ڕۆڵی پارتی و پێكهێنانی كابینەی نوێ لەعێراق

22/03/2020

دانا مەنمی

لە عێراق هەموو چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار كۆبووەتەوە، چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرهەم ساڵح نامەیەكی ئاراستەی كوتلە شیعییەكان كردبوو دوای لێكردبوون پەلە بكەن لەدیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە ڕەزامەندی كورد و سوننەشی لەسەربێت،بەڵام دوای ئەوەی كوتلە شیعییەكان لەبەر مەسڵەحەت و بەرژوەندی شەخسی‌و حزبی‌و سیاسیی نەیانتوانی لە دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەنگ و سەركەوتوو بن ،وادەی نامەكەی سەرۆككۆماری عێراقیش كۆتایی هات و هاوپەیمانیەتی شیعیەكان بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق ئاگادار دەكاتەوە كە شكستیان هێناوە لە دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق ،هاوكاتیش هاوپەیمانیەتی شیعەكان تەكلیف لە سەرۆككۆماری عێراق دەكات و ڕایدەسپێرێت دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی بەكاربهێنێت‌ بۆ دیاریكردنی كەسایەتیەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق .

رۆژی سێ‌ شەممە ۱۷ـی۳ـی ۲۰۲۰ بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق لە مەراسیمێكدا لە كۆشكی سەلام ،  عەدنان زەرفی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپارد، شەوی پێنج شەممەی رابردوو ۱۹ـی ئەم مانگە هەریەك لە ( نوری مالیكی و هادی عامری و فالح فەیازوحەكیم و غەزعەلی ) بەرەیەك دژ بە ڕاسپاردنی عەدنان زەرفی پێكدەهێنن و لیژنەیەكیش دەنێرنە لای بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق داوای ڕەتكردنەوەی زەرفی دەكەن ، هەریەك لە دەوڵەتی یاسا و سادقون و ڕەوتی حیكمە بەفەرمی عەدنان زەرفی یان ڕەت كردووەتەوە و هۆكاری ڕەتكردنەوەی عەدنان زەرفی بۆ ئەوە دەگێرنەوە كە بەشێكە لە جەمسەرگیری ئەمریكا ، ئێستا عێراق لەبەردەم ناڕەزایەتی شەقام و ململانێی لایەنە سیاسییەكان و ناكۆكی ئەمریكاو ئێراندایە لە گۆڕەپانەكەیدا ،هاوكاتیش دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا بلاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا هەمووجوڵەیەكی سیاسی و ئابوری پەكخستووەو پاشەكشەی بە بۆرسە جیهانیەكان لە ئەمریكا‌و ئەوروپا‌و ئاسیا‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردووە .

لەناو هاوكێشەی پێكهینانی كابینەیەكی نوێ بۆ عێراق پارتی وەكو لایەنێكی كورد پەیوەندی ژێر بەژێری لەگەڵ هەریەك لە مالیكی و عامری و فەیازو حەكیم هەیە ، لەپشتی ئەم پەیوەندییە نهێنیەی پارتی لەگەڵ لایەنە شیعیەكان لەگەڵ سوننەكانیش بەتایبەت (بەعسییەكان) لە هەماهەنگیدایە بۆ تێكدانی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق ،ھەرئەو پەیوەندیە نهێنیەی پارتی لەگەڵ لایەنە شیعی و سوننەیەكان زیانی زۆری بە پرۆسەی ئاستەوایی نیشتیمانی لە عێراق و یەكڕیزی نێومالی كوردی لە بەغدا گەیاندووە ، پارتی لەگەڵ مالیكی بەرەیەكی دژ بە عەبادی و سەدر پێكهیناوە لەگەڵ سوننەكانیش هاوپەیمانە دژ بە كوتلەی شیعی لە عێراق ،چەند ساڵێك لمەوبەر كێشەو ململانێكانی نێوان پارتی‌ و نوری مالیكی تەواو ئەو ڕاستیەی سەلماند كە جگە لە شەڕی بەرژەوەندی‌ كەسی‌ وبنەماڵەیی و حیزبی و دابەشكردنی‌ پۆست و دەسەڵاتەكانی‌ نێوانیان، بە چاوپۆشین لە بەدیهینانی‌ مافە دەستوریەكانی‌ نەتەوەی‌ كوردهیچ شتێكی‌ تر نەبوو،مەترسی تاكڕەوی پارتی زۆر زیاترە لە مەترسی تاكڕەوی مالیكی بۆ سەر دۆزی‌ كورد .

عێراق زۆر پێویستی بەوەیە هاوسەنگی هێز لە ناو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی ھەبێت، بەبێ پرەنسیپی هاوسەنگی هێز، ئەستەمە عێراق سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە ببینێت ، پەیرەو كردنی دیموكراسیەتیش دەبێ لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەری و هاووڵاتیبوون دامەزرابێت ، نەك لەسەر بنەمای  زۆرینە كە سەركردە شیعەكان دەیانەوێت پەیڕەوی بكەن ، بۆیە نەهاوپەیمانیەتی كوردو سوننە دژ بە شیعە نەهاوپەیمانیەتی شیعەو سوننەیش دژ بە كورد ،ئاسایش و سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ عێراق ناگێرێتەوە ،لەبری ئەوەی پێكهاتەكان بیر لە هاوپەیمانیەتی دژ بە یەكتر بنیات بنێن واباشترە بیر لە  شەراكەتی ڕاستەقینەو بەشداری كارای یەكتر لە پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە عێراق بكەنەوە ، كورد و شیعە و سوننە و پیكهاتەكانی تر پێكەوە وەكو یەك تیم كار بكەن و زەمانەتی مافی یەكتر بكەن ، هەرچەندە عێراق بە درێژایی مێژووچ وەك و دەوڵەت وچ وەكو دەسەڵات یەكپارچە و یەكگرتوو نەبووە و هەموو هەوڵ و تەقەلاكان نەیانتوانی گەلێكی عێراقی و عێراقێكی یەكپارچە و سۆزی هاونیشتمانی‌ بوون لەلای‌ نەتەوە جیاواز و ئاینزاكان بنیات بنێن.

دانا مەنمی 


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە