فەتوایەک بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دژ بە ژن

13/12/2019

هاوژین زیبا


ئەقڵیەتی فەتوا هەمووانی هێنایە قسە، ژنان بە کۆدەنگی دژی ئەو فەتوایەن کە لە ٤/١٢/٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیەوە دەرچوو کە بە حەرامکردن و قەدەغەکردنی سەرنشینبوونی ژن بەتەنها لەگەڵ شۆفێری تاکسیدا فەتوایان دا. بۆ ژنانی هۆشیار و هەموو ئازادی خوازان و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی بووە مایەی سەرسووڕمان و هەڵوێست وەرگرتن. 
کێشەی تەنگ هەڵچنینی هەندێک شۆفێر بە ژنان کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کێشەی هۆشیاریە، و ڕێگرتن لە هەر کێشەیەکی لەو جۆرە کاری وەزارەت و لیژنە و ئەنجومەنی تایبەتمەندە،  بەتایبەتی ئەو دەسەڵات و ڕێکخستنانەی هۆکارەکانی گواستنەوە و لەوانەش تاکسیەکان ڕێک دەخەن. لەم بارەیەوە دەکرێت بە ڕێسا و شێوازگەلێک ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، ئەوەش بەوەی کارێک بکرێت هەموو شۆفێرێک بزانێت کە وەکوو چۆن خێراییەکەی لەژێر چاودێریدایە؛ بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ سەرنشین حسابی بۆ کراوە و دەبێت بەپێی ڕێنمایی بێت و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی لەسەرە، و دەبێت هۆشیاری و پەروەدەی تایبەت ئاڕاستەی شۆفێران و هەڵگری ئەقلیەتی پیاوسالاری و کەم بینینی ژن و تواناکانی بکرێت، کە بەداخەوە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وهەرێمی کوردستانیش بەتایبەت دەگرێتەوە. ئیتر ئەم جۆرە کێشانە کاری مەلاکان و لیژنەی فەتوا و وەزارەتی ئەوقاف نین. ئەگەر مەلاکان فەتوایش دەربکەن؛ مەرج نییە خەڵک پێوەی پابەند بن و کێشەکە چارەسەر بکات. 
لە کۆنترین ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا  کاتێک لەدەوری پێگەی ژن و سیستەمی دایکسالاری باوەڕەکان و پێشکەوتنەکان دروست بوون و پاشان لەلایەن پیاوانی ئایینیی پارێزەری دابونەریتی تیرە سەرەتاییەکان و ئایینە نێرسالاری و یەکتاپەرستیەکانەوە پەراوێزخستنی ژنان و داهێنانەکانیان دەستی پێکرد، هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژن هەتا لە ئایینداری و ژیانی ئایینیدا چڕکردەوە، بۆیە یادی خواوەندی ژن، خواوەندی دایک، کوێر دەکەنەوە نا‌هێڵن پێگە و پێشەنگییەکی کە لە ئاییندا هەیبووە بەردەوام بێت. حەزی پیاو بۆ باڵادەستی بەرامبەر بە ژن لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنرا. هەمان زیهنیەت درێژ دەبێتەوە بۆ بەشێکی زۆری ئێستای مامۆستایانی ئایینی و سیاسیەکان و شۆفێر و کاسبکار و نوسەر و رۆشنبیرەکانیش.
بیانووی ئایینیی سەرەکیی فەتواکەی یەکێتیی زانایان ئەوەیە کە بەتەنیامانەوەی ژنێک و پیاوێکی شۆفێر کە مەحرەم نین بە یەک و حەڵاڵی یەکیش نین و ژنەکە مەحرەمی خۆیی لەگەڵ نیە؛ کەواتە ئەمە "خەلوە"یە، واتە بەتەنیامانەوەی ژن و پیاوی نامەحرەم کە لە ئیسلامدا بە چەند دەقێک و بە کۆدەنگیی گشتیی زانایانی ئایینیی ئیسلام قەدەغەکراوە. بەڵام دوای بەدواداچوونێک و ڕاوێژکردنمان بە شارەزایانی تایبەتمەند، بۆمان ڕوون بووەوە کە هەڵە سەرەکیەکە هەر لەمەدایە کە "خەلوە"، واتە "بەتەنیامانەوە"، وەکوو زاراوەیەکی شەرعیی ئیسلامی و ناو بۆ کارێکی حەرام؛ پێناسە و مەرج و شێوازی خۆی هەیە کە ئەوان ڕەچاویان نەکردووە. چونکە هەموو بەتەنیامانەوەیەک لە ڕووی زمانیەوە بە "خلوة" دادەنرێت لە زمانی عەرەبیدا، بەڵام وەکوو زاراوەی فیقهی و شەرعی "خەلوە"ی حەرام بریتیە لە: دیداری ژن و پیاوێکی نامەحرەم بەتەنیا خۆیان لە شوێنێکی داخراودا کە کەس نەیانبینێت، و هیچ خەمی ئەوەیان نەبێت کە کەس بێت بەسەریاندا. ئەمە پێناسەی شەرعیی وردی ئەو کارە یە کە بە ناشەرعی دانراوە لە ئیسلامدا. بەم پێیە؛ ئەگەر کەسی تریان لەگەڵ بێت یان لە خەڵکەوە دیار بن یان شوێنەکە گشتی بێت و هاتوچووی بەسەرەوە هەبێت؛ ئیتر ناشەرعی نیە. ئەم پێناسە وردە لە گەلێک فەتوادا ڕوون کراوەتەوە، وەکوو فەتوایەکی سایتی "إسلام أون لاين - سؤال وجواب" بە ناونیشانی "ضابط الخلوة المحرمة"، کە بەو شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە. ئینجا وتەی گەورە زانای ئایینیی ئەزهەر (عطية صقر) دەهێنێت کە وتوویەتی: "ئەو خەلوەیەی کە قەدەغە کراوە و دەگونجێت سەربکێشێت بۆ کاری خراپ؛ بەوە دەبێت پیاوێک لەگەڵ ژنێکی نامەحرەم لە شوێنێکدا کۆببنەوە کە کەس نەیانبینێت، ئیتر دیدار و بەیەکگەیشتنی ڕێگا و شوێنە گشتیەکان وەکوو بازاڕ و خوێندنگا و هۆکارەکانی هاتوچوو لە بابەتە ئەو خەلوە حەرامکراوە نیە"(١).
ئامانج لەم جۆرە فەتوایانە سەپاندنی پلەوپایە و دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی و بەکارهێنانی چەکی فەتوایە بۆ ئەو مەبەستە،  خۆهەڵقورتاندنە لە کاروبارێک کە پیشە و پسپۆڕی و شارەزایی پیاوانی ئایینی نیە، بۆیە هەوڵێکی یەک لایەنەی ئەوانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری ئایینیی سەردەمانی ڕابردوو، کە ئەم کەلەپوورە لە توانایدا نییە ببێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگای نوێ. 
دەمەوێت ئەوە بڵێم ژن پێویستی بە پاسەوانی ئەخلاق نییە، ژن بۆ خۆی هەڵگری واتای ژیان و بەردەوامیی ژیانە. نە سیاسییەکان و نە مەلاکان و نە شاعیر و ئەدیب و سەرکردەی بێ بروا بە ئیرادە و تایبەتمەندی هێزی ژن ناتوانێت ژن بپارێزیت. فەتواکەی یەکێتیی زانایان درێژکراوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریی ڕابردوو و بێبڕواییە بە ژنان.  لێرە بە هەزاران نادادپەروەری و گەندەڵی و دزیکردن و ژنکوشتن ڕۆژانە ڕوودەدەن بەبەرچاوی هەموو مامۆستایانی ئایینییەوە، بەڵام وەکو پێویست بە ئەرکی بەرپرسیاریی خۆیان هەڵنەستاون و بێدەنگن. 
لە کوردستاندا لە بەشی ڕۆژئاوای ئەم خاکە، ژنان شانازییان بۆ هەموو مرۆڤایەتی تۆمارکردوە، بەرامبەر بەو ئەقلیەتە دینیەی ژن پەراوێز دەخات و دەیکات بە موڵک و پاشکۆی پیاوان. ژنان مرۆڤایەتییان پاراست لە دڕندەترین و تاریکترین ڕێکخستن و دەسەڵاتی ئایینیی ئیسلامی (دەوڵەتی خەلافەت). کێ دەتوانێت نکۆڵی لەو سەرکەوتن و لەو شۆڕشە بکات کە بە پێشەنگبوونی ژن و نوێبوونەوەی ڕۆح و ئیرادەی ڕاستەقینەی ژنان ژیان ڕەنگینتر و گەشاوەتر بووە. (هەڤرین خەلەف) سکرتێری پارتی ئایندەی سوریا کە بۆ پێکەوەژیانی گەلان و ئازادییەکانی ژن کاری دەکرد بە دەستی هەمان زیهنیەتی ئایینیی گرووپە تیرۆریستەکان شەهید کرا. ژنانی شەڕڤان کە بە ڕۆحی خۆیان پارێزگاری لە ژیان و گەلان دەکەن بە دەستی گرووپە تیرۆریستە ئایینییەکان شەهید دەکرێن و سووکایەتی بە جەستەی پیرۆزیان دەکرێت، منداڵان بە هەمان زیهنیەتی ئایینی شەهید دەکرێن، ژنانی ئێزیدی تاکو ئێستاش لە لایەن گرووپی تیرۆریستی ئیسلامیەوە بە هەمان ئەقڵیەت کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت وسوکایەتییان پێ دەکرێت. ئایا ئەو بەڕێزانەی خۆیان بە خەمخۆری ژیان و ژنان دەزانن ئەمانە نابینن؟ ئایا ژن پێویستی بە دەربازبوون  نییە لەو زهنیەتەی ئێوە کار بۆ بەردەوامبوون و گەشانەوەی دەکەن؟!
پەراوێز:
(١) ضابط الخلوة المحرمة. إسلام أون لاين.
https://fatwa.islamonline.net/14901

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی