چاكسازی و پەرلەمان

12/01/2020

پەیكار عوسمان

چاكسازی "بەردەوامی"یە
چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامەو هەر چاكسازییەك ئەگەر بچووكیش بێت، بە مەرجێ بەشێكبێت لە بەردەوامی چاكسازی، جێگەی تەقدیرە، بەڵام چاكسازییەك كە كۆتایی بە سیفەتی بەردەوامی چاكسازیی بهێنێ، هەرچەن گەورەشبێت، جێگای ڕەتكردنەوەیەو ئەوە چاكسازی نییەو خودی گەندەڵییە! چونكە چاكسازی بە بەردەوامییەكەی چاكسازییەو ئەگەر ئەو سیفەتە لەدەست بدا ئیتر چاكسازی نییە.

چاكسازی بە شەرتی گەندەڵی
تۆزێ چاكسازی لە سفر چاكسازیی باشترە، بەڵام ئەو گەندەڵییەی دەمێنێتەوە هەر گەندەڵییەو ئەو تۆزە چاكسازییە، گەندەڵییە ماوەكە ناكات بەناگەندەڵی!

چاكسازییەكەی ئێستاش، ئەگەر هەنگاوێكبێت و هەنگاوی تری بەدوادابێت، باشەو بەخێربێت، بەڵام ئەگەر ئەم تۆزە چاكسازییە، بۆ كۆتاییهێنان بە چاكسازی و شەرعیەتدان بە گەندەڵییە ماوەكەبێت، ئەوكات دژایەتی چاكسازی ئەبێتە ئەركێكی ئەخلاقی!

چاكسازیی ناپۆپۆلیزمە
چاكسازی پێشئەوەی پرۆسەیەكی سیاسی و ئیداری و هەرشتێك بێت، پرۆسەیەكی ئەخلاقییە، پۆپۆلیزمیش پرۆسەیەكی نائەخلاقییەو لەسەر ئیستغلالكردنی عەوام دامەزراوە نەك لەسەر مەسڵەحەتی عام.

لە چاكسازیدا ئەخلاقی سیاسی سەنتەرەو لە پۆپۆلیزمدا عەوامسازی و دروشمبازی، لێرەشەوە پۆپۆلیست دەتوانێت نمایشی چاكسازی بكات، بەڵام ناتوانێت خودی چاكسازی بكات!

چاكسازی ئارامییە
چاكسازی پرۆسەیەكی ئارامەو پۆپۆلیزم هەراو فەوزایە، ئەوانەی هەموو ئامانجیان ئەوەیە، كە گۆڵێكی سەر شاشە بۆ شەخسی خۆیان یان هێزەكەیان تۆماربكەن، بكەری چاكسازیی نین، چونكە چاكسازیی ئەخلاقەو ئەلف و بێی ئەخلاقیش، تێپەڕاندنی "من"ە لەپێناو هەموو، بەكورتی چاكسازی كارە، بەڵام پۆپۆلیزم شۆیە.

چاكسازیی كاری تیمە
لە چاكسازیدا هەمووان یەك تیمن بەرانبەر گەندەڵی، نەك ئەوەی هەركەس یاریكات بەرانبەر ئەویتر، هەموو بەرانبەر گەندەڵی یاری بكەن دەیبەنەوە، هەموو بەرامبەر یەكتر یاری بكەن، گەندەڵی لە هەموویان دەباتەوە.

مەسەلەن لەكاتی لەچاكسازیدا دابەشكارییەكانی بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵ.. زەڕبەیە لە چاكسازی

گەندەڵی قۆناغێكی گەشەی حوكمڕانییە
ئەوە ڕاست نییە، كە چاكسازی بەگەندەڵ نەكرێت، ئەسڵەن خودی گەندەڵی، پێویستی بە ئەپدەیتەو گەندەڵی ئەگەر زوو زوو خۆی تەعمیر نەكات، بیناكەی ئەڕوخێ!

شێخێكی خلیج، بەتەنیا خۆی، بەقەت هەموو دزەكانی ئێمە دزی لەوڵاتەكەی كردووە، بەڵام بەردەوامیش چاكسازی دەكات‌و لە چاكسازیی نەوەستاوە، چونكە چاكسازی بەردەوام، بەردەوامی بە گەندەڵییەكەی ئەویش دەدات!

گرنگە دەسەڵاتی ئێمەش، لە مەرحەلەی چەتەییەوە بپەڕێتەوە بۆ مەرحەلەی گەندەڵی و جارجار دەسێك بەخۆیدا بهێنێت، لەبەر ئێمە نا، هەر لەبەر خۆی.

پەرلەمان ڕادیۆ نییە
پەرلەمان نەهی ئەوەیە دەسەڵات بیكات بە كائینكی بێدەنگ، نە هی ئەوەیە موعارەزە بیكات بە كائینێكی چەنەباز. 

ڕاستە پەرلەمان دەبێت دەنگی هەبێت، بەڵام كورتكردنەوەی پەرلەمان لەدەنگدا، بە ڕادیۆكردنی پەرلەمان و بەتاڵكردنەوەی پەرلەمانە لەخۆی!

لەنێوان ڕادیۆیەكی كوژاوەو ڕادیۆیەكی داگیرساودا، پەرلەمان دەبێت هیچیان نەبێت و بڕێك خۆی بێت.

كەمێك كرداری پێكەوەیی چاكسازی، باشترە لەدنیایەك دەنگەدەنگی ئەم یان لەدنیایەك بێدەنگی ئەو بەڵام چاكسازییە پێكەوەییەكە، چاكسازی بێت نەك گەلەكۆمە.

پەیكار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی