بەهۆی سەر هەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین و بڵاو بوونەوەی بە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، لەم دۆخەدا هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی ڕاستەوخۆدایه لەبەر ئەوەی هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئێران و دەروازەی ئاڵوگۆڕی سەرەکی ئەم دوو لایە بە یەکەوە دەبەستێتەوە ، تا ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەو مەترسییە هیچ ڕێوو شوێنێکی پێویستی نەگرتۆتە بەر و خەم ساردی تەواوی پێوە دیارە ، چونکە لانی کەم دەبوایە ئەم هەنگاوە خێرایانەی بنایە وەک ڕێگەیەکی سەرەتای بۆ خۆ پاراستن:-
۱- داخستنی سنورەکان بە ڕووی ئێراندا ، چاودێری وردی دۆخەکە.
۲-ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن لە هەردوو سێکتەری پەروردە و خوێندنی باڵا بۆ ماوەی یەک مانگ.
۳-داخستنی سەرجەم مۆڵ و کافتریا و ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتیانی تێدا کۆدەبنەوە.
٤- ڕێنمایی تایبەت بە چێشخانەکان و هوتێل و موتێلەکان بە شێوەیەکی تایبەتمەند .
٥- ڕێگری کردنی تەواو لە خواردنی دەستگێڕ و عەرەبانەکان و ، بڕینەوەی مینحەیەکی مانگانە بۆیان تا ئەم دۆخە تێدەپەڕێت.
٦- کۆنترۆڵ کردنی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و ڕێگری کردن لەو فەوزا ڕاگەیاندنەی کە هەیە ترس و دڵە ڕاوکێکەی کەمترنییە لەو ڤایرۆسەی کە هێشتا نەگەیشتووە ، سنوردارکردن و ئاڕاستە کردنیان لە ڕێگەی بۆردێکی میدیاییەوە وەک کۆنترۆڵی گشتی میدیای ئەگەر بە شێوازێکی کاتیش بێت کردنەوەی ئەو ژوورە گرنگی خۆی دەبێت.
هەرێمی کوردستان تەنها بژاردەی بەردەمی خۆپاراستنە ، چونکە لای هەموو لایەک مەعلومە کەسێکتەری تەندروستی هەرێم لە ئاست ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کەم ئیمکانێت و لاوازە و توانای چارەسەری توشبوانی نییە ، ئەگەر نمونەی زیندوی وەک وڵاتی چین کە بەرهەم هێنەر و داهێنەرە لەسەر ئاستی جیهان بەراورد بکەین بە هەرێمەکەی خۆمان ، دەبینین چۆن ئەو ڤایرۆسە وڵاتێکی زەبەلاحی وەهای توشی قەیرانی گەورە کردووە ، سەرەڕای بەهێزی ژێرخانی ئابوری و تەندروستییەکەی ، بۆیە پێویستە عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە بکرێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی