تكايه‌ وەزارەتی ڕۆشنبیری ئه‌م مەهزەلەی زانیاری گەیاندنه‌ ڕابگرن!!!

22/03/2020

یاسین نادر ڕەحمان


 هاوڕێییەکم تێلی بۆ کردم و وتی، بەوخوایە حەزدەکەم تووشی ڤایرۆسەکە ببم و خەڵاس... یان تیائەچم یان زیندوو لێی دەردەچم، ئەو بەردەوامی بەقسەکانی داو وتیشییەوە، بەس نییە ئیتر ئەوەندە هەواڵی ناخۆشی ئەم کەناڵانەی خۆمان کە بەتایبەت ژێرنووس دەکرێن و یەکێک دەڵێ (بەپەلە، بلەز، نها، ئێستا، هەر ئێستا)یە نابینم و نابیستم و منداڵەکانم لای دایەگەورەیان بەدەنگی بەرز نایخوێننەوە و تۆقین و تۆقاندنی دوو ئەوەندەی تر لێناکەن، دایەیەک کە نەخۆشی شەکرەو زەخت ....لەم کۆتایی تەمەنەیدا تەنگی پێ هەڵچنیوە.

چیرۆکی هاوڕێکەم، چیرۆکی لە70%ی خێزانەکانی کوردستانه بۆ دووری بۆ بچین، کێ هەیە لەم کوردستان و عێراقەی خۆماندا پاش مەینەتێکانی ژیانی ئەوەندە مێشک ئاسوودە بێت، کە لە تەمەنەکانی سەرووتر تووشی ئاوا نەخۆشیی گەلێک نەبووبێت و ساغلەم لە ئاوا دۆخ و  نەخۆشییەکی گوازراوە وەک پەتای ڤایرڕۆسی‌کڕۆنا لەمڕۆدا دەربچێت.
کەبەپێی ئامارەکان ڕێژەیەکی زۆری تەمەنەکانی سەرووتر کە ئاوا نەخۆشی گەلێکیان هەیە، توانای بەرگری ئاوا ڤایرۆسێکیان لە جۆری خراپیدا ناگرن و بەهۆیەوە ڕەنگە گیان لەدەست بدەن؛ یانیش گەر زیندوو مانەوە لەپاڵ موعجیزەی خودایی ئەو ڕۆحیەی پێشووی ژیانیان بۆ نامێنێت و جەستە لاوازتریان لەدوای قۆناغی تێپەڕاندنی ڤایرۆسەکە دەکات.

لەماوەکانی ڕابردوودا ڕێنمایی و ڕاسپاردەی زۆر بۆ کەناڵەکان لەلایەن حكومت و وه‌زاره‌تى وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە به‌تايبه‌ت ڕاسپاردە کرا، بەڵام وەخته ڕادەی تۆقاندنەکەیان لە ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بۆ هاوڵاتیان زیاتر‌ دەبێت و لەڕادە دەردەچێت.

ئیتر جیاواز لە پزیشک و پسپۆڕان لەم نێوەندەشدا، شرۆڤەی هەندێک بەناو پاڵەوانی فەیسبووک و لایڤەکانیش بوەستێت، كى یەکێك دەڵێت: فشەیەو یەکێ گۆرانی بەباڵایەوە دەڵێت و یەکێکیتر وڵاتەکەی خۆی لەدەرەوە گیری خواردووە بەدەست پەتا ڤایرۆسیەکەوە، بەڵام لە ئێمە بووە بە پڕۆفیسووری زانیاری گەیاندن و وەک ناحاڵێک لەژیان ئێمە تێدەگەیەنێت، لەکاتێکدا وەختە بلیتی گەڕانەوە بۆ کوردستان بەهۆی دۆخی کونتڕۆڵنەکراوی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتەکانیان دەبڕن و دەگەڕێنەوە(ئەگەرچی وڵات و ماڵی خۆیانە) بەڵام شرۆڤەی نابەرپرسانەکردن هەڵەیەو کارەساتەو ئیشی هەموو کەسێک خۆ نییە.

من بیستم وڵاتانی ئەوروپاو چین بەتایبەت قەدەغەی لێدوانیان لەخەڵکی نەشارەزا و ناپسپۆڕ جگە لەپزیشکان و ڕێگەپێدراوانی تەندروستی کردووە؛ کە سزای توندیان لە ئاوا کارانێک دەدات، چونکە زۆرجار قسە ئەوەندەی ئیجرائاتێکی یاسایی کاریگەرە و دۆخەکان بەرەو ئاراستەی قسەکان دەگۆڕێت.

با تۆڕەکانی فەیسبووک بەتایبەت و ئینیستاگرام و توویتەر و شرۆڤەو وێنەو ڤیدیۆ نامۆکانی ئه‌وانيش بووەستێت، کە ئامادەن بۆ لایک و کۆمێنتێک، دۆخی شارێک و ناوەندێکی حکومیی ناشیرینتر بکەن و دوو ئەوەندەیتر خەڵک مێشک ئاڵۆز‌تر بکەن.

وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێستا با تاقانە پێشنیاری بۆ لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ئەوە بێت کە یان هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی سنووردارانه‌ دابخەن یا لەڕێگای جۆراوجۆرەوە چاودێری پەیامی هەندێک ئەکاونت و پەیج و گوفتی نابەرپرسانە لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە بکەن، یان تکایە لایڤ و ژێرنووسی بەپەلەی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و هەندێک پێگەو سایتی نابەرپرس ڕابگرن؛ کە دۆخەکە لە تۆقین و تۆقاندنەوە بەرەو دۆخی شڵەژاوی ناخۆش لەبەرگری جەستەو دڵەڕاوکێ هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان وا دەبەن.

ئیتر ئەو کاتەیە هەموان بە ڕاگەیاندن و هاوڵاتی ئاسایی و نائاسایی و بەرپرس و نابەرپرس دەتوانین بڵێین: پابەندین بەڕێنماییەکان و وا به‌ پابەندیش دەمێنینەوە و پشتیوان بەخودا بەڵاو نەخۆشی و ناخۆشی لێمان دوور دەبێت و بەهیمەتی هەموولایەکمان بەسەری ئه‌م به‌ڵا نه‌خوازراوه‌دا زاڵ دەبین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی