جێبەجێكردنی سیستمی بریتش كانسڵ

11/02/2020

رزگار شێخ حەسەن

لەسەرتای دەسپێكی سیستەمی بریتش كاونسڵ،  خوێندنەوە و تێگەیشتنی خۆمان بە پشت بەستن بە سەرچاوە زانستیەكان لەبارەی ئەم سیستمەوە خستەروو ، سەرەرای ئەوەی بوونی ئەم سیستەمەم بەلاوە گرنگ بوو ، بەڵام دیسان ترسی خۆم لە گرفتەكانی بەردەم  جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە نە شاردەوە ، گرنگ بوو ببێتە هۆكارێك بۆ پێشخستنی ئامانجە پەروەردەییەكان ، لە ڕاستیشدا  هەموو ئاماژەكان لەوەدا خۆی دەبینیەوە ، كە تەواوی سیستەمەكە ئامانجی گرنگ دەدات بەدەستەوە،  گۆڕانكاریەكی پۆزەتیف  بەرهەم دێنێت كە ئەكرێت جێگای بایەخی پەروەردەكاران و كەسانی تایبەتمەندی بواری پەروەردەیی بێت 

خوێندكار و  قوتابخانە  لە دوو گرنكترین بایەخە پەروەردەییەكانە لە سیستەمی بریتش كانسڵ كە ناكرێت هیچ  یەكێك لەم دوو تەوەرە فەرامۆش  بكرێت،  پێویستە هەموو هەوڵەكان بە ئامانجی پێشخستنی توانا زانستیەكانی قوتابی چربكرێتەوە، بۆ ئەم كارەش سیستەمەكە بەلایەوە گرنگە سەرجەم هۆیەكانی   قوتابخانە ،مامۆستا ، سیستەمی بەڕێوەبردن ، چاودێریكردن ، بخاتە گەڕ لە پێناو بەدەستخستنی قوتابیەكی ئامادەكراو بە پرۆگرامە زانستیەكان ، بەڵام لێرەدا پرسی سەرەكی ئەوەیە ئایا جێبەجێكردنی ئەم سیستمە لە واقعی پەروەردەیی هەرێمی كوردستاندا چ ئاكامێكی هەبوە ؟ تا چەند توانیویەتی خوێندكارێكی  پشت بە ستوو بە فكر و دیدی زانستی  ناو پرۆگرامەكان ئامادە بكات ؟ هەلومەرج و چوارچێوە بابەتییەكانی ی جێبەجێكردنی پرۆسەكە چۆنە و  لە چ ئاستێكدایە ؟  كێشە و گیروگرفتەكان چین و چۆن بتوانین چارەسەریان بكەین ؟ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنێكی زانستی بۆ ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە ، هەڵسەنگاندنیك لە دەرەوەی عەقڵیەتی رەفزكردن و ستایشكردن ، بەڵكو لە روانگەیەكی بابەتی و زانستییەوە   هەڵسەنگاندن بكات 

 بۆ هەڵسەنگاندنێكی دروست دیدی خۆم لە میانەی ئەم چەند خاڵەدا روون ئەكەمەوە، هەوڵئەدەم دەستنیشانی گرفتەكان و ئاسۆكانی چارەسەر بكەم لە پێناو سەرخستنی سیستەمەكە :

یەكەم :  كۆكردنەوەی كۆمەكی دارایی ...
یەكێك لە گرفتە دیارەكانی بەردەم بە ئاكام گەیشتنی ئەم سیستمە  پەروەردەییە بریتیە لە نەبوونی كۆمەكی حكومی بۆ  قوتابخانەكان ، ئەمەش وایكردوە قوتابخانەكان ناچار بكات بەردەوام هاوكاریی دارایی لە كەس و كاری قوتابیان كۆبكەنەوە، بەردەوام هاوكاریە داراییەكان كە بەهۆی كۆمەككردن لە كەسو كاری قوتابیی كۆدەكریتەوە ، بۆتە بارگرانی بۆ قوتابی و كەسو كاری ،كەلەڕاستیدا دەگمەنە ئەم داراییە بۆ پێشخستنە زانستیەكان بەكاربێت، دیارە نیشاندەرەكانی جوانكاری و ڕزاندنەوەی ژوره ‌تایبەتەكانی سەرپەرشتیاران تا نیشاندەرێكی بینراو بێت ڕێگە نادات ئەم كۆمەكانە بەكاربێت لەپێشخستنی  توانا زانستیەكاندا ..

دووەم : تیمەكانی هەڵسەنگاندن ...
بڕوام وایە تیمەكانی هەڵسەنگاندن ئەوندەی وەك تیمێكی ئاسایشی دەور دەبینن ئەوندە وەك تیمێكی پەروەردەكار ڕۆڵ نابینن، لە كاتێكدا ئەمانە ئەوندەی بەدوای ڕەخنەن ، بەدوای چارەسەر نین ، ڕاپۆرتەكان ڕاپۆرتی تێرو تەسەل لە نیشاندەرو چارەسەر نین كە بە نوسین و ڕاهێنان ئاماژە پێكراو بێت ، ئەمەش یەكێكە لە گرفتە كانی جێبەجێكردنی ئەم سیستمە ، زۆر گرنگە بەرێزانی  تیمەكانی هەڵسەنگاندن بە تەواوی بە رەچاوكردنی پرەنسیپە پەروەردەییەكان  كارەكانیان ئەنجام بدەن ، ئامانجی ئەوان دەستنیشان و لە هەمانكات چارەسەری كێشەكان بێت .

سێیەم : بانكی زانیاری 
 یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی سیستمی بریتش كانسڵ  دەستەبەركردنی پەروەردەیەكی پیشكەوتووە،  بەڵام  بەداخەوە واقعی پەروەردەیی وڵاتی ئێمە  زۆر لاوازە لە ئاڵوگۆری زانیاری لە نێو ناوەندەكانی خوێندندا ،  بۆ چارەسەری  ئەم گرفتە پێویستە بانكێكی زانیاری پەیوەستكراو  بە تۆرێكی ئەلكترۆنییەوە  پێكبهینرێـت ، گرنگە ئەم ئەركە لە ئەستۆی سەرپەرشتیاران بێت كە تیمێك پێك بهێنن لە پسپۆڕە جیاوازاكان پاشان ئەم بانكە بەردەوام دەوڵەمەند بكرێت و لە قوتابخانەكان بە پاسوەردی تایبەت بكرێتەوە ،كە دیارە هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستا ، گەیشتن بە ئانجە گرنگەكەی سیستەمی بریدش كاونسڵ ، لە رێی ئەم بانكەوە ئەتوانرێت  ئەبدەیتی نوێترین زانیاری و ئەزموونی پەروەردەیی بكرێت و سودی زۆر بگەیەنریت بە جێبەجێكردنی سیستمەكە 

چوارەم : گەڕانەوەی ئەنجامەكان یان خاڵبەندیەكان 
 خاڵێك كە پێویستە وەك  وەك بنەمایەك بۆ سەرخستنی  سیستمەكە كاری لەسەر بكرێت  بریتیە  دیاریكردنی لاوازیەكانی قوتابخانە پاشان دروستكردنی تیمێك لە قوتابخانە  بە سەرپەشتی بەرێوبەرو ئەندامێتی یاریدەدەرو مامۆستای دەسنیشانكراو تا لە ڕیگەیەو ڕاهێنانیان پێبكرێت ، تابتوانن ئاستیان بگەیینە  ئاستێكی باڵا ، ‌ ئەم پرۆسەیە ‌ دوو ئامانجی گرنگی  دەبێت ، یەكەم:  گیانی هاوكاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی  قەیران و  پێشهاتە خراپەكان ، دووەم كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بەڕیِوبەری لاواز .

پێنجەم : ئالوگۆری زانیاری نێوان مامۆستایان . 
  یەكێك لە خاڵە نێگەتیفەكان لە پرۆسەی جێبەجێكردنی سیتسمی بریتش كانسڵ بریتی   لە پێشكەشكردنی وانەی نموونەیی، لە كاتێكدا  پیشكەشكردنی وانەی نمونەیی زۆر تو دوباره ‌و كەم دەسكەوتە بە هۆی ئامادەكاری لای مامۆستاو هەڵبژاردنی قوتابی،  واتا پرۆسەی فێركاری تیایدا پرۆسەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە و  بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك كارێكی راهێنراو دێـتە بەرچاو ، بەڵام بە هۆی بەردەوامی سەردانكردن لە نیوان مامۆستایان لە نیو دوو قوتابخانە جیاواز دەبێتە هۆكاری گواستنەوەی زانیار و ڕاهێنانێكی بی تێچوە بۆ مامۆستایان ، كە سیستەمەكە بەلایەوە گرنگە هەڵسەنگاندن لە پێناو دەستخستنی بەرزكردنەوەی ئاستی مامۆستادا بێت ، واتا گرنگە بەلایەوە مامۆستای ئامادەكراو لەنێو  قوتابخانە ئامادەبێت . 

شەشەم : پسپۆری وانەكان 
سیستەم لە پێناو ئامانجێكدا جێبەجێدەكرێت كە بەرزكردنەوەی توانا زانستیەكانە بەڵام  بەداخەوە  لێرەدا بە هۆی قۆرخكاری ئەم سیستەمە لە نێو بەڕێوبەرایەتی سەرپەرشتیاراندا و دابەشكاری لە نیوان خۆیان ، نەیانتوانی بیرلە وەبكەنەوە كە ئەم سیستەمە تەنها پێویستی بە پسپۆریەكانی سەرپەرشتیاری نیە بە ڵكو دەتوانن سود لە توانای بەڕێوبەرە سەركەوتوەكان وەرگرن بۆ داخڵكردن لە پرۆسەكە، هەروەك چۆن هاوریی رەخنەگر بەشێكی گرنگە لە پرۆسەكە وەك ،   دیارە لەنیوان دوو بەرێوبەر هاوكاری و كاركردن دوو دەرئەنجامی دەبیت  ،یەكەم   هەماهەنگی و تیم دروستكردن لەدوو ئیدارەی جیاواز ، دووەم   گەڕانەوەی سەرپەرشتیاری پسپۆر بۆ چاودێریە پەروەردیەكان  كە گرنگترینی كاری فێركردنە .

 ئەوەی گرنگە لێرەدا 
ئەوەی گرنگە وە هەموان لە پێناویدا هەوڵ دەدەین دەستەبەركردنی  ئاستێكی زانستی بەرزە بۆ خوێندكار ، بەجۆرێك سیستمی پەروەردە توانای ئەوەی هەبێت مرۆڤی بیركەرەوە و رەخنەگر دروست بكات ، مرۆڤێك دروست بكات توانای بەكارهێنانی توانستە عەقڵییەكانی خۆی هەبێت،  ئەگەر ئەم ئامانجە بەدی نەیەت ئەوا دڵنیام لە ئایندە خویندن و پەروەردە دەبینە بارگرانی لەسەر دەوڵەت و بەردەوام مرۆڤی خاوەن بڕوانامەی  بێ زانست  دەخەینە بازاری كار ، دواجار ئێمە لە هەوڵەكانمان كەبەردەوام بە سەرمایەی دەوڵەتەوە لەكارداین بەهەمان نامێنێت،  تەواوی هەوڵە كانمان ئاكامێكی سودبەخشی نەبێت  ،ناتوانین ئەم سیستەمە لە خوێندن كە دەوڵەت  سپۆنسەری دەكات  بهێلینەوە ، كەرتی تایبەت  جێگرەوەمان دەبێت ، بەهیوام هەموان هەست بەبەرپرسیاری بكەین بەرامبەر بە منداڵ و نەوەكانمان  ،پاشان نیشتمان   ...

رزگار شێخ حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی