چۆن خۆمان لەكۆرۆنا بپارێزین

25/02/2020

زمناكۆ ئیسماعیل

ئێمەی كورد ئەزمونی بەركەوتنی نەخۆشییە خێراكانمان نییە كە جیهان دەگرێتەوە، لەهەمانكاتدا هۆشیاری رێگاچارەی خۆپارێزی ئەو جۆرە نەخۆشییەشمان نییە، بۆیە واپێویست دەكات لەئەزمونی ووڵاتانی دیكە، خۆمان موتربە بكەین و سود لەهەنگاوەكانی ئەوان وەربگرین، بەپێی ئامارەكانی جیهان، ڤایرۆسی كۆرۆنای كە ناوە زانستییەكەی بە (covid-19)، دەستنیشانكرا، نزیك دەبێتەوە لە ٨٠ هەزار كەس، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، تا ئێستا نزیك بە ٣٠ هەزار هەڵگری ئەو ڤایرۆسە، توانیویانە ئەو ڤایرۆسە بپەڕێنن، سەرباری ئەوەی كە جیهان لەبەردەم مەترسی زیاتر بڵاو بونەوەی ئەو ڤایرۆسەدایە، ئەگەر سەرەتای بڵاو بونەوەی ئەو ڤایرۆسە، لەووڵاتی چین و لەناوچەی ووهان، رێ و شوێنی پێویست نەگیرایەتەبەر، ئەوا چینی مەزن و زەبەڵاحی ئەدا بەزەویدا، ئەوكات زۆرترین هەڵگری ئەو ڤایرۆسە لەناو دەچون، بۆیە پێویستە ئێمەش چاو لەوان بكەین و رەچاوی دۆخی لەناوكاو بكەین، بەم هەنگاوانە.

یەكەم: ناكرێت ئەو كەسانەی لە ووڵاتی ئێران و ووڵاتانی هەبوی ئەو ڤایرۆسە دەگەڕێنەوە، لە هۆتێل و لەنێو سەنتەری شارەكاندا بهێڵرێنەوە، بەڵكو دەبێت بگوازرێنەوە بۆ شوێنی دوور لەخەڵك، بۆ نمونە، لەشاری سلێمانی چەند كەسێك كە لەئێران گەڕاونەتەوە، لە ئۆتێلێكی شەقامی سالم هێڵراونەتەوە، لەگەڵ ناوچەیەكی گەشتیاری نزیك لەزانكۆی سلێمانی، ئەمە هەنگاوێكی هەڵەیە، دەبێت ئەو كەسانە دوور بخرێنەوە لەقەرەباڵغی، بەرەو جێیەكی پارێزراوتر ببرێن، بۆ نمونە ببرێنە هۆڵەكانی دەرەوەی شار، دەكرێت لەسلێمانی ئەو كەسانە ببرێنە هۆڵی نمایشكردنی پێشانگا نێو دەوڵەتییەكان لە تاسلوجە، نزیك بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، دەشبێت لەوێ رێ و شوێنی پێویست بگیرێتەبەرو تیمی تایبەت بە پۆشاكی تایبەت لەوێبن.

دوهەم: دوێنێ لەنزیك یەكێك لەهۆتێلەكان بوم كە ئەو گومان لێكراوانەی تیادا هێڵراوەتەوە، سەرباری ئەوەی كە تیمەكانی تەندروستی لێ بوو، چەند كارمەندێكی هاتوچۆو ئەمبۆڵانسم لەدەرەوەی هۆتێلەكە بینی، دەمامك و پۆشاكی تایبەتیان نەبەستبوو، باشە ئەگەر كەسانێك لەوانەی گومان لێكراون هەڵگری ئەو ڤایرۆسەبن، بەهۆی ئەوەی كە ڕێ و شوێنی پێویست نەگیراوەتە بەر، ئەو ڤایرۆسە زوو تەشەنە دەكاتە نێومان و رەنگە زۆرترین كەس لەناوبەرێت و كارەساتی گەورە بخوڵقێنێت.

سێهەم: چۆن گومان لێكراو دەبرێتە هۆتێڵ، لە دوو شارۆچكەی دیكەش هەمان رێگا گیراوەتەبەر، ئەو ڤایرۆسە لەهەر جێیەكدا بڵاو بێتەوە، لەرێگای هەناسەدان یان پژمین، لەو جێگایەدا دەمێنێتەوە، ئەی نازانن ئەو ڤایرۆسە لەنێو ئەو هۆتێلەشدا دەمێنێتەوە؟!، كەواتە باشترین جێگا شوێنی تایبەتە بۆیان تەرخان بكرێت، رەنگە هۆڵەكانی وەرزش باشترین شوێنبن، بەو مەرجەی بەبەردەوامی چارەسەر بدرێت بەو كەسانەی كە گومانیان لێیان هەیە.

چوارهەم: دەبێت دەوامكردنی خوێندنی زانكۆو پەیمانگاو خوێندنگای سەرەتایی هەتا سەرەتای مانگی چوار رابگیرێت، بەمەش دەتوانین رێگربین لە بڵاوكردنەوەی ئەو ڤایرۆسە ئەگەر هەبێت.

پێنجەم: داوا لە ئەوقاف و یەكێتی زانایان بكرێت، كە تا چەند هەفتەیەك نوێژكردن لەنێو مزگەوت و چون بۆ نوێژی هەینی رابگرن، بەو پێیەی نوێژخوێنان بەركەوتنی راستەوخۆیان هەیە، ئەگەر كەسێك هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت و پێی نەزانرابێت، لەمزگەوتێكداو بەهۆی نوێژكردنەوە دەیان كەس توش دەبن.

شەشەم: بەو پییەی ئەو ڤایرۆسە لەلاشەی كەسی مردوو بەو ڤایرۆسە دەمێنێتەوە، ئەگەر حاڵەتی لەناوچوو هەبوو، دەبێت ئەو لاشەیە بسوتێنرێت، بۆ ئەوەش دەبێت لایەنە پەیوەندیدارە ئاینییەكان ئەو رێگایە بگرنەبەرو بەفەتوایەك سوتاندنی لاشەی مردوی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە كە هەبێت دەبێت بسوتێنرێت، چونكە ئەگەر ئەو كەسە مرد، ڤایرۆسەكە دەمێنێتەوە، جا ئەو كەسانەی كە مردوی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە دەشۆن و كفن و دفنی دەكەن و دەیخەنە نێو تابوت و هەڵگری تابوت دەبن و دەیخەنە نێو گۆڕ، هەموو توش دەبن، لەبەر ئەوە لەووڵاتی چین باشترین چارەسەر سوتاندنی مردوی هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە.

حەوتەم: داوا لەوەزارەتی رۆشنبیری بكرێت سەرجەم چالاكییەكانی وەك نمایشكردنەكانی میوزیك و شانۆو كۆنسێرت و ئاهەنگەكانی سەری ساڵی كوردی و ئاهەنگی نەورۆز رابگرێت، چونكە رۆژانی نەورۆزو ئەو قەرەباڵغی و هۆسەیەی كە دروست دەبێت، شوێنێكی بەجێیە بۆ بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە.

هەشتەم: دەبێت خەڵكیش هۆشیاری ئەوەی هەبێت كە چونە نێو بازاڕو شوێنە گشتییەكان، كەم بكاتەوە، ئەگەر هەر نەچێت باشترە، من بەبەردەوامی قسە لەگەڵ چەند رۆژنامەنوسێكی هاوڕێم دەكەم لە ووڵاتی چین، ئەوان شار یان شارۆچكەیان هەیە كە ماوەی دوو مانگیش دەبێت هاتوچۆ تیایدا یاساغ كراوەو بەڕێگای تایبەت و لەرێگای تیمی تایبەتەوە پێداویستی رۆژانەیان بۆ دابین دەكرێت.

نۆیەم: دوركەوتنەوە لەشارو شارۆچكەو شارەدێ، بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆت و كارە رۆژنامەوانیانەی لەماوەی دوو مانگی بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەدا بینیومە، ئەو ڤایرۆسە لەشوێنی چڕی دانیشتواندا هەیە، زۆرترین هەڵگری ئەو ڤایرۆسەش، دانیشتوانی شارەكانن نەك دانیشتوانی لادێكان، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە، كە ئەو ڤایرۆسە لە هەوای پاكژی گوندەكاندا ناتوانێت بژی، ئەگەر بتوانن هەتا ناوەڕاستی مانگی چوار لەلادێ و ژینگەی پاكدا نیشتەجێبن ئەوا باشترینە لەوەی لە شارێكی جەنجاڵدا ژیان بكەن و لەبەردەم مەترسی توشبوندابن بە ڤایرۆسی كۆرۆنای.

دواسەرنج: رێگری هاتنی گەشتیاری عەرەب، بەتایبەت ناوچەی شیعە نشینەكانی جنوب كە دێن بۆ هەرێم، چونكە ئەوان راستەوخۆ بەر گەشتیاری ووڵاتی ئێران دەكەون كە دەچنە نەجەف و كەربەلاو شوێنە پیرۆزەكانیان، بەوەش ئەگەر كەسانێك هەڵگری ئەو ڤایرۆسەبن، دەتوانن بیگوازنەوە بۆ كوردستان.

زمناكۆ ئیسماعیل

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی