ئەم چیرۆكەش بگێڕنەوە

13/01/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

لە گەرمەی كەش و فشی هەندێكا گوایە شەڕی چاكسازی دەكەن ، یەختێكی تر بە زیاتر لە پەنجا سەر نشینەوە لە نێوان یۆنان و ئیتالیادا ژێر ئاو كەوت و قاچاخچیەكانیش لە بری ئەوەی بگیرێن ، خوا دەزانێ‌ ئێستا لە چ  باڕێكا دەخۆنەوە ، ئەو قاچاخچیانە هەڵاتن و قاچاخچیەكانی نەوتیش شەوورۆژ خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵك ، من پێشتریش وتومە چاكسازی یاساو هەڵڵای ناوێ‌ بڕیارو بوێری دەوێت ، ئەگەر بەرزترین موچە لەم وڵاتە لە سێ‌ ملیۆن تێنەپەڕێت و نزمترینیش لە 600 هەزار كەمتر نەبێت ئەوە چارەسەری زۆر كێشە كرا ، هەڵبەت هەر شەرمیشە پارلەمانتارو وەزیر دوای تەواو بوونی كارەكانیان ، ئەوانەی پیشەی تریان هەیە داوای خانەنشینی بكەن ، خانەنشینی پلە باڵا چیە پلە باڵاچیە و پلە ناباڵا چیە ئەم جیاوازی مرۆی بوونە لە باڵاو ناباڵا سوكایەتیە بە مرۆڤ ، خانەنشینی سەربازیش پێویستی بە پیاچوونەورێكخستنە ، دواتر شەرمە مرۆڤ لە بە هەر بیانوویەك دوو موچەو سێ‌ موچەی هەبێت ، جگە لە خاوەنی شەهید و ئەنفال كە پێویستە ئەویش رێكبخرێت .


نادادیو ستەمەكە لە سەرەوەیە ماسیەكە هەر كلكی ماوەتەوە بۆ گەن نەكات ، شەڕ لە سەر بۆگەنكردنی كلكەكەیە نەك چاكسازی ، رەنگە هەبن دوایەش فشەو فاڵی ئەوە بكەن بڵێن ویستمان چاكسازی بكەین نەیانهێشت ، لە بری ئەوەی سێ‌ سەرۆكایەتیەكە بە یەك بڕیارو بوێرانە ئەمە چارەسەر بكەن ،رێك لە گەرمەی ئەو هەراو زەنایەدا هاوڕێكانی سیڤەر سەردار وێنەكەی ئەو دادەگرن كە چەمچەماڵیەو یەكێكە لە قوربانیەكان ، سیڤەر لە دایك بووی 2001ە رەنگە ئەگەر كوڕی سەرۆكی هەرێم بوایە ئێستا سەرۆكی زانكۆیەك یان سەرۆكی فەخری كەناڵێكی ئاسمانی بوایەو ساڵانە دەیان سەفەری بۆ خۆشترین هۆتێلەكانی دنیا كردبایەو لە سەری سەرەوەی بورجی خەلیفە كامی كامی بە مناڵانی هەژاری ئەم وڵاتە كردبا ، لێ‌ سیڤەر كوڕی ئەو نەبوو ، ئەویش نەبۆ سیڤەر نەبۆ هیچ مناڵێكی تری ئەم وڵاتە باوك نەبوو جگە لە مناڵەكانی خۆی .


لەو یەختەدا هەر سیڤەر نەفەوتاوەو زۆری تریش مردوون ، هەندێكیش تا ئێستا بێ‌ سەروو شوێنن ، هەڵبەت زیاتر لە 30 كەسیان مردوون ، هەندێكیان نەدۆزراونەتەوە ، وەك چۆن لە 1992ەوەخەڵك لە ئیجەو دەریای رەش و دەریاكانی دیكەدا بێ‌ سەرو شوێن دەبێت و مناڵەكانی ئەمانیش جگە لە دوا مۆدێلی ئۆتۆمبیل ، دوا جۆری بۆن و شۆرت و قات و قۆندەرە لە پاریس و رۆماو نیۆرك دەكڕن ، دەبوو ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری خەڵك دەزانن ئێستا لە سەر نوقومبوونی ئەو یەختە قسەیان كردبا ، نەك موچەو خانەنشینی خۆیان ، من سەیرم بەوە دێت لەم وڵاتە موستەشاری جاش هەیە بە پلەی باڵا  خانەنشین كراوە ، هەیە لە سەر پەڕینەوە لە جۆگایەك موچەی پلە باڵا وەردەگرێت و كەسیش بۆی نیە هیچی لە بارەوە بڵێت .
سیڤەر مانگێ‌ لە مەوبەر تیشێتێكی لە یۆنان كڕیوە بۆ ئەوەی لە پاریس یان رۆما كەمێك پێوەی بسوڕێتەوە ، بەڵام یەختەكۆنی قاچاخچیەكانی مرۆڤ و مەرگ مەودایان نەدا ، كاكیشم پێشتر ماڵ بە ماڵ سواڵی دەنگی كردووە ، ئێستا لە بری شەڕ بۆ ئەوان بكات شەڕ بۆ ئەوە دەكات خانەنشینی خۆی لە سێ‌ ملیۆن و چوار ملیۆن كەمتر نەبێت ، نازی ئەوەش بە سەر ئێمەدا دەكات گوایە خۆی 5 ملیۆنەو ئەو بە یاسا كەمی دەكاتەوە ، ئەمە جگە لە ........... جوان نیە شێخ رەزایانە قسە بكەم .


سیڤەر گیان تۆش دەڕۆیت و نادادی هەر بەردەوامە ، كەواتە بڕۆرە بەردەم بارەگای یەزدانەكەت و گللەی ئەو نادادپەروەریە بەرە لای ئەو . 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی