به‌رهه‌م ساڵح چی دەوێت!

11/02/2020

حلمی ره‌سول ره‌زا

دوای گرێدانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ له‌ نێو ئه‌و حزبه‌دا ده‌ست به‌كار بوو، دیاره‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئێستای یه‌كێتی به‌رپرسیاریه‌تی ته‌واوی له‌ ئه‌ستۆدایه‌؛ بەلەبەرچاوگرتنی دەسەڵات و توانای ئەو ناوەندانەی تری یەکێتی کە هەن، سەرکردایەتی ئەبێت بەرپرسیار بێت چ سه‌ركه‌وتنه‌كان و چ شكستەکان.


ئه‌وه‌ی لێرەوە په‌یوه‌ندی به‌ دكتۆر به‌رهه‌مه‌وه‌ هه‌بێت ئەوەیە کە خۆی به‌ روونی رایگه‌یاندوه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لەم دۆخەدا سیسته‌می سكرتێریی یان سه‌رۆكایه‌تی به‌باشتر ده‌زانێت، و پێی وایه‌ هاوسه‌رۆكی نابێته‌ مایه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی یه‌كێتی و ناتوانێت ئەو فۆرمە حزبیە بێت بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها به‌شداربوون یان نه‌بوونیشی له‌و سیسته‌مه‌دا په‌یوه‌سته‌ به‌ قازانجی یه‌كێتیه‌وه‌. 


سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێك بۆچوون؛ كه‌ وای ده‌بینن به‌شداری نه‌كردنی به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێته‌ هۆی په‌راوێزخستنی ئه‌و له‌نێو یه‌كێتدا، ئه‌مه‌ دوره‌ له‌ راستی، چونكه‌ دۆسته‌ دڵسۆزه‌كانی یه‌كێتی له‌ مێژه‌ هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه‌ یه‌كێتی به‌ غیابی ئه‌و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی تێدا دروست ده‌بێت، هه‌م پێگه‌كه‌ی ئێستاشی رێگه‌ به‌ په‌راوێزخستنی نادات، پێشتریش رێنماییی مام جه‌لال و دۆسته‌كانی یه‌كێتی ئه‌وه‌بوو كه‌ پێویسته‌ ناوبراو پێگه‌ی هه‌ستیارو كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ناو جومگه‌كانی حكومه‌ت و حزبدا.


سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م له‌ ئاینده‌ی عێراقدا، رون و ئاشكرایه‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می گرتنه‌ ده‌ستی ئه‌و پۆسته‌دا له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ عێراقی برده‌وه‌ نێو گه‌مه‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و له‌ گێژاوه‌كانی ناوخۆشدا ته‌ره‌فداری بۆ هیچ لایه‌ك نه‌كردو به‌ مانای وشه‌ سه‌رۆكایه‌تی وڵاتی كردوه‌ و وه‌ك پارێزه‌رێك ئه‌ژماركراوه‌ له‌ پارێزگاری كردن له‌ به‌ها دیموكراتیه‌كان، دکتۆر بەرهەم دەوڵەتمەدارێکی شارەزاو دیارە، هەربۆیە لای شەقام و لایەنە کانیش بەگرنگییەوە لەرۆڵی ئەو دەروانن. 


سەرۆککۆمار له‌ ئێستاشدا كه‌سایه‌تیه‌كی دیارو ژماره‌یه‌كی قورسی نێو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانه‌، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا، ئەو توانیویەتی گرنگی بۆ پۆستەکەش بگێرێتەوە، چونكه‌ به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندویه‌تی كه‌ توانا دیبلۆماسی و ده‌وڵه‌تمه‌داریه‌كه‌ی له‌ ئاستێكی باڵادایه‌ و باش دەتوانێت هاوکێشەکان بخوێنێتەوەو هاوسەنگی راگرێت.


ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا ناوبراو ده‌توانێ پارێزگاری له‌ پێگه‌كه‌ی به‌غدای بكات؛ وه‌ك هه‌ندێ له‌ ئێستاوه‌ نوقڵانه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش رێك به‌بێ شرۆڤه‌كردن په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆخ و شێوازی حوكمڕانی ئاینده‌ی عێراق؛ چونكه‌ دۆخی عێراق له‌ پێش خۆپیشاندانه‌كان و دوای ئه‌و قۆناغه‌ وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه‌و به‌لای كامه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ ساڵێك له‌مه‌و به‌ر، و پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ پۆسته‌كان وه‌كو جاران بۆ كوردو سونه‌و شیعه‌ به‌ش ده‌كرێت؛ گریمان وابوو، ئه‌و كات ئه‌گه‌ر پشكی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ كوردو یه‌كێتی بێت، و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ نه‌یانه‌وێ دكتۆر به‌رهه‌م به‌ربژێر بكرێته‌وه‌، به‌بێ گومان هه‌م حزبه‌كه‌یان و هه‌م كوردیش دەبێت بەدیلێکی باشتر بخەنە روو، دەنا کورد زیانێكی به‌رچاوی به‌رده‌كه‌وێ. به‌ڵام له‌ حاڵه‌تێكدا یه‌كێـتی به‌دیلێكی لێوه‌شاوه‌و ئیداری و باشتری له‌ به‌رهه‌م ساڵح پێ شك هات بۆ ئه‌و پۆسته‌؛ به‌دلنیایه‌وه‌ دكتۆر به‌رهه‌م خۆشی پشتیوانیه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و كاندیده‌ ده‌بێت، چونکە ئەوەی دکتۆر بەرهەمی کردە سەرۆککۆمار، راستە کاندیدی یەکێتی بوو لەناو حزبەکەشدا هەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی پشتیان گرت، بەڵام یەکلاکردنەوەی وەرگرتنی پۆستەکەی لەناو پەرلەمان و بەدەنگی پەرلەمانتارەکان بوو، بۆیە گەر ئەو کاندید نەبوایە، ئەگەری زۆر هەبوو پۆستەکە بۆ کەسێکی تربوایە، لەئێستاشدا گەر ئەو میکانیزمە بەردەوام بێت، دکتۆر بەرهەم ئێستای لەجارانی بەهێزتر و جەماوەری ترە، بۆیە هەق نییە کەس خۆی بەوەوە خەریک بکات فاڵی سیاسی بۆ ئایندەی بگرێتەوە.