رۆژنامەنووس و درۆ

17/01/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

رەنگە هیچ درۆیەك هێندەی درۆی رۆژنامەنووس ، یان بە ملی درۆدا بردنی رۆژنامەنووس ناخۆش و ناشرین نەبێت ، درۆ بە گشتی ناشرینە ، بەڵام درۆی رۆژنامەنووس دەكەوێتە بەردەم خەڵك و دەبێتە هەواڵ یان بابەت و ئیدی رەنگە زۆرێكیش تا ماوەیەك فریوی بخۆن ، بەڵام درۆهەیە بە مەبەستە و درۆهەیە بەسەردا تێدەپەڕێت ، درۆی بە مەبەست رۆژنامەنووسەكە وەك پیشە دەیكات و رۆڵی مەلەوانە درۆزنەكە ، یان شوانە درۆزنەكە دەبینێ‌ و واز ناهێنێ‌ تا ئەو كاتەی ئیدی خەڵك هیچ بڕوایەكیان پێنابێ‌ ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەردەوام دەبێت و چێژ لەو كارە دەبینێت .


كە سەرنووسەری كەركوكی ئەمڕۆ بووم لە كەركوك كەسێك هەبوو هەواڵی بۆ دەهێنام ، هیچ هەواڵێكی راست نەبوو ، بەڵام هەموو هەواڵەكانی بۆ لێدان بوو لە لایەنێكی دیاری كراو ، هەرگیز یەك هەواڵیشی بڵاو نەكرایەوە ، هەمیشەش ئەوەمان دەخستە بەردەمی كە هەواڵەكەی جێی گومانە ، بەڵام نە ئەو وازی دەهێناو نە ئێمەش بایەخمان بە هەواڵەكانی دەدا ،ئیتر بە ناوی رۆژنامەنووسەوە ئەوە ئەركەكەی بوو .


كاتێ‌ بەرپرسی لقی كەركوكی سەندیكا بووم ، زۆر هەوڵم دا رۆژنامەنووس و ئەوانی تر جیا بكرێنەوە ، لەو بارەیەوە یەك دوو بابەتیشم نوسی ، هەندێ‌ رێ‌ و شوێنیش گیرایە بەر ، بەڵام  حزبەكان و تەلەفیزیۆنەكان و رادیۆكان و هەندێ‌ خەڵكیش سوور بوون لە سەر ئەوەی ژمارەكە هەر زیاد بكرێت ، خۆ ئەگەر ئێمەش نەمانكردایە رێگەی دیكەی دەدۆزیەوە ، هەبوون بۆ ئیشێكی تایبەت رۆژنامەنووس بوون .


رۆژنامەنووس هەیە چێژ لەوە دەبینێ‌ بە ناوی سیاسیەكانەوە قسە بكات ، تەنانەت بخرێتە درۆشەوە پێی خۆشە ، هەندێك سیاسیش دەڵێن دەی مادام قسەیەكی جوانی بە ناوی ئێمەوە كردووە " ئیتر بۆ پێشەوە " هەیە لە پێناوی سیاسیەكدا هەواڵێك بڵاو دەكاتەوە كە بنەمای نیە ، تا لە لایەكی ترەوە دەخرێتە درۆوە ئیدی ئەوە وەك هەقیقەت مامەڵەی لە گەڵدا دەكرێت .


رۆژنامەنووسی راستگۆ ، ئەچێتە بنج و بنەوانی هەواڵەوەو لە بازنەی یەكەمی هەواڵەكەوە زانیاری وەردەگرێت و دەگاتە سەرچاوەی شەپۆلەكە ، هەشە هەواڵەكانی ئێران و توران بە تەلەفوون وەردەگرێت ، یان لە رێگەی دەستی دووەوە ، كە دەشێت هەقیقەتی تیا وون كرابێت .


زۆر جار رۆژنامەنووسێك بەرپرسێك هەڵدەنێ‌ ، زۆری هەڵدەنێ‌ ، بەرپرسەكەش بەوە خەنی دەبێت ، ئیدی ئەمە لە بری بابەت و گەیاندنی هەقیقەت دەبێتە رووپارمایی و حەزی فووتێكردن ، ئێ‌ دیارە سەتا سەتی سیاسی كوردیش حەزی بەوەیە پیایدا هەڵبدەیت و بە رەخنە دەهری دەبێت .


هەندێك بە ناوی رۆژنامەنووسەوە ، ئەوانی تریش ناشرین دەكەن ، ئەمە رێك وەك گایە ریخنەكە وایە ، كە چارەسەر ناكرێت ئەوانی تریش ریخن دەكات ، من لەو بارەیەوە هەندێك نمونەی زندووم لایە ، كە چۆن رۆژنامەنووس درۆی بە راستی داوەتە خەڵك، ئەمە لای ئێوەش هەیە !!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی