گەمەی خۆڵکردنە چاو.

08/01/2020

نەبەز جەلال

ئەوانەی عەقڵیان لە چاویاندایەو بەدەم ئەبێژن. ھیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ: ئەوانەی عەقڵیان لەسکیاندایەو بەدەم ئەچێژن.
گەمەی سیاسی دۆخەکە لە ئێستادا جگە لە چاوبەستکردن و کڵاو کردنەسەری زۆرینەی ناوچەکە ھیچی تر نییە، مەرام و ستراتیجیبەرژەوەندی زلهێزەکان لە ڕۆژەھەڵاتی ناوین زۆر زۆرتر دەخوازێ لەوەی بە پراکتیک و بەرکەوتن، ھەنگاوی سیاسی و سەربازی بەرچاوی بۆدەنرێ.
ئەوەی دەبینرێ دەرئەنجامی جۆرو توانستی ئەزموونی خەبات و ژیانی سیاسی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە، بەدڵنیایش لەوە زیاتریشیان بۆبەرھەم ناھێنرێ و ھەڵناسوڕێندرێت.!
ئەمەشە گشت ڕێ و ڕێچکە سیاسییە لادەرەکان، لە دەروازەی ھەمەچەشنەوە دهێنێتەوە سەر تولە ڕێی خۆبەدەستەوەدان و بچوکردنەوە وئیشکردن لەسەر کڵاونانەسەری یەکترە بۆ براوەی یەکەم لەدۆخەکەو، وەرگرتنی هێزی  باڵادەستی بازنەیی و دوبارە پەیمان بەخشینەوە بە ژێردەستەیی سیاسی دروستکراو، بەردەوامی خۆڵکردنە چاوو چاوبەستن و بێدەنگی قبوڵکردنی دۆخێکی سەپاوی  مەحکوم بەئەرک وجێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکان بۆ مانەوە .!
 
گەر ڕاستگۆبین دەزانین، مێژووی حوکمی ناوچەکە هاوتەریب لەسەر  بنەمای دەستاو دەستی دەسەڵاتی کارتۆنی و ژێر دەستی سیاسیدادروستبووەو بە هەردوو ویستی ململانێی بڕوا و بوونی قۆناغیدا تێپەڕیوە. بەرکاری ئەم سیستمی بەڕێوەبردەنەی ئێستەشمان درێژکردنەوەیهەمان  پرۆسەی بەهێزکردن و ساغکردنەوەو دروستکردنە بۆ لادان و تۆکمەبوون لە داهاتوو.
بەردەوامی ئەم خوە سیاسییەشە وەک دیوی ناوەوەی پێکهێنان وادەکات و بە پێویستی دەزانێ پاڵەوانە کارتۆنی و قێزەونەکان لە ناوچەکەدانەبڕێن وهەمیشە بیانهێنەوە سەر شانۆی سیاسی و بیانکەنەوە بە ئومێدی جۆری خەڵکە کڵاو لەسەرنراوەکە.!
 
گەرچی سیمای زۆرمان لەو شێوە جۆر و جیاوازانەی بەرەی سیاسی ناوچەکە، بە زەبری خوێن و ماندوبونی قوربانییان بەڕێکرد، لە هەردووبەرەی دژو و دۆست وەک  دوژمنە سەرسەخت و نەیارەکانی کورد و سەرانی بەناو شۆڕشگێرە سیاسییە فرۆشراوەکانی پارێزەر بوون لەبەرگریکردنی ژێر بەژێر و دروستکردنی بەرژەوەندی زلهێزەکان و ڕوتاندنەوەو بچوکردنەوەی  کورد و دۆزەکەی.
لێرە سیاسەت ناوی ھونەری شاردنەوەو باس نەکردن و بێدەنگی هەڵبژاردن و بێدەنگکردنی ڕاستییەکانە ، نەک خزمەتکردن وھۆشیارکردنەوەو پێگەیشتن و سەرخستنی گەل.!
یەکێک دێ؛ بێ ھیچ بنەمایەک زانستی سەلمێندراو، بەکەرەستەی خۆماڵی و بۆماوە پەیمانی خۆشگوزەرانیمان پێدەداو و یەکێکی تریش بەھەمان بەرماوەی  پڕپۆڵەی وەریوەکانی سیاسەت بێ ئومێدمان دەکا.
لەڕاستیشدا ھەر دووکیان کار بۆ یەک ئامانجی دیاریکراو دەکەن، پەیماندانە بۆ نەکردن و ئەوەشی کە بێ ئومێدت دەکا هەر ئەوەی ئەو دەکاکە نەتوانراوە بکرێ. خەڵکیش بە هۆکاری تێچوونی خەوش و خۆڵەکەی ناو چاویان هیچ نابینین و حاڵی نابن.
تا هزری سیاسیمان نەتوانێ، ئەم کلتوری موتوربەکردن و هێز دروستکردنە دەرەکی و ماڵییە پێچەوانە نەکاتەوەو تێنەپەڕێنێت، قەت ناگاینە ئەوکەنارەی کە دۆخی پێکەوەیی و سەنگی جەمسەرگیریی هێزی ناوچەکە وەک بوون بیخوێنێتەوە و بیکاتە هاوبەشی دیارو ڕاستەقینەی خۆی لەبەرژەوەندییە گشتییەکانداو، گوێ لە خواستەکانی بگیرێ وەک ماف و هاوسەنگی سەرانی ووڵاتانی  زلهێز لە ناوچەکە.
گەر نا بەردەوامی بەهەمان ڕیتمی کۆنی سیاسەتی وابەستەیی و ملکەچدان لێدەدرێتەوەو لە چاوەڕوانیدا دەچەقین، تا زلهێزەکانی دۆست،خۆیان دەکەونە بیری ڕەحمەتێکی دۆستانە بۆ دۆزینەوەی ناوێکی نوێ و نازناوێکی ترمان لێدەنێن لە فۆرمە ناولێنراوە کارتۆنی ودروستکراوەکەی دەبێتە نوێبوونەوەی ناوچەکە  دوای دەستکاری هێزە براوەکان و ئێمەش بە خۆڵکردنە چاوەوە سەرقاڵدەکەن..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە