وریایی خەڵكی بەش مەینەت و بازرگانی سیاسی

16/02/2020

عیماد عەلی

هەمووان ئاگاداری راوبۆچون و هەلوێست و رق و توڕەیی و پەنگخوادرن و بەرزبونەوەی شەپۆڵی نارەزایەتی خەڵكی هەژارین، كە لە رۆخی تەقینەوەدان بۆ وەرگرتنی مافی ئاسایی خۆیان. بەڵام ئەگەر ئەو وەزعە لە بارودۆخ و زەمینەیەكی گونجادا نەبێت و رەوتی خۆی وەرنەگرێت و جموجوڵی پێویست لە رێڕەوی نارەزایەتیەكان هێڵی تەریبی خۆیان نەگرنە بەر و بۆ ئەوەی خەڵكی تر ئیستغلالی نەكەن، ئەوا دەرئەمجامەكانی دەستەبەر دەكرێت، دەنا ئەگەر خەڵك وریا نەبێت، لابەلا ئەم توڕەییە وەبەرهێنانی سیاسی و بازرگانی بۆی دەكرێت و دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوه.

هیوادارم ئەم توڕەیی و ناڕەزایەتی و پەنگخواردنەی قین و بێ ئومێدیەی خەڵك كە گەیشتۆتە لوتكە بە تەكتیكێكی حزبیانەی تەسكبینانەی بازرگانانی سیاسی یان سیاسیە بازرگانەكان  پۆچەڵ نەبێتەوە و باڵۆنی ئۆقرەنەگرتنی خەڵكی نەدار و هەژار بە دەرزیەكی ئەم سەرمایەدارە قازانج پەرستانە فش نەبێتەوە، لەبەر ئەوەی نیازیێكی حزبی تێكەڵ بە رق و نارەزایەتی خەڵك دەكرێت، كە دەیانەوێت سواری شەپۆلی نارەزایەتی خەڵكێك بن كە نزیكی تەقینەوەی وەزعەكەن لەمەڕ ئەو بێدادیە و خەریكە نارەزایەتیەكان هەڵدەقوڵن و لەم رێگەیەی ئەمانەوە دەسەڵات قازانجێكی یەكجار گەورەی لێ دەەبینێت و خەڵكی بێهیوا و وەڕس دەبێت و گەندەڵكارانیش زیاتر خۆیان دەسەپێنن و هەژار و كەم دەرامەتیش ملكەچ دەبێت، بەڵام دەربڕینی ناڕەزایەتیەكان بە دوور لە ئامانجی تەسكی حزبی دەرئەنجامی چاوەروانكراوێكی باشی دەبێت.
 
بۆ ئەوەی گەندەڵكارانی سیاسی و بازرگانانی ساختەچی بە بەرزكی بانان لێی دەرنەچن، بۆیە پێویستە نارەزایان بە خۆیان لە كاتی پێویست و لەزەمینەیەكی لەبار برژێنە سەر جاده و نەهێڵن ئەو مشەخۆرە هەمەجۆرانە نان و پیازی پێوەبخۆن . پێویستە بۆ دەربڕینی نارەزایەتی و وەرگرتنی مافی خۆیان  بەقسەی كەس هەڵنەخەڵەتێن كە بە نیازن بۆ مەرامی تر سواری رقیگەورەی پەنگخواردو و نالەباری ژیانی ئەوان و پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانیان بن و، تەنها بیر لە سودی كەسی و حزبی خۆیان دەكەنەوە و لەسەر حسابی ماف و ژیانی ئەوان قازانجی بازرگانی و سیاسی خۆیان دەكەن.

عیماد عەلی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی