لە بەردەم قایمقامیەتی هەولێر

24/03/2020

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

رۆژی دووشەممە  23ی 3 ی 2020 ، سەدان هاوڵاتی هەولێر ، زۆر بە شێوەیەكی شارستانی ڕیزیان بەستبوو ، بۆ وەرگرتنی پسوڵەی ڕێگەپێدانی هاتوچۆ ، ئەوانە ، و هەزارانی تر لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان ، ِروژانە بژێوی ژیانیان پەیدا ئەكەن ، یەكەم جاریانە بۆ پەیداكردنی قووتیان ئیشیان بە حكومەت بێت ، زۆربەیان بە خۆیانەوە نەبینیوە (خێر) و ( یارمەتی) و (باربۆ) دەرخواردی منداڵەكانیان بدەن ، فێرنەبوون هیچ شتێك لە كەس وەربگرن ، ئەم هەزارانە ، ئەمرۆ دوچاری ترسێكی نوێ بوون ، لە پاڵ قەیرانە زۆر و زەوەندە كانی تری ژیانیان ، ئەویش ترسە لە بەهەدەر چوونی كەرامەتیان (بە ناچاری) بەرامبەر بە برسێتی .

ئەمە ئەوە ناگەێنێت ، خێرخوازانی كوردستان درێغییان لە یارمەتیدانی كەس كردبێت ، ئەوەندەی توانیبێتیان ، بەڵام ئەوەی پێویستە لێرەدا بوترێت ئەوەیە كە دەبوو (خێرخوازانی كۆمەك بەخش) كە هەمیشە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ سەركردایەتی حوكمڕانی هەرێمدا هەیە ،  بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت بكەن بۆ دامەزراندنی (دەزگایەكی كۆمەك بەخشی نیشتمانی) تا بە یەكسانی و بێ جیاوازی و بەبێ منەت ، یارمەتی بەسەر هاوڵاتیاندا ببەخشن ، تا پێویستی و برسێتی هاوڵاتیان نەكرێت بە بەرنامەی پێشبڕكێی نێوان گەورە كۆمپانیا و ڕێكخراوە حزبیەكان .

ڕاگرتن و پاراستنی كەرامەتی هاوڵاتیان لە پاڵ یارمەتیدانیان ئەركی حكومەتە ، بە پێچەوانەشەوە ، بەهەدەردانی كەرامەتیان دوا وێنەی ناشیرینی نابەرپرسیاریەتییە .   

لە كۆتاییدا داواكارم لە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم ، لە زووترین كاتدا ، فەرمان بە دامەزراندنی (دەزگای كۆمەككردن) بدات .

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی