رۆژنامەنوسی مقاول و مقاولاتی رۆژنامەنوسی

15/02/2020

​ئیبراهیم عەلی

چەند رۆژێک بەر لەئێستا لەلایەن بەشێک لەرۆژنامەنوسانی شاری سلێمانییەوە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە لەهەولێر پردێکی پەڕینەوە لەماوەی پێنج کاتژمێردا دروستکرا. ئەوەی نزیک شوێنی دروستکردنی ئەو پردەوە بژی دەزانێت بەر لەدانانی پردەکە ماوەی 10 رۆژ زیاتر بوو، سەرقاڵی کارکردن بوون بۆ ئەو پردە. لەکاتێکدا بەشی زۆری پارچەکانی ئەو پردە بەئامادەکراوی هێنرابووە ئەو شوێنە. دواتریش بەرزکردنەوەی پردەکە کاری چەند تادانۆیەکەو رەنگە ماوەی کەمتر لەپێنج کاتژمێریشی پێویست بێت. دوای دانانی پردەکەش تا ئێستا هیچ کارێکی نوێ لەو پردە نەکراوە. 

لێرەدا تیشک ناخەمە سەر کەمتەرخەمی ئەو بازرگانەی کەدەبوو لەگەڵ دروستکردنی ماجیدی مۆڵ ئەو پردەشی دروست بکردایە، چونکە بەدواداچوونێکی وردم بۆ کارەکانیان کردووەو لەماوەیەکی نزیکدا زانیارییەکان بڵاودەکەمەوە، چۆن نەخشەی پردەکە گۆڕدراوە لەپێناو دروستکردنی بەنزینخانەیەک و زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتر دووجا لەشەقامی سەرەکی کەسنەزان دراوە بەو بازرگانەو بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەریشی تاپۆکراوە. لێرە رەخنەم تەنیا لەهاوپیشەکانمەو دەمەوێ چەند راستییەک لەبارەی هاوپیشەکانم بڵاوبکەمەوە.

بڵاوکردنەوەی هەواڵی دروستکردنی ئەو پردی پەڕینەوەیە لەلایەن رۆژنامەنوسانی سلێمانییەوە بەلای منەوە دەرخەری ئەو راستییەیە کە بەشێک لەو رۆژنامەنوسانە تەنیا لەدوورەوە سەیری هەولێر دەکەن و هەرگیز نەدەیانەوێت بەدواداچوون بۆ کارە رۆژنامەنوسییەکانیان بکەن و نەبەشێوەیەکی مەیدانی کارەکان ئەنجام بدەن. بەڵکو تەنیا لەرێگەی تەلەفۆنەوە سەرقاڵی وەرگرتنی زانیارین یا لەرێگەی سۆشیال میدیاوە سەرقاڵی دزینی هەواڵ و زانیاریی ئەو رۆژنامەنوسانەن کە بەشێوەی مەیدانی سەرقاڵی کارکردنن. 

ناحەقی ئەو رۆژنامەنوسانە ناگرم، چونکە رۆژنامەنوسە هاوڕێکانیان کە لەسلێمانییەوە هاتوون لەهەولێر کاردەکەن و سەرقاڵی ماکیاجکردنی کارەکانی حکومەتن و لەمیدیای نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کاردەکەن، لەبەشی رۆژئاوای هەولێر نیشتەجێن. کە بەبەشە ئەوروپاکەی هەولێر ناسراوەو کارەباو ئاوی بەردەوامی هەیە لەگەڵ تەواوی خزمەتگوزارییەکان. ئەوان کە دەچنەوە بۆ سلێمانی هێندە باسی ئەو بەشە ئەوروپایەی هەولێریان بۆ دەکەن وەک ئەوەی سلێمانی گوندێکی بچکۆلانە بێت. بەداخەوە واقیعی ئێستای میدیای کوردی، واقیعێکی هێندە تاڵە ناکرێت چیدیکە لەئاستی بێدەنگ بین. 

بەشێک لەرۆژنامەنوسان لەرێگەی موچەو پارەو شوقەو زەوی و دابینکردنی ژیانێکی شاهانە هێندە خەسێندراون باکیان بەهیچ شتێک نەماوە. بەشێکی دیکەش لەو رۆژنامەنوسانە سەرقاڵی کاری مقاوەلاتی رۆژنامەنوسین.

رەنگە بەشێک لەرۆژنامەنوسان بڵێن کاری رۆژنامەنوسی پیشەیەو دەکرێت کێ موچەی زیاتری پێدای لەوێدا کاربکەی. 

کارەسات ئەوەیە بەو درۆیە خۆڵ بکەیتە چاوی خەڵک؟ کاتێک سەرۆکی حکومەت سەرقاڵی تاڵانکردنی داهاتی وڵات بێت و بەشێک لەو داهاتەش لەدروستکردنی میدیایەکدا سەرف بکات و تۆش بێیت لەو میدیایە سەرقاڵی پینەکردن و درۆکردن بیت بۆ سەرۆکی حکومەتەکەت و خۆشت بەپرۆفیشناڵ بزانیت. پێم ناڵێی جیاوازی تۆ و ئەو کەسە چییە بەئاشکرا دزی لەداهاتی خەڵک دەکات و ژیانی شاهانەش بەو پارەیە بۆ تۆ دابین دەکات؟ تەنیا رۆڵتان جیاوازە، ئەو دزییەکە دەکات و تۆش ماکیاج.

مقاوەلاتی رۆژنامەنوسی چییە؟

ئەوەی پێشتر باسم کرد، باسی بارودۆخی کارکردنی رۆژنامەنوسی بوو لەهەولێر، بەڵام لەسلێمانی دۆخەکە جیاوازەو لەوێ رۆژنامەنوسەکانیان ئەوانەی لەمیدیای نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی شوێنیان نەبۆتەوە سەرقاڵی کاری مقاولاتی رۆژنامەنوسین.
کۆمەڵێک رۆژنامەنوس هەر یەکەو بەشێوازێک لەسلێمانییەوە سایتێکی ئەلیکترۆنی یا پەیجێکی سۆشیال میدیای بۆخۆی دروستکردووەو هەر رۆژەو دەستیان لەگیرفانی بەرپرسێکە. 

بەپێی بەدواداچوونەکانم زۆرترین ئەو پارانەی بۆ ئەو رۆژنامەنوسە مقاولانە دابین دەکرێت لەلایەن ئەو بەرپرسانەوەیە لەسنوری سلێمانی "بەرهەم ساڵح، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی، لاهوری شێخ جەنگی، بافل تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاسوار عەبدولواحید، فاروقی مەلا مستەفا، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان". 

ئەوە جگە لەوەی کە بەشێکی رۆژنامەنوسەکانی سلێمانی لەلایەن پارتییەوە هێنراونەتە هەولێرو بۆ لێدان لەسلێمانی بەکاردەهێنرێن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە