە هارونە ڕەشید لەكاتی دۆزینەوەی مەزارەكەی عەلیدا دروستی كردبوون ، بەڵام لەئاستی بوون بە مەدرەسە و دواتر حەوزەدا نەبوون .

حەوزە ، كە وەرگێڕانەكەی دەكاتە هەوڵدان بۆبەدەستهێنان (حاز) بۆ بەدەستهێنانی زانست و شەریعەت و ئیجتیهادی ئاینی كرایەوە ، بووە یەكەم پێگەی ئاینی و زانستی لە جیهانی شیعەدا ، لەهەموو وڵاتانی تری دەوربەرەوە بۆ خوێندن شیعەكان ڕوویان تێدەكرد .

لەپاش ئەوەی سەفەویەكان مەزهەبی ئێرانیان بەبریاری شا تەهماسب لە سونەوە گۆڕی بۆ شیعی ، دواتر داگیركردنی نەجەف لەسەدەی شازدەهەمدا لەلایەن عوسمانیەكانەوە ، حەوزەی نەجەف لاوازبوو ، سەفەویەكان حەوزەی قومیان كردەوە .

حەوزەی قوم یەكەم جار لە مەدرسەی فەیزیەوە دەستی پێكرد . لەسەر ناوی فەیزی كاشانی دامەزرێنەری حەوزەی قوم و دواتر پەرەپێدانی ئاینی لەلایەن مەلا سەدری شیرازیەوە لەسەر مەزاری فاتیمەی كچی ئیمام موسای جەعفەر لە قوم جێگەی نەجەفی گرتەوە ، هەموو موجتەهیدە شیعەكانی جیهان روویان لە قوم دەكرد .

لەوێوە هەردوو مەدرسەی نەجەف و قوم بوونە دوو مەرجەعی سەرەكی و باڵای شیعەكان لە جیهاندا .

لەپاش كەوتنی عوسمانیەكان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا مەرجەعیەتی نەجەف جارێكی تر هێز و پێگەی خۆی دروستكردەوە . مەرجەعیەتیش لە قوم بەهۆی چەپەك خستنیان لەلایەن پەهلەویەكان ، ڕەزاشا و دواتر محەمەدی كوڕیەوە لاوازبوون . زۆربەی ناودارەكانی مەرجەعیەتی قومیش ڕوویانكردە نەجەف . لە نەجەفدا هەردوو مەدرەسەی ئێرانی و عێراقی بە جیاوازیەكانیانەوە تێكەڵاوی سیاسی و ئاینی و كۆمەڵایەتی بوون .

جیاوازی بنەڕەتی مەدرەسەی ئێرانی - قوم و مەدرەسەی عێراقی - نەجەف لەوەدایە مەرجەعیەتی ئێرانی، جیهانی و گشتگرانە لە پرسە سیاسی و ئایینیەكانی دنیای شیعە دەڕوانێت . بەڵام مەرجەعیەتی عێراقی - نەجەفی لە پێشدا عەرەبیانە و دواتر عێراقیانە لەپرسە كۆمەڵایەتی و ئایینیەكان دەڕوانێت و لەڕووی فیكرەوە نەجەفیەكان كەمتر لە سیاسەت نزیك دەبنەوە و بەلایانەوە دەستەڵات تەوری فەتواكانی ئەوان نیە تا ئەو رۆژەی محەمەدی مەهدی ( مەهدی منتەزیر) لە غەیبەی كوبراكەیەوە دێتەوە . بەڵام مەدرەسەی قوم لەسەرەتاوە پەیوەستن بە سیاسەتەوە و دەستەڵات لای ئەوان تەوەرێكی سەرەكی ئیجتهاد و فەتواكانیانە . دەركەوتنی خومەینی كە یەكێك بوو لە نەوەكانی مەدرەسەی قوم لە نەجەف ، تیۆرەی ویلایەتی فەقیهی دامەزراند . تیئۆرەی ویلایەتی فەقیهی لەوێوە سەرچاوی گرتووە كە دەبێت مەرجەعیەت ڕێوشوێن بۆ سیستەمی سیاسی لە وڵاتدا دیاری بكات تا ئەو رۆژەی ئیمامی مەهدی لە غەیبەكەوە دێتەوە و حوكم تەسلیمی ئەو دەكەن .

كاتێك شیوعیەكان لە پاش ڕوخانی پادشایەتی لە عێراق، دەستەڵاتیان گرتە دەست و دواتربەعسیەكان لە ١٩٦٣ دا شوێنیان گرتنەوە ، بەجیا تەنگیان بە حەوزەی نەجەف هەڵچنی بوو . لەو كاتانەدا مەرجەعەكانی قوم دەستەڵاتی پادشایان لە ئێران ڕوخاند (١٩٧٩) و خۆیان حوكمیان گرتە دەست . لە لاوازی نەجەف و بەهێزبوونەوەی قومدا ، زۆرینەی مەرجەعەكانی عێراق ڕوویان كردە ئێران - قوم ، بەجیاوازیاكانیانەوە لەگەڵ قومدا ، لەئێران وەك ئۆپۆزسیۆنی عێراقی درێژەیان بە ئیجتهادەكانیان دا .

لەپاش كەوتنی كۆمارەكەی سەدام حسەین لە ٢٠٠٣ دا ، جارێكی تر مەرجەعەكانی نەجەف بوژانەوە . نەجەف كرایەوە قیبلەی فیرقە جیاوازەكانی شیعەكان و رۆڵی سەرەكیان هەبوو لە دروستكردنی عێراقی دوای سەدامدا .

لە درێژەی جیاوازیەكانی قوم و نەجەفدا ، بەردەوام مەرجەعیەتی قوم و هاوبیرەكانی لەنەجەف رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبووە لە بریارە سیاسیە چارەنووسسازەكانی عێراقدا .

لە ئێستادا نەجەف لە رێگەی سیستانیەوە كە دەیەوێت سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و لە قوم جیابێتەوە ، ناكۆكی دیاری هەیە لەگەڵ خامەنەئیدا سەبارەت بە فەشەلی حوكمداری دەستەڵاتدارە نزیكەكان لە قوم ، وەكو ( حیزبی دەعوا )

عێراق لەنێوان هەردوو ڕای قوم و نەجەفدا و هەڵوێستیان بەرانبەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خەڵكی عێراق دژ بە دەستەڵات . قومیەكان دژ بە خۆپیشاندەرانن و لەزمانی خامەنەئیەوە بە تێكدەر و دژ بە ئێران پێناسی كردن . بەڵام سیستانی مافی تەواوی بە خۆپیشاندەران داوە و پێ ی وایە داوای حەقی ڕەوای خۆیان دەكەن .

چارەنووسی عێراق لەنێوان ناكۆكی قوم و نەجەفدا ، لەنێوان سەربەخۆبوون و نەبوونی نەجەفدا لەدەست قوم ، لەبەردەم مەترسی تەقینەوە و پێكدادانی ئەو دوو مەدرەسەیەدایە . لەهەمان كاتدا چارەنوسی هەر یەكێكیشان پەیوەستە بەمانەوەی ئەوی دیكەیانەوە . بە لەناوچوونی هەركام لە قوم یان نەجەف ، دەبێتە هۆكاری لەناوچوونی ئەوی دیكەشیان ، بۆیە مەرجەعیەتی شیعە لەمێژووی خۆیدا لەم دۆخە ئاڵۆزتری بەخۆیەوە نەدیوە .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی