ترامپ لە بۆسەی دیموكراتەكاندا

12/02/2020

هێرش عەبدولرەحمان

 ئەوەی كۆماریەكان كردیا دیمەنێكی سیاسی ناشیرینبوو، وەك جارانی پێشوو ھەڵەكەیان بۆ ترامپ پەردەپۆشكردو بەدیموكراتەكانیان ووت كە ئەوان گرفتیان نیە لەگەڵ ھەلسوكەوتە خراپەكانی ترامپ، لە كاتێكدا ئەو سێ ساڵەی ڕابردوو تەواوی كار و ھەنگاوەكانی ترامپ لەھەڵسوكەوتی پادشایەك دەچێت كە پاریزراوە لە ھەموو ھەڵەو سزایەك.

 كۆمارییەكان دوای ڕەتكردنەوەی ئامادەبونی شاھیدەكان لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندا كۆتاییان بە دادگاییەكەی ترامپ ھێنا، لەكاتێكدا تەنها مات ڕامنی ئەندامی كۆماریەكان كە دەنگیدا لەبەرژەوندی دیموكراتەكان، دەیانزانی ترامپ ئەو كارەی كردوەو بە ئامادەبون و ھێنانی جان بۆڵتن و سەرۆكی دیوانی كۆشكی سپی بۆ بەردەم ئەنجومەنەكە و بەرگریكردن لە ترامپ سەختتر دەبوو، ئەو كات لە نێوان دەستورو ترامپ بەناچاری دەستوریان ھەڵدەبژارد و ترامپ دوور دەخرایەوە، ئەو كاتەی دادگاییەكە دەگوازارەیەوە چەند جارێك كۆماریەكان ھەوڵیاندا لە دەرەوەی ھۆڵەكە دیموكراتەكان ڕازیبكەن كەكۆمەڵێك یاسای ڕااگیراو لە بەرژەوەندیان دەردەچینن، ئەگەر داوای شاھیدەكان نەكەن و كۆتایی بەو كەیسە بێنن، دوای بێ ئومێدبوون كۆماریەكان بێ گوێدانە بەڵگەو شاھیدەكانی پیشوو كارتی زۆرینەیان بەكارھێناو یاساشكێنیەكانیان پینەكرد.

 دیموكراتەكانیش لەسەرەتاوە دەیانزانی كۆماریەكان لە سینات كارتی زۆرینە بەكاردێنن و ترامپ دەپارێزن، بەڵام ئەوان توانیان لەو ماوەیەدا زۆرباش ڕای گشتی پڕبكەن لەكۆماریەكان و ئامادەیانبكەن تا ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو، بە بێ ئاگایی دەنگ نەدەنەوە بە ترامپ و كۆماریەكان، بەشێكی تری پێداگری دیموكراتەكانیش بۆ ئەوەبوو كە لەھەڵبژاردنی مانگی یانزەی ئەمساڵ ٢٣ سیناتۆری كۆماریەكان وادەی تێرمەكەیان كۆتایی دێت و، بەرنامەیان ھەیە خۆیان ھەڵبژێرنەوە، دیموكراتەكانیش خۆیان ئامادەكردوە لەو ٢٣ پۆستە ٥ كورسی ئەنجومەنی پیران لە بەرژەوەندی ئەوان یەكلایی بێتەوە، تا ھەردوو دامەزراوەی كۆنگرس و پیران مسۆگەر بكەن، ببنە زۆرینە ئەوكات ئەگەر ترامپیش دەربچێتەوە ناچارە تەسلیمی ئەو دوو دامەزراوانە ببێت، ئەم سێ چوار ساڵەی ڕابردوو لەچەندین بۆسەی دیموكراتەكان دەرچوو، تیرمی دووەمی ئەگەر دەربچیتەوە ئەیخەنە گۆشەیكەوە بێ ئەوان نەتوانێت بریار بدات.!

هێرش عەبدولرەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی