خوێندنەوەیەكی شیكاری بۆ كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی

02/03/2020

ئەحمەدی حاجی رەشید

بۆ مێژوو دەیڵێم:
بەشی یەكەم :زۆرینەی كورد بۆ پشتگیرنەبوو
زۆر جار ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی خۆمان ئەو كەسانە دەكرد لە تاوتووكردنی بابەتەكان سەبارەت بە ناڕەزایەتی كورد لەكابینەكەی محمد تۆفیق علاوی ،كەئایا هۆكار چی بوو كورد لەسەرەتاوە پێی ڕازی بوون و دانوستانیشیان لەگەڵ كرد چ بە گروپ و چ بە تاك لایەن و جوت لانیش .

ئایا ژمارەی وەزیرەكان كەم بوون لەوەی كە حكومەتی پێشوو داینابوو بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەكان؟

بەدڵنیایەوە نە خێر چونكە محمد تۆفیق علاوی بەتایبەت لەكاتی دیداری ئێمە وەك گروپی (۱٥) دواتریش لەكۆبونەوەی شاندی هێزە كوردیەكان لە جەولەی دوەمدا نەرمی نواندبوو ، هەروەها بەناردنی پەیام لە ڕێگەی ڕاستەو خۆ بەناردنی بەڕێزان (هادی العامری ) و (فالح فیاز ) بۆ لای بەرپرسانی هەرێم ، لەگەڵ تەلەفون كردن بۆ بەرپرسە باڵاكانی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم هەروەها دانوستانی ڕاستەو خۆ لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی كە لە دەوڵەتی فیدڕاڵدا هەن لەهەمانكاتدا بەڕێگەی ناڕاستەو خۆ لەڕێگەی كەسایەتیە سونەو شیعیەكانی ناوگۆڕەپانی سیاسی عێراق.

ژمارەی وەزیرەكانی كردبوو بە (٤) وەزیر كە یەكێكیان پلەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەبێت بۆ كاروباری هەرێم، كەلەحكومەتەكەی بەڕێز عادل عبدالمهدی تەنها (۳) وەزیری كورد هەبوون.

ئایا پشكی هەرێمی دەستكاری دەكرد لە بوجەوموچەی فەرمانبەران وشایستە داراییەكانی دیكە؟

بەدڵنیایەوە دیسان نەخێر ، چونكە لە كۆبونەوەی لەگەڵ شاندی ئێمە هەموو بەڵێنێكیدا كە موچەو شایستەداراییەكانی جوتیاران و پشكی پێشمەرگەش بپارێزێت دوری بخاتەوە لە كێشمەكێشی سیاسی ، هەمان بابەتیشی بەوەفدی هێزە كوردیەكان وتبوو ،جگە لەمانە بە دەنگی خۆی و تەلەفۆن پێی ڕاگەیاندین ئێمە وەك بەشێك لە گروپی (۱٥) كە ئامادەیە تەعەهدی خەتی بنوسێت بۆمان سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و پارەی جوتیاران و پشكی پێشمەرگە.

ئایا زۆرینەی هێزە كوردیەكان پشتیان نەگرت لەبەر هۆكاری ئەوە بوو ڕێزی بۆ تایبەتمەندی هەرێم دانەنا و مافە دەستوریەكانی هەرێمی هەڵدەوەشاندەوە ؟

ئەمەشیان نەخێر ،سەرەتا بابزانیین تایبەت مەندی هەرێم چییە ، زۆریش ئەم پرسیارەم كرد وەڵامم دەست نەكەوت ، بۆیە دەڵێم تایبەت مەندی هەرێم تەنها دەستور زەمانەت و گرەنتیەتی دەكات كە بەڕێز محمد تۆفیق دەڵێت پابەندم بەدەستورەوە ، یاخود تایبەت مەندی هەرێم لای هەندێ هێزی سیاسی ئەوە كە ئەو مەرجەعی هەموو كوردەو دەبێت تەنها لە ڕێگەی ئەوە دەرگا كراوەیە دانوستان ڕێگە پێدراوە.

ئایا گرفتەكە ئەوەیە كە بەرنامەی كاری حكومەت كرچ و كاڵەو باسی شایستەكانی هەرێمی نەكردوە ؟

وەڵامی ئەوەش نەخێرە چونكە پشتگیری لەحكومەتەكەی عادل عبدالمهدی بەتەواوی كرابوو بەبێ ئەوەی بەرنامەی كار بینرابێت ، ڕاستریش ئەوەیە كە ئەگەر پشكەكانی یەكێك لەو حیزبە دەسەڵاتدارەكان بەوشێوەی كە خۆی دەیویست دەبنرایەتەوە باسی بەرنامەی كار نەدەكرا بەهێچ شێوەیەك.

ئەی كەواتە چی هۆكاربوون كە زۆرینەی كورد پشتگیر نەبوون بۆ تێپەڕاندنی ئەو كابینەیە؟؟

یەكەم : هۆكاری سەرەكی پشت پەردەو ڕانەگەینراو ئەوە بوو محمد تۆفیق علاوی سەردانی هەولێری نەكردو بەڕاشكاوی داوای هاوكاری نەكرد و خۆی قەرزداری هەندێ سەركردەی كورد نەكرد كە ئەو پۆستەی بەهۆی ئەوەوە بەدەست هێناوە.

دووەم : هەرێم و سەركردە سیاسیە خاوەن نفوزەكان لەقەیرانێكی سیاسی و ئیداری و دارایی زۆر قوڵدان و هیچ جۆرە چاكسازیەكی ڕیشەییان پێناكرێت ، خۆ ئەگەر محمد تۆفیق علاوی بتوانیت چاكسازی بكات و عێراق بەرەوسەقامگیری سیاسی ببات ،هەرێم دوچاری ئیحراجیەكی گەورە دەكات، بۆیە تا عێراق وەزعی شپرزو نائارام و ناجێگیر بێت بۆ سیاسیەكانی هەرێم باشترە و خەڵك داوای هیچیان لێناكات .

سێهەم : حكومەتەكی محمد تۆفیق علاوی حكومەتێكی كاتیە و هەرچەندە من بۆ خۆم ڕەخنەی جدیم لەكارنامەكەی هەبوو لەڕووی فراوانیەوە بەڵام (۳) مەلەف ئەولەویەتی هەبوو لای محمد تۆفیق علاوی كە مەلەفەكانی (هەڵبژاردنی بێ گەردو شەفاف و دادگایی كردنی بكوژی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی ) ،ئەم سێ دۆسیەیە لانی كەم دوانیان زۆر دژوارن و سەخت دەكەوتن لەسەر هەندێ هێزی سیاسی كە بەتەزویری هەڵبژاردنەكان بەناوبانگن ، ترسی ئەوەیان هەبوو هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە بكرێت و (قولی ڕەش سپی ) دەربكەوێت كە كێ نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی كوردە بەهەڵبژاردنی ڕاستەقینە.

چوارەم : محمد تۆفیق علاوی هەرچەندە نەرمی نواندبوو لە زیاد كردنی ڕێژەی وەزیرەكانی پێكهاتەی كورد بەڵام تا كۆتا سات ئامادە نەبوو وەزیرە كۆنەكان دابنێتەوە كە بەئاشكراو بە پەنهانی هەوڵی زۆری شەخسی و حیزبی درا كەوەزیرە كۆنەكان دابنرێنەوە، بەڵك و ئامادەنەبوو وەزیكی زەقی حیزبی دابنێت بە دەست نیشانكردنی هیچ كەسێك لەهیچ پێگەیەكدا، كەواتە محمد تۆفیق ئامادە نەبوو هەژمونی كەسەكان بەسەر حكومەتەكەیەوە هەبێت.

پێنجەم : بابەتێك هەیە كە حساسیەتێكی زیاد لەحەدی هەیە لای هێزە كوردیەكان ،كە هەر هموو هێزە سیاسیەكان دەزانن كە بابەتی كوردایەتی و یەكڕیزی ماڵی كورد جگە لە كاڵایەك بۆ بازرگانی كردن و خەڵەتاندنی تاكی كوردی دڵپاك ، ترسان لە پەرچەكرداری شەقام هیچی ترنییە ، بۆیە هەمیشە لەژێر ئەم چەترە شپرزەدا هێزەكان كۆدەكرێنەوە بۆ بەرژەوەندی حیزبێك یان دوان یان وردتر بڵێم بنەماڵەیەك یان دوان ،یان كەسایەتیەك یان دوان ، تەواوی بەرژەوەندی خەڵی كوردستان دەكرێتە قوربانی ئەم بابەتە و تاكی كوردو هیزە سیاسیەكانیش دەبنە قوربانی خۆشەویستی ئەو خەونە هەرگیز نەهاتنەدیەوە، بۆیە خیتابی محمد تۆفیق علاوی رون نەبوو لەم بوارەداو نەیتوانی ورد مامەڵەی لەگەڵ بكات.

شەشەم: تیمی دانوستانكاری محمد تۆفیق علاوی سەركەوتوو نەبوون لەدانوستانكردن بەوەی لەگەڵ كێ وتووێژ بكەن ، چۆن وتووێژ بكەن لەگەڵ كێ و كێ وتووێژ بكەن ، واتە هەموو كارەكتەرە سیاسیەكانی هەرێمیان نەخوێندبویەوە.

ماویەتی سەبارەت بە پێكهاتەی سونەو شیعە بۆ ؟؟

ئەحمەدی حاجی رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی