ئەبومەهدی موهەندیس چۆن چوویە ناو سێ کوچکەی متمانەی خامنەیی؟

10/01/2020

د. موئمین زەڵمی


قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران کوژرا و تەرمەکەشی بەخاک سپێردرا، بەڵام ئەوەی لەگەڵ خۆی بردی و جگە لە خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کەسیتر نەیزانێ، چیرۆکی گەنجێکی عێراقییە کە بە ئەسڵیترین ئێرانی ناو عێراق دادەنرێت، ئەو نهێنیانە چین؟ ئەم گەنجە بۆ وا چووە بە دڵی مەرجەعی شیعەکانی سەرزەویدا؟ بۆچی ناوی هەر لەسەر زارانە و بە یەکێک لە پایەکانی سێ کوچکەی متمانەی خامنەیی دادەنرێت؟

 ئەبومەهدی موهەندیس کێیە؟

جەمال جەعفەر محەمەد ئال ئیبراهیم یان جەمال ئیبراهیمی کە بە ئەبو مەهدی موهەندیس ناسراوە، جێگری حەشدی شەعبی عێراقی بوو، ساڵی 1954 لە بەسرەی باشووری عێراق لەدایکبووە، باوکی عێراقییە و دایکیشی ئێرانییە، ساڵی 1977 کۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی بەغدای تەواو کردووە، کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووە پەیوەندی بە ریزەکانی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە.

لە ترسی سەربازی و دەستگیرکرانیشی لە لایەن رژێمی بەعسەوە چوەتە کوەیت و ساڵی 1983 لە کوەیت بە دارێژەری هێرشەکانی سەفارەتی ئەمریکا و فەرەنسا پاڵاوگەکانی نەوتی ئەو وڵاتە ناوی هێنراوە، کە بە گوێرەی راپۆرتێکی بی بی سی فارسی ئەو هێرشانە لە لایەن ئێرانەوە رێکخرابوون.

لە کۆتایی هەشتاکاندا بە یەکجاری چووەتە ئێران و دەستیکردووە بە خوێندنی ماستەر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ساڵی 2010 ش بووەتە خوێندکاری دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و بە باشی فێری فارسی بووا و هەر لەوێش لەگەڵ خانمێکی ئێرانی هاوسەرگیری کردووە.

بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتی میری کوەیت بریاری لەسێدارەدانی غیابی لەدادگای کوەیت بۆ دەرچوو. بە وتەی خۆی، یەکێک بووە لە سەرکردەکانی مەجلیسی ئەعلای شۆڕشی ئیسلامی عێراق و فەرماندەی باڵی سەربازی مەجلیس بووە کە بە سوپای بەدر ناسراوبوو.

 گەڕانەوە بۆ مەیدانی سیاسی و ئەمنی

پاس ساڵی 2003 و شەڕی ئەمریکا و پڕۆسەی رزگاری عێراق وەک زۆربەی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان گەڕاوەتەوە عێراق، و دەوترێت کە ماوەیەک ڕاوێژکاری ئیبراهیم جەعفەری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بووە، دواتریش لە مەجلیسی ئەعلا جیابوویەوە و کەتائیبی حزب اللەی عێراقی دامەزراند کە وەک تەواوکەری حزب الله ی لوبنانی حەسەن نەسروڵا بووە لە عێراقدا. 

لە هەڵبژاردنی دوهەزار و پێنجی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ناوی لە لیستی کاندیدایانی هاوپەیمانیی شیعەکان دەرهێنرا بە هۆی ئەو تۆمەتانەی کە لەساڵەکانی هەشتاکانەوە لە دادگاکانی عێراقدا لەسەری هەبوون. لە لایەن ئەمریکا و پۆلیسی ئینتەرپوولەوە بە یەکێک لە کەسایەتییە داواکراوەکان ناوەزدکرابوو بۆیەش تا ساڵی 2011 زۆربەی تەمەنی لە ئێران بردە سەر و کەمتر دەیتوانی بە ئاشکرا لەعێراق بمێنیتەوە.

 لە گەنجێکی قاچاخەوە بۆ کەسایەتییەکی بەناوبانگ

سەرهەڵدانی داعش و دەوڵەتەکەی بە خەلافەتی ئەبوبەکر بەغدادی و هێرشەکانی بۆ سەر موسڵ و ناوچەکانیتری عێراق وەرزێکی نوێ بوو بۆ چالاکییەکانی ئەبومەهدی موهەندیس، بۆیەش بوویە ئەندازیاری پرۆژەیەکیتری راستەوخۆی ئێران و حەشدی شەعبی (جێگرەوەی بەسیج) لە عێراق و ئەم هێزەی دروست کرد، حەشدی شەعبی بە تەنیشت سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوونە بەشێکی فراوان لە بەرەی عێراقی دژی داعش و لە زۆرینەی چالاکییەکانی دژی داعشدا بەشداری راستەوخۆی دەکرد.

موهەندیس و ئێران و هەموو شت!

لەگەڵ ئەوەی دایکی و هاوسەرەکەی ئێرانین و بەشێکی زۆری ژیانی هەرزەکاری و گەنجی لە ئێراندا بەسەربردووە، پێگەشتن و خوێندنی هەر لە ئێراندا بووە، بەڵام زیاتر لەمەش بە بوونی پەیوەندی نزیک لەگەڵ ئێراندا ناوی هێنراوە، خۆشی رەتی نەکردۆتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ دەزگای زانیاری (ئیتیلاعات)ی ئێرانیدا هەبووبێت و بەلاشیەوە نائاسایی نەبووە. 

"من بیست  ساڵی تەمەنم لە ئێراندا بردۆتە سەر، دەکرێ  پەیوەندیم لەگەڵ ئیتلاعات نەبووبێت؟ من بەرپرسێکی سیاسی و نیزامی و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بووم، ئەمەش وای دەخواست پەیوەندیم لەگەڵ ئەملاو و ئەولا هەبوو، بەڵام ئەو تێگەشتنەی کە پێی وابێت ئێران لە ڕێگەی منەوە لە عێراقدا چالاکی دەکات تێگەشتنێکی ئەحمەقانەیە" موهەندیس لە دیمانەیەکی رجانیوز وای وت.

 سێ کوچکەی متمانەی خامنەیی

پەیوەندی و کاری پێکەوەیی نێوان ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە پێنج ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەک قاسم سلێمانی چەندجارێک خۆی بە سەربازی ئەبومەهدی زانیوە و ئەویش خۆی بە بەسیجی حاجی قاسم سلێمانی وەسفکردووە.

رەنگە ئەو قسەیە تەواو بێت کە لە ڕێگەی قاسم سلێمانییەوە، ئەبومەهدی موهەندیس بە متمانەپێکراوترین سەرکردەی عێراقی دادەنرێت لای عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران. بە گوێرەی زانیارییەکان سێ کوچەی (حاجی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و حەسەن نەسروڵا) بە سێ کوچکەی متمانەی خامنەیی دادەنرێن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش بە وردی لە مەراسیمی بەخاکسپاردن و نوێژی سەر جنازە و دوایین وتاری خامنەیی دا لەسەر بارودۆخەکە زیاتر دەردەکەوێت کاتێک بە بێ پەردە باسی لە نزیکی ئەبومەهدی موهەندیس و خۆی کرد و ئەوەشی راگەیاند کە ئەبومەهدی زانیاری بۆ ئەوان گواستۆتەوە. بۆیەش ئەوەی لەم نزیکییە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە کە ئەبومەهدی موهەندیس و حاجی قاسم سلێمانی کۆمەڵێکی زۆر نهێنییان لەگەڵ خۆیان بردە ژێر گل کە تەنها عەلی خامنەیی و رەنگە هەندێکیشیان حەسەن نەسروڵا بیانزانێت.

 کۆتاییەکی سەرتاسەری!

ئەگەرچی بە شێوەیەکی سروشتی کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکان کاری گەورە بۆ ئامانجی گەورە دەکەن، بەڵام رەنگە هەرگیز ئەبومەهدی موهەندیس نەیزانیبێت مردنەکەی و مەراسیمی بەخاک سپاردنەکەی دەبێتە گەورەتری رووداوی مێژووی عێراقی نوێ.

 ئەبومەهدی موهەندیس بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە فرۆکەخانەی بەغدا لەکاتی پێشوازیکردنی لە قاسم سلێمانی بوونە ئامانجی فرۆکەکانی ئەمریکا و کوژران. بۆیەش مردنەکەی وەک کۆتاییەکی سەرتاسەری لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی و مەرجەعیەتی شیعی رێزی لێنراو و پاش گواستنەوەی بۆ تاران و شارە مەرجەعییەکانی ئێران و گێڕانەوەی بۆ عێراق رۆژی چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2020 لە گۆڕستانی وادی سەلامی شاری نەجەف بەخاکسپێردرا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی