بۆچی جه‌نه‌ڕاڵ حەفتەر ڕێکكەوتنەکەی واژۆ نەکرد ؟

14/01/2020

none


پاش حەوت کاتژمێر لە ووتوێژی بەردەوام لەو کۆبونەوەیەدا کە بە سەرپەرشتی ڕوسیا و هاوکاری تورکیا لە شاری(مۆسکۆ)ئەنجامدرا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتنی لایەنە ناکۆک و شەڕکەرەکانی لیبیا بە ئاگربەستێکی درێژخایەن،ئێوارەی دوێنێ پاش ئەوەی دەقی ڕێکەوتنەکە لەلایەن(فایز السراج)ی سەرۆکی حوکمەتەوە واژۆکرا لە بەرامبەردا(گەنێراڵ حەفتەر)ڕێکەوتنکەی واژۆ نەکرد  و گوایە بۆ بیرکردنەوەی زیاتر و بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتنەکە داوای کاتی پێویستی کردوە و دوای چەند کاتژمێرێک مۆسکۆی بەرەو بەنغازی بەجێهێشت، سەرباری لێدوانی(سێرگی لافرۆف)ی وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش کە "حەفتەر پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ بیرکردنەوە لە ڕێکەوتنەکە و واژۆکردنی"بەڵام 
پێدەچێت گەنێراڵ بەمزوانە نەگەڕێتەوە سەرمێزی گفتوگۆکان و ئەم هەڵوێستەی لەمەڕ ڕێکەوتنەکە  هەندێک فاکتۆری دیکەی بەهێزتری لە پشتەوە بێت لەوانە : 
۱. هێزەکانی حەفتەر نزیکەی(٤/۳..سێ لەسەر چوار)ی خاکی لیبیایان لەژێر دەستدایە کە سەرجەم بەندەرە گرنگەکانی ڕۆخی دەریای سپی ناوەڕاست جگە لە تەرابلوسی پایتەخت لە خۆدەگرێت، ئەمەش فاکتۆری باڵادەستی سەربازیە و باسکی حەفتەری بەهێزکردووە و پێناچێت بێ زامنکردنی دەسکەوتێکی بەرچاو بە ئاسانی بچێتە ژێر باری ڕێکەوتنەکەوە.
۲. لە ڕووی پێداویستی و تەدارەکی بەرەکانی شەڕەوە هێزەکانی حەفتەر باڵادەستیان پێوەدیارە و تیرە و عەشیرەتە بە ناوبانگ و شەڕکەرەکانی ووڵاتەکە پشتیوانی لە حەفتەر دەکەن،ئەمەش مانای فەراهەمکردنی هێزی سەربازیە بۆ پشتیوانی لە سوپای لیبیا، بەڵام ئەم پشتیوانیە لە حوکمەتەکەی سەراج لە ئەرزی واقیعدا نیە بۆیە پشتی بە کۆمەکی ملیشیا ناوخۆ و دەرەکیە توندڕەوە ئیسلامیەکان و سوپای تورکیا بەستووە کە ئەوەش بە ئاسانی و بێ گەڕانەوە بۆ ڕەزامەندی پەرلەمان ئەنجامدراوە و گرفتێکی یاسایی و دەستوری گەورەی بۆ حوکمەت خوڵقاندووە.
۳.لە ڕووی دیبلۆماسیەوە حوکمەتی سەراج ڕوو لە فشار و دابڕانێکی نێو دەوڵەتی دەکات دەرەنجامی ئەو ڕێکەوتنەیان لەگەڵ تورکیا بۆ ڕەسمکردنی نەخشەی نوێی دابەشکردنی سنورەئاویەکان و ڕاڕەوی نێوانیان لەپانتایی(دەریای سپی ناوەڕاست)دا بە ئامانجی دەستپێکی پرۆسەی گەڕان و وەبەرهێنانی نەوت و گازی ڕێڕەوە دەریاییەکە،و کۆی پرۆسەکەش لە بنەڕەتەوە دژ بەو ڕێکەوتتنامە نێو دەوڵەتیانەیە کە پێشتر لەمەڕ ئەو پرسە ڕێکەوتنی لەسەرکراوە، و هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆی ووڵاتیش ڕێکەوتنەکە لە لایەن پەرلەمانی لیبیا وە ڕەتکرایەوە و تاوانی پێشێلکردنی دەستور و خیانەتی نیشتمانی بەرەو ڕووی حوکمەتەکەی(فەیز السراج)کراوەتەوە.
٤. گەنێراڵ حەفتەر دەیەوێت زۆرترین وەبەرهێنان لە باڵادەستیە سەربازیەکەی لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا بکات، بۆیە پێدەچێت مەرجی چەکداماڵینی میلیشیا توندڕەوەکانی پشتیوانی حوکمەتەکەی سەراج بکاتە پێشمەرجی واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەستی درێژخایەن، و ئەوەش مەرجێکی قورسە و بۆ ڕکابەرەکەی زۆر سەختە قبوڵی بکات لەکاتێکدا کە هێدی هێدی هێزەکانی لە سنوری(تەرابلوس)ی پایتەختدا گەمارۆ دەدرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە