چاكسازی یان تەڵەكەبازیی؟

10/02/2020

ئارام سەعید

ئەو سیاسیە دەسەلاتدارانەی داوای چاكسازی دەكەن و ئیستاش بەشدارن لە بەریوەبردن و حوكمڕانیدا راستیەكەی دەیانەوێت چاكسازی لەباربەرن،چونكە چاكسازی لەدەسەلات و توانای خۆیان كەمدەكاتەوە بۆیە نایكەن. ئەمەی ئیستا بانگەشەی بۆ دەكەن لەباشترین حالەتدا چەند هەنگاوێكی شەرمنانەیە كە ئەویش لەڕێگەی چەند رێوشوینێكی ترەوە و بە یاسای تر یان رێنمایی جیاواز ئەو چاكسازیەش لەبار دەبەن،بۆیە دەكریت ناوبنریت تەڵەكەبازی.

سامۆئیل هانتگتۆن دەربارەی چاكسازی لەوجۆرە كە بە -گێژاوی پادشا- ناوی دەبات دەڵیت: "زۆرجار چەند چاكسازیەكی دیاریكراو لەسەرەوەی هەرەمەكە دەكرێت لەجیاتی ئەوەی داواكاری خەلك كەم بكات زیادی دەكات و داواكاری خوارەوەی هەرەمەكە دەروات بۆ چاكسازی بنەرەتی" رەنگە ئەنجامەكەی بگاتە ئەوەی كە دەسەلات خۆی پێشبینی نەكردوە، "وەك ئەوەی لە شای ئێران رویدا كە داوای شۆرشیكی سپی كرد بۆ بەمۆدیرنكردنی وڵات و كار گەیشتە روخانی خۆی لەسەر دەستی چەند هێزیكی تردا كە گەشەیان كرد، یان ئەوەی لە بیرۆسترۆیكای یەكێتی سۆڤیەت رویدا كە چەند هەنگاوێكی چاكسازی بوو، كار گەیشتە لابردنی گۆرباچۆڤی داهێنەری بیرۆسترۆیكا و تەنانەت دواتر هەلوەشاندنەوەی یەكیتی سۆڤیەت".

بەگشتی داواكردنی چاكسازی سیاسی لەسەرەوەی هەرەم ئەنجامەكەی دیار نیە و رەنگە بگاتە ئاكامێك كە لە كۆنترۆلی دەسەلاتداران خۆیان دەربچیت و سەری سیاسی سەرەوە بخوات. هەربۆیە دەسەلاتی سیاسیی تاكرەو زۆر لە چاكسازی لەهەرەمی دەسەڵاتی خۆی دەترسێت و تا بتوانیت لەبەشی خوارەوەی هەرەمەكە خەریك دەبێت.

نوخبەی سیاسی حوكمڕان بەشیوەیەك لە كۆمەلگا دوركەوتونەتەوە كە هاولاتی تەنها وەك ئامراز و سوتەمەنی دەبینن بۆ دەنگدان و دوای هەلبژاردن بەلینەكانی خۆیان جیبەجی ناكەن وەك مێگەلێك سەیری كۆمەلگە دەكەن. هەربۆیە ریژەی بەشداری هاوڵاتیان لەهەلبژاردندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوەو خەڵك بروا ومتمانەیان بە سیاسیەكان نیە كە بتوانن كۆرانگاری و چاكسازی بكەن و لەئەنجامدا بەشداری دەنگدان ناكەن.

چاكسازی پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز و بریاردەر هەیە كە لەسەر بنەمای لیهاتویی و كارامەیی كاربكات وبتوانیت بەرنامەی چاكسازی جێبەجێ بكات نەك كەسێك یان سیاسیەك بێت و بڵیت من چاكسازی دەكەم دەبێت ئەو دامەزراوانە نوخبەیەك بیبەن بەرێوە كە ئیرادەی چاكسازیان هەبێت نەك پاراستنی بەرژەوەندی حزب. چاكسازی پێویستی بەكەسانێك هەیە كە ئیرادەی چاكسازیان هەبێت، راستگۆیی، لیبوردویی، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، دادپەروەری، شافافیەت، رەتكردنەوەی گەندەڵی وستەمكاری.

یەكێكی تر لە ئەولەویەتە گرنگەكانی چاكسازی ئەوەیە كە ئۆپۆزیسیۆن خۆی چاك بكات، چالاك بێت، پشتگیری یەكتر بكەن و هاوپەیمانی لەنیوان هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆندا هەبێت نەك وەك ئەوەی كوردستان هەریەكەی لە ئاوازیك دەخوێنیت. نەبونی ئەو هاوپەیمانیە و تیروانینێكی ستراتیژی ئۆپۆزیسیۆن بۆ چاكسازی هۆكاریكی تری شكستی گۆڕانكاریی بنەرەتیە.

حزبە دەسەڵاتدارەكان هەمیشە بۆ هاوپەیمان دەگەڕێن كە لەگەلیان بگونجیت بۆ داواكاری چاكسازی، بە دوای رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی یان حزبی سیاسی تردا دەگەڕێن كە كۆك بیت لەگەلیان لەو چاكسازیەی ئەوان دەیانەویت، تەنانەت هەندێ جار سازش دەكەن لەپێناو پەیداكردنی ئەو هاوپەیمانەدا وەك ئێستا كە پارتی لەگەل حزبی تردا هاوپەیمانی دەكات بۆ بەرگری لە سیناریۆی چاكسازی تا بە تەنیا نەبێت لە بانگەشەكەیدا.

لە كۆتاییدا چاكسازی زۆر دواكەوت، هەموو دواكەوتنێكیشی ستەم زیاد دەكات، بارودۆخی هاوڵاتیان تا دیت بەرەو خراپی دەروات.

ئارام سەعید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی